18/07/2018
عەبدولباری عەتوان
397 جار بینراوە

ئێران ڕێگریی لە کەوتنی سوریا و عێراق کرد


عەبدولباری عەتوان بە ئاماژە بە بوونی ئێران لە ناوچەکە بە تایبەت سوریا و عێراق و هەروەها سەردانەکەی عەلی ئەکبەر وەلایەتی بۆ مۆسکۆ وتی: ئەگەر ئێران نەدەبوو، ئەلبەغدادی عێراق و سوریای کۆنتڕۆڵ دەکرد.
عەتوان ئەم بەشەی لێدوانەکانی وەلایەتیی وەک گرنگترین بەشی وتارەکەی ناوبراو بردووە.
ئەم شرۆڤەکارە بەناوبانگەی جیهانی ئیسلام لێدوانەکانی عەلی ئەکبەر وەلایەتیی وەک ڕاستی و پێناسەیەکی ڕوون لە دۆخی ئێستای سوریا و عێراق ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەم لێدوانە هەڵگری پەیامێکی ڕوونە بۆ ڕژێمی زایۆنیستی کە ئەگەر ئێران لە سوریا بکشێتەوە، مەترسی زاڵبوونی تیرۆر جارێکی دیکە ڕوو لەم وڵاتە دەکاتەوە.
عەتوان لە درێژەدا وتی: خاڵێکی دیکە کە وەلایەتی ئاماژەی پێ نەداوە، ئەوەیە کە هەر دوو حکومەتی سوریا و عێراق چ لە ڕابردوو و چ لە ئێستادا داوای کشانەوەی هێزەکانی ئێرانیان نەکردووە و ڕەنگە لە داهاتووشدا داواکاری وەهایان نەبێت، لە بەر ئەوەی کە هەمووان دەزانن ئەم پرسە کاردانەوە و پاشهاتی مەترسیداری بە دواوە دەبێت.
ئەم شارەزایەی کاروباری جیهانی عەرەب گوشارەکانی ئێستای ڕژێمی زایۆنیستیی سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئێران لەم دوو وڵاتە بە پێی لێکدانەوەیەکی هەڵە زانیوە و بە بۆچوونی ناوبراو ئەوەی کە ئیسرائیلییەکانی نیگەران کردووە تەنیا بوونی ڕاوێژکارانی سەربازی ئێران لە سوریا نییە بەڵکوو حیزبووڵا لە سوریا، حەشدی شەعبی و حیزبووڵای عێراقی و بزوتنەوە ئیسلامییەکانی ئەفغانستان و پاکستان و هەروەها بزوتنەوەی ئەنسارووڵای یەمەنە.
عەتوان بە ئاماژە بەوەی کە بە بەرزکردنەوەی هەناردەی زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی سەعوودیا لە ساڵی ٢٠١٤، نرخی هەر بەرمیلێکی ئەو کاتە لە ١١٩ دۆلار زیاتر لە ٣٠ دۆلار دابەزی، ئامانج لەم هەنگاوەی سەعوودییەکانی بۆ گوشارێکی ئابوری لە سەر ئێران و ڕووسیا گەڕاندەوە و جەختی کردەوە: ئەم هەنگاوە ئەنجامی پێچەوانەی هەبووە و زیاترین زیانی بە سەعوودیا و وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس گەیاند و بەم کاریگەرییەش لە سەر کەرتی ئابوری ئەو وڵاتانە، شەپۆلی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان پەرەی سەندووە.
ناوبراو ڕوونیکردەوە: پاش تێپەڕبوونی چوار ساڵ جارێکی دیکە و بە هەوڵی ئەمریکا هێماکانی هەمان سیناریۆ سەبارەت بە گەمارۆی نەوتی ئێران دەرکەوتووە بە هیوای ئەوەی کە ئەمجارە شکستەکانی ڕابردووش قەرەبوو بکەنەوە، بەڵام ئەگەری سەرکەوتنی ئەوان لە ئێستاشدا لاوازە و ئەنجامەکانی بە پێچەوانە و ڕۆخێنەر دەبێت لە بەر ئەوەی کە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ و پێکدادانی سەربازی لە ئارادایە و تەنانەت مەترسی پەلکێشکردنی ناوچەکەش بۆ ئەم شەڕە پێش بینی دەکرێت.
ڕای الیوم لە ڕاپۆرتەکەی خۆی، بوونی ڕاوێژکارانی سەربازی ئێرانی لە سوریا و عێراق وەک هەنگاوێکی بەرەنگاربوونەوەی پیلانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی تاران ناو بردووە.

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP