01/04/2019
ئاسۆ حاجى
435 جار بینراوە

خاڵی جەوھەری رێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی

ھەموو خۆ ھێنان و بردنی یەکێتی لە کۆبوونەوە و کۆبوونەوەی دیکە و رێکەوتن و پەشیمان بوونەوە نە پەیوەندی بە داواکردنی ژمارەی وەزارەت و نە بە بنەمای ھاوبەشی(شەڕاکەت)ھەیە کە یەکێتی باسی لێوە دەکات، تەنھا خاڵی جەوھەری و ھۆکاری سەرەکی نەھاتنە پێشەوەی یەکێتی لە رێکەوتن لەگەڵ پارتی ئەکتیڤ کردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانە، ئەوەش لە بەر دوو ھۆکار:

- یەکێتی دەیەوێ ئەو خاڵە لە دژی بزووتنەوەی گۆڕان بەکاربێنێ و تا دەگەینەوە ھەڵبژاردنێکی دیکە بیکاتە دروشمی سەرەکی بەگژداچوونەوەی گۆڕان و دەنگ لێ ھەلوەراندنی، ھەروەھا دەیەوێ لە دژی پارتیش سوودی لێ وەربگرێ بەوەی کە دوای کاراکردنەوە و ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ھەرێمی کوردستان یەکێتی بە بەھانەی مامەڵە لەگەڵ کردنی و ئیعتراف پێکردنی لە زۆنی کەسک دەسکەوتی زیاتر وەربگرێ لە گرێ بەستی نەوت و پرۆژەی دیکەی وەبەرھێنان.

- دڵ راگرتنی ئێرانیەکان ھۆکارێکی دیکەی نەھاتنە پێشی یەکێتیە بۆ رێکەوتن لەگەڵ پارتی، ئێرانیەکان ھەر لە سەرەتاوە دژی ھەبوونی پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێم بوون چونکە دەزانن ئەو پۆستە ھەرێمی کوردستان بەھێز دەکا بۆیەشە یەکێتی ئێستا کە ئەگەر ناچار بکرێ لەگەڵ پارتی رێک بکەوێ و بەشداری حکومەت بکا دەیەوێ یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم بە دڵی ئەوان (ئێرانیان)کلک و گوێ بکرێ تا دەبێتە تەیرێکی مەعقول و لە قەفەزی بێ دەسەڵاتی جێگای دەبێتەوە.

زۆرینەی پارتە عەربیەکانی عێڕاق و بە تایبەتی شیعە لە پشت یەکێتین بۆ ئەو کارەی و ھانی دەدەن و بەڵێنی دەسکەوتی دیکەی پێ دەدەن لە بەغدا، لە کاتێکدا شیعە بە ئێرانی و عێراقیەکەیەوە کە ناتوانن رێگە لە کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بکەن ئەوە ھەوڵ دەدەن کە سەرۆکی داھاتووی ھەرێم لە پێگەیەکی بەھێزدا نەبێت، واتا دەسەڵاتی بەسەر ھەموو جوگرافیای کوردستان نەبێ، نەتوانێ نوێنەرایەتی ھەموو لایەنە سیاسیەکان و داخوازیە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان بکات لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا، چونکە بەغدا لەوە تێگەیشت کە ھەبوونی سەرۆکێکی بەھێز و خاوەن بڕیار چ مانایەک بە پێگە و ھەبوونی ھەرێمی کوردستان ببەخشێ.

پارتی و ھێزە نیشتیمانیەکانی دیکە چۆن دەتوانن ئەو مەترسیە دەرباز بکەن، بڕوا ناکەم وەڵامی ئەو پرسیارە بە زیاد کردنی ژمارەی وەزارەت و پۆستەکانی یەکێتی بدرێتەوە یان زیاتر چاوەڕوان کردنی، بەڵکو دەبێ بیر لە رێگایەک بکرێتەوە یەکێتی ناچار بکرێ نەک رازی بکرێ، چونکە یەکێتی ناتوانێ رازیبێ.

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP