20/04/2019
فارس نەورۆڵی
637 جار بینراوە

​لەڕۆژی ژینگەدا کام ژینگە پاککەینەوە

جوانی سروشت و پاراستنی ژینگە وسروشت وگەشە پێدانی سەوزایی و چاندن و ڕواندن ، پاراستنی پاک وخاوێنی لەزۆربەی ئاینەکان و لەلایەن بیرمەندان و شارەزایانی بواری پەروەردە و کۆمەڵایەتی قسەی لە سەرکراوە و کراوە بەئەرکێکی ئەخلاقی مرۆڤ ، لەھەمان کاتدا ژینگە پارێزی لەجیھاندا بوەتە باس وخواسی ناوەندە سیاسی وئابورییەکان و خەمی حکومەتەکان ، بۆ ئەم مەبەستە ڕۆژێک دیاریکراوە وەک ڕۆژی ژینگە ، لە وڵاتی ئێمەش لەڕۆژی ژینگەدا ، کۆنفرانس و ھەڵمەتی پاککردنەوە ئەنجام دەدرێت، تائێرە کارێکی ئەرێنییە بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە ئایا کام ژینگە پاککەینەوە و بپارێزین لەکاتێکدا کۆی ژینگەکان ڤایرۆسی فەساد لێی داوە؟

ئایا ژینگەی سیاسی پاککەینەوە یان ژینگەی تەندروستی یان ژینگەی ڕۆشنبیری ومیدیایی یاخود ژینگەی پەروەردەو کۆمەڵا یەتی ودادگاکان؟.

ئەگەرلە ژینگەی سیاسی وردبینەوە دەرک بەوە دەکەین کە ڤایرۆس لێیداوە کاتێکیش ژینگەی سیاسی ڤایرۆس لێی دەدا کاریگەری نەرێنی بۆ کۆی ژینگەکانی دیکە دەبێت ، نزیکترین نمونە بۆ ژینگەی سیاسی کوردستان ڕێکنەکەوتنە لەسەر پێکھێنانی حکومەت و لادان لەپێوەرەکانی دیموکراتی و فەرامۆشکردنی دەنگی دەنگدەرانە و گرنگیدان بە بەرژەوەندی حیزبی و گوێنەدانە بەچاکەی گشتی و تێنەگەشتن لەوەی لە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسییەوە ئەرکی سیاسەت چییە لەلایەکی دیکەوە کەسەیری ژینگەی تەندروستی و ژینگەی بازاڕ و خۆراک دەکەیت کارەساتە کە ھەموو جۆرە دەرمانێکی خراپ ساغدەکرێتەوە کەخراپترین کوالیتی ھەیە یاخود لە بازاڕەکان ھەموو جۆرە خۆراکێک تا ئەوپەڕی خراپی جۆری دەفرۆشرێت ھەتا شیری منداڵانیش.

 لەلایەکی دیکەوە سەیری ژینگەی کۆمەڵایەتی بکەین دەبینین متمانە لەناو خەڵکدا لە نزمترین ئاستدایە خەریکە درۆ دەبێتە بەدیلی ڕاستگۆیی، دەتوانین بڵێین تێکدانی ئەم ژینگانە بووەتە مۆدێل و چاولێکەری، لەم بارەیەوە وتەیەک ھەیە دەڵێ (چۆن ھەندێ جار ئازایەتی چاولێکەرییە خیانەتیش چاولێکەرییە) ئاخر خیانەتیش یەک جۆر نیە ئەی ئەمە خیانەت نیە دەیان تەن شیری منداڵان بەناو شیر و بە ناوەڕۆک ژەھر بێنیتە ئەم وڵاتە لەوە خراپتر بێباکی و لێنەپرسینەوە و بەدادگا نەدانی ئەم جۆرە بازرگانانە ئەمەش تەنھا لەبەرژەوەندی ھەندێ بازرگانی چاوچنۆک کە دەبێتە ھۆی ناشیرینکردنی سومعەی حکومەت، بۆڕێگاگرتن لەم پیسییە پێویستمان بە قوربانی دانە.

 دەبێت ئەوەش بزانین ئەم جۆرە بەرژەوەندیانە سیفەتێکی ئاژەڵییە قوربانیدان بۆڕێگەگرتن و لە ناوبردنی ئەم ڤایرۆسە سیفەتی مرۆڤانەیە ئەم جۆرە لە بەرژەوەندی بیرۆکەی سیاسەت و ئابوری سیاسی چاوچنۆکانەیە بەڵام قوربانیدان بۆڕێگەگرتن وپاککردنەوەی ئەم جۆرەپیسییە یەکێکە لەبنەماکانی ئەخلاق ھەتا ئەخلاقیش نەگێڕینەوە بۆسیاسەت بەمانا فەلسەفییەکەی ، ڕۆژ بەڕۆژ ژینگەکان پیس دەبن ئەمەش لەکاتێکدا دەبێت خزمەت وخۆشەویستی بۆ وڵات ببێتە کەلتور و ئەخلاق ، ببێتە چێژ و خۆشەویستی ئەگەر بەم شێوە کارکرا وەک مەگسیم گۆرکی دەڵێ (ژیان تێکڕا دەبێتە بەختەوەری) دواقسە دەکرێ بێژین بۆ پاککردنەوەی ژینگە وسروشتی کوردستان و ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ژینگەی بازاڕ و  بازرگانی و ژینگەی تەندروستی دەبێت دەسکاری سیستمی پەروەردە و ژینگەی پەروەردە و شێوازی ژینگەی دادگا و پاککردنەوەی فەزای ڕۆشنبیری بکەین کەواتە لەڕۆژی ژینگەدا کام ژینگە پاککەینەوە.

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP