24/04/2019
ئاسۆ حاجى
352 جار بینراوە

یەکێتی و یەک کورسی

ھەڵگەڕانەوە لە دیموکراسیەت و رەتکردنەوەی بڕیاری خەڵک ئادگاری دیاری قۆناغی نوێی سیاسین لە ھەرێمی کوردستاندا کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان داھێنەریانە و کردوونی بە واقیع و منەتی کەسیش نازانێت.

کاتێک مەلا بەختیار وتی یەکێتی یەک کورسی و سەد کورسی بھێنێت دەرئەنجام ھەر یەکە و یەکێتی واز لە دەسەڵات ناھێنێت، چونکە ھێزی سەربازی ھەیە، زۆر لە نووسەر و شرۆڤەکار و چاودێر لە مەلا بەختیاریان لە ھەڵادا و بە تاکڕەو و لادەر لە دیموکراسیەت تۆمەتباریان کرد، ئەوە زیاتر لە شەش مانگە یەکێتی بە کردار ئەوەی سەلماند و نیشانی ھەمووانی دا کە دەرئەنجامی ھەڵبژاردن مەگەر تەنھا لە بەرژەوەندی یەکێتی بێت ئەگەر نا ھیچ بەھایەکیان نیە، ئەو شرۆڤەکار و نووسەر و بەرگریکارییانەی دیموکراسیەت نوققەیان لێوەنایەت.

ئەوەی یەکێتی دەیکات تەنھا بە پێکھێنانی کابینەیەکی نوێی حکومەت و پشکی لایەنەکان لەناو ئەو کابینەیەدا گرێ نەدراوە، بەڵکو مەترسییەکی گەورەیە لە سەر ئایندەی ھەرێمی کوردستان بەھۆی لەناوبردنی یەکێک لەو خاڵە گەشانەی کە ھەرێمی کوردستان لە وڵاتانی دیکەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست جیادەکاتەوە کە ھەبوونی بڕێکی باشی دیموکراسیەت و کەلتوری قبوڵکردنی ئەوەی دیکە و پێکەوە ژیانە کە ھۆکارێکی سەرەکی گرنگیدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە بە قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان، لەمەودوا ھەڵبژاردن و دیموکراسیەت و دەستاودەست کردنی دەسەڵات تەنھا دەستەواژە گەلێک دەبن کە لە فەرھەنگی سیاسی کوردستاندا جێگایان نابێتەوە و کەس رێزیان لێ ناگرێت.

ئەگەر شازدەی ئۆکتۆبەری بۆ نەچووبایە سەرێ رەنگە یەکێتی ئێستا جورئەتی ئەوەی نەبووایە پێ لە سەر ئیرادەی خەڵک دابنێت و وەک میراتگری لێکەوتە ناشیرین و یادەوەرییە ناخۆشەکانی شەڕی براکوژی ھەموو شتێک ناشرین و بێ بایەخ بکات و بە عەنتەریات ئەوەی بیەوێت ئەوە بکات، ئەو کەلتورە ناشیرنە بکاتەوە کەرستەی خۆڕاگرتن و مانەوەی خۆی، ترس بکاتە ئەو ئامرازەی خەڵک ناچار بکات بە خواست و داخوازییەکانی رازی بن، یەکێتی ئەوجارەیان بۆی چووە سەرێ، بەڵام ئایا چوار ساڵی دیکە ئەگەر ھەڵبژاردن کرا ھەمان شتی بۆ دەچێتە سەرێ؟

کابینەی نوێی حکومەت لە دەرئەنجامی دوو رێککەوتن دروستدەکرێت، رێککەوتنی پارتی و گۆڕان کە زیاتر خۆی لە ناوەڕۆکی بەرنامەی حکومەت بۆ چوار ساڵی ئایندە دەبینێتەوە، ھەروەھا رێککەوتنی یەکێتی و پارتی کە زیاتر ناوەڕۆکەکەی داواکاری و پێداگری یەکێتیە بۆ وەرگرتنی پۆست و ھێشتنەوەی دۆسیەی ئەمنی و دارایی وەک خۆی واتە لە دوو ئیدارەدا.

پرۆژەی چاکسازی کە لە پەرلەمانی کوردستانە کە لە خولی رابردوو یەکێتی رۆڵی سەرەکی ھەبوو لە پەکخستنی لەو خولەدا ناتوانێت ئەو کارە بکات، چونکە پارتی و گۆڕان دەربارەی ھاوڕان و تێی دەپەڕێنن بەو کارەش پارەیەکی زۆر بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە و ھەنگاوی یەکەم و کاریگەریش دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، کاراکردنەوەی پڕۆژەی دەستووری ھەرێمی کوردستان کارێکی دیکەیە کە گۆڕان و پارتی لەسەری رێککەوتوون، ھەروەھا پڕۆژەی یەکخستنی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و کۆتایی ھێنان بە دەسەڵاتی حزب لە بواری سەربازی و ئەمنیدا کارێکی ئەمریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا دەستیانپێکردووە و رەنگە کەمتر لە ساڵێکی دیکە بخایەنێت و چیتر ئەوە نامێنێت ھێزەکانی حەفتا موڵکی یەکێتی بێت و ھێزەکانی ھەشتاش سەر بە پارتی بن، ئەو کات ھیچ فەرماندەیەکی سەربازیش پلەکەی ھەرچییەک بێت ناتوانێت بڵێت بە بڕیارەکانی سەرەوەی خۆی پابەند نابم ئەگەر لە حزبەکەی خۆم نەبێت.

کە پارە و ھێز لە رێگای دەزگا و دامەزراوەی نیشتیمانی بەڕێوەببرێن ئەوە زیاتر ھێزی بڕیاردان بۆ دامەزراوەی حکومەت دەگەڕێتەوە بەو ھەنگاوەش حزب ناتوانێت چیدیکە بەھێزی سەربازی و دارایی ھەڕەشە لە ئیرادەی دەنگدەران بکەن، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێت کار بۆ ئەوە بکەن لە حزبی ھێزی سەربازی و پاوانکاری دارایی ببنە حزبی سندوقی دەنگدان و ھێز لە بڕیار و میللەت وەربگرن.

ئەو ڕێگایە چاوەڕوانی یەکێتی و حزبەکانی دیکەش دەکات ئەگەر بیانەوێت قەوارەی سیاسی کوردستان بمێنێتەوە و بەھێزبێت و دیموکراسیەت ھێزی بڕیاردان و یەکلاکردنەوەی کێشەکان بێت، ئەگەرنا ئەوە ڕێگەی بەغدا نزیکترە بۆ ئەوەی لەوێوە بە پێچەوانەی ئەو ئاراستەیە کار بکەن و ئەو ھەوڵانە  بۆ دروستکردنی دامەزراوەی نیشتیمانی لەبارببەن لە پێناو مسۆگەر کردنی مانەوەیان بەھێزەوە تا ئەو ڕادەیەی جارێکی دیکە بڵێن:" یەک کورسی و سەد کورسی بۆ یەکێتی یەک مانایان ھەیە".

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP