30/11/2018
عەبدولباری عەتوان
498 جار بینراوە

بۆ پلانی مامه‌ڵه‌ی سه‌ده‌ دواکه‌وتووه‌؟

شکستی کاراکته‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی پلانی مامه‌ڵه‌ی سه‌ده‌ بووه‌ته‌ هۆی دواکه‌وتنی جێبه‌جێکردنی، به‌ تایبه‌ت ئه‌وه‌ی که‌ گرووپه‌کانی خۆڕاگری له‌ که‌رتی غه‌زه‌ پێگه‌ی خۆیان به‌هێز کردووه‌ و سه‌رکه‌وتنی گرنگیشیان به‌ ده‌ست هێناوه‌.
عه‌بدولباری عه‌توان سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌ی ڕای الیوم، شرۆڤه‌ی نهێنییه‌کانی داواکه‌ی ته‌ل ئه‌بیبی بۆ دواخستنی پلانی مامه‌ڵه‌ی سه‌ده‌ کردووه‌ و وه‌ک هه‌میشه‌ چه‌ندین پرسیاری له‌م شرۆڤه‌یه‌ی خۆی خستووه‌ته‌ڕوو.
عه‌توان له‌ سه‌ره‌تادا ئه‌م پرسیاره‌ی ئاراسته‌ کردووه‌ بۆ نتانیاهۆ پاش شکستی له‌ غه‌زه‌، داوای دواکه‌وتنی ڕاگه‌یاندنی مامه‌ڵه‌ی سه‌ده‌ی کردووه‌؟ ئایا ئه‌م پلانه‌ پاش ئه‌و قه‌یرانانه‌ی که‌ دواێنی کاراکته‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی وه‌ک بن سه‌لمانی گرتووه‌ته‌وه‌، به‌ زیندوویی ده‌مێنێته‌وه‌؟ بۆ مه‌حمود عه‌باس نێوه‌ندگێڕی پاشای ئه‌رده‌نی بۆ چاوپێکه‌وتن له‌ گه‌ڵ دوناڵد تره‌مپ ڕه‌تکرده‌وه‌؟ ئایا موڵه‌تی واژۆکردنی ئه‌م پلانه‌ی هه‌یه‌؟
ناوبراو وتی: داواکه‌ی بنیامین نتانیاهۆ له‌ دوناڵد تره‌مپ وه‌ک نزیکترین هاوپه‌یمانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ دواخستنی ڕاگه‌یاندنی ورده‌کاری پلانی مامه‌ڵه‌ی سه‌ده‌ به‌ هۆی ئه‌و قه‌یرانه‌ سیاسییه‌ی که‌ له‌ پاش شکسته‌ سه‌ربازی و هه‌واڵگرییه‌که‌ی ئه‌م دواییه‌ی که‌رتی غه‌زه به‌رۆکی گرتووه‌‌، ئێمه‌ تووشی سه‌رسوڕمان ناکات. سه‌رجه‌م کاراکته‌ره‌کانی ئه‌م پلانه‌ له‌ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا، سه‌رۆکی ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری فه‌ڵه‌ستین تا محه‌ممه‌د بن سه‌لمان جێنشینی سه‌عوودیا که‌ ڕۆڵی به‌رچاوی تێدا ده‌بێت، ڕووبه‌ڕووی هه‌لومه‌رجێکی دژوار بوونه‌ته‌وه‌.
به‌رپرسێکی باڵای ئه‌رده‌ن له‌ ده‌ ڕۆژی ڕابردوو به‌ ڕۆژنامه‌ی ڕای الیوم ی ڕاگه‌یاند که‌ تره‌مپ په‌یوه‌ندیی به‌ لایه‌نه‌کانی کاریگه‌ر له‌م پلانه‌دا کردووه‌ و هه‌وڵ ده‌دات تا کۆتایی مانگی نۆڤمبێر به‌ فه‌رمی ڕایبگه‌ێنێت. ئه‌م به‌رپرسه‌ که‌ له‌ سه‌ر داوای خۆی ناوه‌که‌ی ئاشکرا نه‌کراوه‌، وتی که‌ پاشای ئه‌رده‌ن هه‌وڵێکی زۆری داوه‌ کۆبوونه‌وه‌ی نێوان دوناڵد تره‌مپ و مه‌حمود عه‌باس له‌ په‌راوێزی دانیشتنه‌کانی کۆڕی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ساز بکرێت به‌ڵام سه‌رۆکی ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌ڕێوبه‌ری فه‌ڵه‌ستین ئه‌مه‌ی ڕه‌تکردووه‌ته‌وه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ناوبراو پێی وایه‌ که‌ کۆبوونه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا به‌ بێ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌ بڕیاری گواستنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌م وڵاته‌ بۆ قودسی داگیرکراو، به‌ مانای به‌ فه‌رمی ناساندن یان قبووڵکردنی مامه‌ڵه‌ی سه‌ده‌ و ئاماده‌یی دانوستانه‌ سه‌باره‌ت به‌ بڕگه‌کانی.
نتانیاهۆ له‌ قه‌یرانی ئه‌م دواییه‌ی کابینه‌که‌ی پاش ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ی لیبه‌رمه‌ن که‌ شکستی هێزه‌کانی له‌ که‌رتی غه‌زه‌ و شکستی پرۆسه‌ هه‌واڵگرییه‌کانی یه‌که‌ی تایبه‌تی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی شاری خاون یۆنس پێگه‌یی ڕووخاند، به‌ سه‌ر ده‌بات. ئه‌ویگدۆر لیبرمه‌ن هه‌وڵی ئه‌وه‌یدا به‌ گه‌ڵاڵه‌کردنی ئه‌وه‌ی که‌ داوای به‌رده‌وامی شه‌ڕی دژ به‌ غه‌زه‌ ده‌کات تا گرووپه‌کانی خۆڕاگری له‌ ناو ببات، تاوانه‌کانی ئه‌م ڕژێمه‌ په‌رده‌پۆش بکات. به‌ڵام بژارده‌ پێشکه‌شکراوه‌که‌ی وه‌ک خۆکوژییه‌ک بۆ نتانیاهۆ بوو که‌ له‌ ئاکامدا ڕه‌تیشیکرده‌وه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ له‌وه‌ ئاگادار بوو که‌ تێچووه‌یه‌کی سیاسی و مرۆڤی هه‌ره‌ زۆری بۆ ڕژێمی زایۆنیستی ده‌بێت، ئه‌ویش به‌ هۆی سه‌رکه‌وتنی گرووپه‌کانی خۆڕاگری له‌ بواری سه‌ربازی به‌ تایبه‌ت توانا مووشه‌کییه‌کان که‌ سه‌رکوتووانه‌ به‌ربه‌سته‌کانی ئه‌م ڕژێمه‌ی تێپه‌ڕاندووه‌.
تره‌مپ وه‌ک پێشکه‌شکار و جێبه‌جێکاری پلانی مامه‌ڵه‌ی سه‌ده‌ ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانێکی ناوخۆیی و ده‌ره‌کی بووه‌ته‌وه‌. کۆنگرێسی ئه‌مریکا دژایه‌تی هه‌وڵه‌کانی ناوبراو بۆ پاڵپشتی له‌ سه‌عوودیا و جێنشینه‌که‌ی له‌ دۆسیه‌ی کوژرانی جه‌مال خاشقچی ده‌کات. له‌وه‌ش مه‌ترسیدارتر، ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ناوخۆی کۆنگرێس، به‌ پاڵپشتی میدیاکان و میدیاکاران، ده‌نگێک ده‌بیسرێت که‌ داوای لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌ داراییه‌کانی دوناڵد تره‌مپ و زاواکه‌ی له‌ گه‌ڵ سه‌عوودیا ده‌که‌ن.
جێبه‌جێکردنی پلانی مامه‌ڵه‌ی سه‌ده‌ یان به‌شێک له‌ بڕگه‌کانی، پێویستی به‌ واژۆی مه‌حمود عه‌باس وه‌ک سه‌رۆکی ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری فه‌ڵه‌ستین و ڕێکخراوی ئازادیخوازی ناسراو به‌ ساف هه‌یه‌ به‌ڵام دوو به‌ربه‌ست ڕێگری له‌م واژۆیه‌ ده‌کات: یه‌که‌م، دژایه‌تیکردنی پلانی مامه‌ڵه‌ی سه‌ده‌ له‌ لایه‌ن مه‌حمود عه‌باسه‌وه‌ که‌ به‌ هاوڕێکانی ڕاگه‌یاندووه‌ نایه‌وێت وه‌ک خیانه‌تکارێک به‌ ئامانجه‌کانی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین بمرێت. دووه‌م ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و به‌ ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتی بزوتنه‌وه‌ی فه‌تحی هه‌یه‌ و سه‌رجه‌م گرووپه‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌کان هێشتا له‌ ژێر چه‌ترێکی یه‌کگرتوو به‌ سه‌رۆکایه‌تی عه‌باس کۆ نه‌بوونه‌ته‌وه‌.
له‌ کاتێکدا که‌ تره‌مپ محه‌ممه‌د بن سه‌لمان جێنشینی سه‌عوودیا به‌ پاڵپشتی پلانه‌که‌ی ناو بردووه‌، ده‌بینین که‌ به‌راورد به‌ کاراکته‌ره‌کانی دیکه‌ له‌ دۆخێکی قه‌یراناویدایه‌، بن سه‌لمان به‌ هۆی ده‌ستێوه‌ردان له‌ دۆسیه‌ی کوژرانی خاشقچی ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ری لادانی له‌ پۆسته‌که‌شی له‌ ئارادایه‌. ڕاپۆرته‌کانی هه‌واڵ له‌ ئیسرائیل ئاشکرایان کردووه‌ که‌ محه‌ممه‌د بن سه‌لمان وه‌ک ڕێکخه‌ری سه‌ردانه‌که‌ی بنیامین نتانیاهۆ بۆ عۆمان و دواتر به‌حره‌ین، له‌ ڕاستیدا له‌ پشته‌وه‌ی پیلانی ئاساییکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ئه‌م ڕژێمه‌ و وڵاتانی عه‌ره‌بییه‌ که‌ ڕووبه‌ڕووی شه‌پۆلێکی ناڕه‌زایه‌تی به‌ تایبه‌ت له‌ ناوخۆی وڵاته‌که‌شی بووه‌ته‌وه‌.
پیلانی ئاساییکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و وڵاتانی عه‌ره‌بی ناوچه‌ی که‌نداوی فارس که‌ خێراییه‌کی که‌م وێنه‌ی پێوه‌ ده‌بینرێت، به‌ ئامانجی دابینکردنی دوو پرسی سه‌ره‌کی جێبه‌جێ ده‌کرێت: یه‌که‌م، مامه‌ڵه‌ی سه‌ده‌ و به‌هێزکردنی پێگه‌ی ناوخۆیی نتانیاهۆ و پاراستن و مانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی ده‌سه‌ڵاتداری ڕژێمی زایۆنیستی. دووه‌م، سه‌رکردایه‌تی ئیسرائیل له‌ پرۆژه‌ی ناتۆی عه‌ره‌بی.
له‌ ئاکامی ئه‌م شکستانه‌ش، ئاساییه‌ که‌ پلانی مامه‌ڵه‌ی سه‌ده‌ دوا بکه‌وێت، به‌ تایبه‌ت ئه‌وه‌ی که‌ لایه‌نی به‌رامبه‌ر، واته‌ گرووپه‌کانی خۆڕاگری پێگه‌ی خۆیان به‌هێز و سه‌رکه‌وتنی زۆریان مسۆگه‌ر کردووه‌. لێردا پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌ هێرشه‌ مووشه‌کییه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس بۆ سه‌ر شارۆچکه‌ جوله‌که‌نشینه‌کان بده‌ین که‌ ترس و دڵه‌ڕاوکێی زۆری خسته‌ شه‌قامی زایۆنیستی و به‌ گه‌وره‌ترین سه‌رکه‌وتن بۆ فه‌ڵه‌ستینییه‌کان هه‌ژمار ده‌کرێت.
سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکا و وڵاتانی عه‌ره‌بی ناوچه‌ی که‌نداوی فارس که‌ ده‌یانه‌وێت وه‌ک دۆسیه‌ی خاشقچی، ئامانجه‌کانی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین له‌ ناو ببه‌ن، ئه‌نجامی پێچه‌وانه‌ی ده‌بێت و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی تاران و به‌ره‌ی هاوپه‌یمانی هه‌نگاو ده‌نێت. ساڵح عاروری جێگری ئیسمائیل هه‌نیه‌ که‌ له‌ لایه‌ن ئیداره‌ی تره‌مپه‌وه‌ خراوه‌ته‌ لیستی تیرۆره‌وه‌ و ته‌نانه‌ت خه‌ڵاتیش بۆ پێدانی زانیاری سه‌باره‌ت به‌ شوێنی نیشته‌جێبوونی دیاری کراوه‌، به‌ سه‌رۆکایه‌تی شاندێکی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس سه‌ردانی قاهیره‌ ده‌کات. سه‌ید حه‌سه‌ن نه‌سرووڵا ئه‌مینداری گشتی حیزبووڵای لۆبنان که‌ له‌ هه‌مان لیستی تیرۆری ئه‌مریکادایه‌، کلیلی پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی لۆبنانی له‌ ده‌ستدایه‌ و 150 هه‌زار مووشه‌کیشی هه‌یه‌ که‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی جیدی له‌ سه‌ر ئیسرائیل هه‌ژمار ده‌کرێت، له‌ کاتێکدا که‌ ته‌نیا وه‌زیره‌کان و شانده‌ وه‌رزشی و بازرگانییه‌کانی ڕژێمی ئیسرائیل سه‌ردانی پایته‌ختی وڵاتانی عه‌ره‌بی ناوچه‌که‌ ده‌که‌ن.
هاوکێشه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌کان به‌ره‌و گۆڕانکاری ده‌ڕۆن و مامه‌ڵه‌ی سه‌ده‌ له‌ ژووری نه‌شته‌رگه‌ریدایه‌ ، پیلانی کاراکته‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی له‌ ئاکامدا بۆ خۆیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. داهاتوو هه‌موومان بۆ ڕوون ده‌کاته‌وه‌.

س/جام کوردی

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP