یونیسێف: 300 هەزار منداڵی لیبیا بەهۆی زریانەکەوە زیانیان بەرکەوتووە

ishraq

ئیشراق 
یونیسێف ڕایگەیاندووە، نزیکەی 300 هەزار منداڵ بەهۆی زریانی سەختی دانیاڵەوە لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا زیانیان بەرکەوتووە.

دوای ئەوەی بەهۆی زریانێکی بەهێزەوە زیانێکی گەورە بەر بەشێک لە رۆژهەڵاتی لیبیا کەوت، یونیسێف دەڵێت “زریانەکە کاریگەری لەسەر نزیکەی 300 هەزار منداڵ هەیە و دەرئەنجامەکانی لافاو بۆ منداڵان وێرانکەرترن لە خودی ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا”.


شارەزایان ڕوونیان کردۆتەوە، منداڵان لە رووبەڕووبوونەوەی کارەساتەکاندا لاوازن چونکە مەترسی زۆریان لەسەرە وەک تووشبوون بە نەخۆشی، بەدخۆراکی، تێکچوونی سیستەمی فێربوون و توندوتیژی.

لەگەڵ کەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە، نەتەوەیەکگرتووەکان ترسی لە بڵاوبوونەوەی سکچوون و کۆلێرا و بەدخۆراکی هەیە لەو وڵاتە، بێجگە لەوەش ترسیان هەیە کە ئەو منداڵانەی دایک و باوکیان لەدەستداوە ببنە نێچیری مەترسییەکانی توندوتیژی و بازرگانی پێوەکردن.

بۆ وەڵامدانەوەی ئەو کارەساتە و ڕزگارکردنی ژیانی منداڵانی لیبیا، یونیسێف ئاماژە بەوە دەکات پێویستی بە لانیکەم شەش ملیۆن و 500 هەزار دۆلار هەیە، داواش دەکات هەموو وڵاتان یەکبگرن بۆ ڕێگریکردن لە هەر مەترسییەکی تەندروستی یان کۆمەڵایەتی بۆ سەر منداڵانی ئەو وڵاتە.

زۆرترین خوێندراو

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP