13/05/2019
فارس نەورۆڵی
399 جار بینراوە

دەوڵەتمەدار بڕوا بڕوانامە ئەخلاق

سیاسەت واتە مامەڵە لەگەڵ واقیعێکدا کە لە بەرژەوەندی باڵای نیشتیمان وچاکەی گشتی دا ، بەڵام ئەوەی ھەندێک کەس و لایەن ممارەسەی دەکەن فۆڕمێکی شێواوە لە سیاسەت و تەنھا بۆ چاوبەستن و شێواندنی ڕای گشتی یە ، دوای ڕێکەوتنی لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردن دوای گفتوگۆیەکی دوورودرێژ گەیشتنە ڕێکەوتن بۆ پێکھێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم، پەرلەمان کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا، بەزۆرینەی دەنگ یاسای سەرۆکایەتی پەسەند کرا ، چەند لایەنێک کە بەشدارنین لە حکومەت یان فەرموویان لێ نەکرابوو دەنگیان نەدا ، لەھەمان کاتدا ھەندێ کەس لێرە و لەوێ کەوتنە تەقە بە بیانوی جیاجیا ، ھەندێک بەبێ تێگەیشتن لە ئەرکی فەرمانڕەوا و فەرمانڕەوایەتی وتیان سەرۆکی حکومەت و ھەرێم بڕوانامەی نیە ، من پرسیارم نەکردووە بزانم بەڕێز (نێچیرەوان بارزانی) ئەو ماوەیەی لە ئێران بووە خوێندویەتی یاخود نا ، بەڵام دەزانم فارسیەکی باش و ئینگلیزیەکی باش قسە دەکات، بۆیە دەمەوێ بەوانە بڵێم کە ئێوە تەنھا بۆ خۆ دەرخستن ، بەردەوام باری دەرونی خەڵک دەشێوێنن ، ئەوانە بە ئیحساس قسە دەکەن نەک بە ئەقڵ ئەمەش بۆ تێکدانی ئیحساسی خەڵکە ، لە ڕاستی دا دەکرێ ئەمە ناو بنێین جەھل بەخود ، ئەگینا ئەوانەش ئەو قسانە دەکەن دەزانن (نێچیرەوان بارزانی) پەکی لەسەر بڕوانامە نەکەوتووە بۆ بەڕێوە بردنی وڵات ، لە پێگەی سەرۆکایەتی ھەرێم دا، چونکە ئەزمونێکی دەوڵەمەندی ھەیە لە بەڕێوەبردن و دبلۆماسیەت دا ، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو ماوەیەی (نێچیرەوان بارزانی) حوکمڕانی  یان سەرۆکایەتی حکومەتی دەکرد پەیوەندی حزبەکان لە خراپترین دۆخی بێمتمانەیدابوون لە ھەموو ڕوویەکەوە ، ئەوە (نێچیرەوان بارزانی) بوو توانی تەجاوزی دۆخی بێ متمانەی بکات و حزبەکان کۆبکاتەوە و دور لە نەفەسی حزبی فەرمانڕەوای بکات ، وەزیرەکانی حکومەت لە یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ ئەو شاھیدیە دەدەن ، کە (نێچیرەوان بارزانی) ئەندازیاری دروست کردنەوەی متمانە بوو ، جگە لەوە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ھەموو کەس ڕۆڵی دبلۆماسیەتی (نێچیرەوان) ی لەبەر چاوە کە بە بڕوایەکی پتە و ئیدارەی ئەو قەیرانەی کرد ، ئەمە ئەوەمان پێ دەڵێ بڕوا لە پێش بڕوانامەوەیە، جگە لەوە لە مومارەسە کردنی دا ، تیمەکانی چەندان بڕوانامەی بەرزی تێدایە  ، حاڵەتی واش لە سیاسەت دا دەگمەن نیە . (جۆن مێجەری) سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا تا شەشی سەرەتایی خوێندبوو ، لە لایەکی دیکەوە  بەڕێزیان لە کابینەکانی ڕابردوودا حزبی کوردی نەماوە دەنگی پێ نەدابێ ، بۆ سەرۆکایەتی حکومەت و پێشی ڕازی بوون ، کەواتە دروست کردنی ئەم ھەرایە تەنھا بۆ بازاڕ گەرمی حزبی و نا لۆژیکی ، لە خوێندنەوەی واقع دایە ، گەر نا پرسیاری فەلسەفەی سیاسی ئەوەیە چۆن حوکم دەکرێ ، بۆیە لەسەر ھەموو لایەک پێویستە بەدوای بەرژەوەندی خەڵک بن ، بۆ چاک کردنی بازاڕ بۆ ڕێککردنی کایەی تەندروست و پەروەردە و خوێندنی باڵا ، ئەو مەسەلانەی پەیوەندی بە ژیانی خەڵکەوە ھەیە لەسەر ڕۆشنایی گیروگرفتەکانی ڕۆژ قسە بکەن و بە دوای جوگرافیا لەبیرکراوەکانی ژیان دا بگەڕێن ، نەک نەزانن چۆن دەست پێدەکەن و چۆن کۆتای پێ دێنن ، بە مەرجێ ئەزمونێکی شکست خوارد و لەم بارەوە ھەیە کە دژایەتی ناڕەوای ناوخۆمان کرد ، لە بیریشتان نەچێ ئەوانەی پێشتر گوایە بڕوانامەیان ھەبوو سەرکردایەتی ھێز گەلی سیاسی یان دەکرد ، بۆ چاکسازی دیمانن بۆ بەرژەوەندی خۆیان گەیشتنە کوێ و چیان کرد و چۆن شێواندیان و بۆ بەرژەوەندی خۆیان ، بەسەر بەرژەوەندی خەڵکدا پەڕینەوە ، دەبێ ئەوەش بڵێم بڕوانامە گرنگە ، بەڵام بڕوا گرنگترە و سەرکردەکان پیاوی کردارن نەک بیر، نوخبە بیری بۆ دەکەنەوە و  پێشنیاری دەخەنە بەرچاو، ژیانیش وەستایی یە بۆلای وەستا ، ھەموو لایەکیش جێ دەست و پەنجەی (نێچیرەوان) دەبینن لەسەر ڕووداوەکانەوە بۆ چاکەی گشتی ، بۆیە ئەوانەی خەریکی ئەم جۆرە بازاڕگەرمیەن غیابی لۆژیک لای ئەمانە ئەسڵی بەڵاکەیە، بۆ داھاتوو ئەگەر بەم جۆرە سیاسەن بکەن ئیتر خەڵک ڕێگایان لێ دەگرێت و پێیان دەڵێ ئەمە کایەی ئێوە نیە ئەوەش ئەھلی کایە یەک نەبێ نابێ دەستکاری بکات و بۆیە وا باشە ئەم بەیتەی  نالی بخوێننەوە کە دەڵێ:

 کە خاکی خاکی دامەن بە، 
وەگـەرنـــا تــۆزێ بەربــادی  
کە ئــاوی ئـاوی گەوھەر بە 
وەگەر نا بڵقی ســـەرئاوی
ڕاستە ھەموو ڕەخنە گرتنێک بۆ ڕاستکردنەوە بێت دەبێ ھەموو لایەک ڕێزی بگرن و جیاوازییەکانمان بە خستنە ڕووی ئەرگۆمێنت بەڕێوەبەرین وەک وڵاتانی پێشکەوتوو ، ئەمەش بەوە دەبێ خۆمان لە ڕق و کینە داماڵین ئەگینا بۆ نا ، ئێمەش وەک میللەتان بە لۆژیک بیربکەینەوە و مومارەسەی ڕەخنە و ڕەخنەسازی لە چوارچێوەی دیموکراسی دا بەڕێوە بەرین ، ئەمە جائیزترین کردارە ئەنجامی بدەین نەک بە ڕق و کینە ئیدارەی بدەین ، وەک حەمدی دەڵێ:
(ھەڵپەڕکێ جایزە بۆ کوردان..  بــێ قـــەزابـێ ڕەحـمـــەخــان .. نـــــایــەڵــێ ھـــــەڵـپەڕیــــن) 
بۆیە باشتر وایە بواربدەین سیاسەت بە دۆخی سروشتی خۆیدا تێ پەڕێ و بە گەمەی بچوکەوە میللەت سەرقاڵ مەکەن ، دواجار ھەموشمان دەزانین لە واقیعدا بۆ دەوڵەت مەداری بڕواو ئەخلاق پێش بڕوانامەیە.

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP