02/03/2019
کەمال محەمەد
407 جار بینراوە

سەردەمی یەکتر قبوڵنەکردن

له‌ ڕه‌وشێکی وەھادا کەشێکی بەرفراوانی یەکتر قبوڵنەکردن زاڵە، ئەمە ئامارێکە لە مێژووی سیاسی کوردیدا ھیچ ھێزێک ھێزەکەی دیکەی پێ قبوڵ نەبوە، ھێزە سیاسییەکان لەھەر ساتێکدا بۆ ئەوەی دەسەڵات بەلای خۆیاندا بشکێننەوەو پێگەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و فیکری بۆ خۆیان بەدەست بھێنن بەردەوام لە ناو شەرێکی ئایدۆلۆژی و کرداریدا بون، ئەم یەکتری قبول نەکردنە  بۆ گەرەنتیکردنی کەڵەکەکردنی سەرمایە و بەھێزکردنی دەسەڵاتیان ئەگەرێتەوە کەوای کردوە ھەرێمەکە تائێستاش بەسەر دو زۆندا دابەش ببێت، دابەشبونی ھێزی پێشمەرگە و ئابوری ئەم ھەرێمە بەسەر دووھێزی دەسەڵاتداری ئەم ھەرێمە خۆی لە خۆیدا ملنەدان و قبوڵنەکردنی بڕگە و بنەماکانی ئەوی دیکەیە بۆ سیاسەت و حکومڕانی.

لە ھەرێمی کوردستانی ئەمڕۆماندا ھێزە سیاسییەکان ناتوانن ئەو عوقدەیە تێپەر بکەن کە قبوڵنەکردنە، کە ھۆکاری بنبەستبونی بەردەم کامڵبونی سیستەمێکی ھاوچەرخە لە دنیای سیاسیدا، ئەمەش گوزارشت لەو راستییە دەکات کە ئەنجامدانی سیاسەت لەناو کۆمەلگای ئێمەدا چەندە سەختەو (پۆلۆتیکا) سنوردار کراوە ،قبوڵنەکردنی ھەڵبژاردنێکی پاک و دور لە ساختەکاری و رێگەنەدا بە ھێز و ئۆپۆزسیۆنێکی ئەڵتەرناتیڤ خاڵیکردنەوەی مەیدانی سیاسی دیموکراتی و یەکتر قبوڵکردنە .

ھەرلە سەرەتاوە سۆسۆلۆژیای سیاسی و دنیا بینی ھێزە سیاسییەکان بارودۆخیانی خستۆتە ناو ترس و دڵەڕاوکێیەکی قوڵ و سەختەوە کاتێک روبەروی رەخنە یان ناڕەزایی بوبێتەوە لە جیاتی چارەسەری کێشەکان سەرکوتیان ئەکات لەبەر ئەوەی بۆخۆی ببێتە گەورەترین دەسەڵات، لێرەدا ناوەرۆکە فاشیزمیەکەی بەدەرئەکەوێت کاتێک خۆیان ئایدۆلۆژیا و رەوابینی پێشکەش دەکەن و مەشروعییەت بۆ دەسەڵاتیان بەدەست دێنن و مانەوەیان لەدەسەڵاتدا بەشایستەیی خۆیان بینیوە .

کاریگەرییەکانی یەکتر قبوڵنەکردنی ئەم دوو ھێزە گەیشتۆتە ئاستێک لەسەروبەندی پێکھێنانی کابینەی  نوێدا زیاتر سەرنجمان رائەکێشێت  بەوەی مافی رێکەوتن و شەر و دەسەڵاتدارێتی بۆ خۆیان بە ھەمیشەیی و باڵادەست دائەنێن و بۆ ھێزەکانی دەرەوەی خۆیان بەرەوای نابینن، دەشێت ھەمان بۆچون لە ململانێکانی ئەم ھێزانە لە بەغداو کەرکوکیش  بسەلمێنرێت و تا دەرەوەی ھەرێمیش رەنگدانەوەی ھەبێت، دەبێت خاڵی ناکۆکی ئەم ھێزانە چی بێت کەوای کردوە ھەرێمی کوردستان لەو ھێزە خۆییە بێبەشکراوە، کە بتوانێت لەبواری جوگرافی و سیاسی و نەتەوەیی بونەوە بەرگری لە خۆی بکات.

ئەم کەلتوری قبوڵنەکردنە تەنھا لە نێوان ھێزەکانەوە نەوەستاوە بەڵکو شۆڕ بۆتەوە بۆ نێو خودی حیزبێک و بوە بە نەریت، بە جۆرێک کاریگەری نەرێنی لەسەر بریار و یەکدەنگی بۆ پرسە سیاسی و ستراتیژی و دەسەڵاتدارێتییەکان دروست کردوە، تەنانەت گەورەترین ھێزی پروپاگەندی میدیاییان توانای پەردەپۆشکردنی ئەم راستییەی نییە .بۆیە ئەگەر رەتکردنەوەی ئەم ھێزانە لە مێژدا کاریگەری خراپی بەدوای خۆیدا ھێنابێت، ئەوا بۆ ئێستای سەردەم بە بارێکی دژوارتردا تێ ئەپەرێت و سەرەتای قۆناغێکی نوێیە بۆ نەوەکانی دەسەڵاتی بنەماڵە، بە جۆرێک کاری کردۆتە سەر تەواوی پرسە سیاسی و ستراتیژییەکانی ھەرێمەکەوە، دواجار ئەوەی زەرەرمەندی ئەم بیرکردنەوە لە توانەوەو دژایەتی کردنەیە کۆی ئەو پرۆسە سیاسی و دیموکراتیەیە کە بۆ کۆمەڵگایەکی تەندروست خاوەن ئەخلاقی سیاسی پێویستە .

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP