دۆزینەوەی شمشێرێکی "سەرسوڕهێنەر" کە تەمەنی هەزاران ساڵە

ishraq

ئیشراق 
بەرپرسانی باشووری ئەڵمانیا شمشێرێکی برۆنزییان دۆزیوەتەوە کە تەمەنی زیاتر لە سێ هەزار ساڵە، ئەوەندە بە باشی پارێزراوە تا ئێستاش دەدرەوشێتەوە.

ماتیاس فایل، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان لە باڤاریا ڕایگەیاند، شمشێرەکە کە پێدەچێت مێژووەکەی بگەڕێتەوە بۆ کۆتایی سەدەی چواردە پێش زایین (ناوەڕاستی سەردەمی برۆنزی )، هەفتەی ڕابردوو لە کاتی هەڵکۆڵینەکاندا دۆزرایەوە لە شارۆچکەی نۆردلینگەن .

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "زە گاردیانی بەریتانی"، شمشێرەکە لە گۆڕێکدا دۆزراوەتەوە کە ئێسکی پیاوێک و ژنێک و کوڕێکی تێدابووە، جگە لە کەلوپەلی تری برۆنزی.

فایل وتی: " هێشتا پێویستی بە پشکنینی شمشێرەکە هەیە بۆ ئەوەی شوێنەوارناسەکانمان بتوانن ئەم دۆزینەوە بە وردی پۆلێن بکەن. بەڵام دەتوانین پێشتر بڵێین کە دۆخی پاراستنی نائاساییە. دۆزینەوەیەکی وەک ئەم زۆر دەگمەنە."

نووسینگەی پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکانی ویلایەتی باڤاریا پشتڕاستی کردەوە: "دۆزینەوەی شمشێرەکانی ئەو سەردەمە نائاساییە، بەڵام لە تەپۆڵکەکانی ناشتنەوە سەریان هەڵداوە کە لە سەدەی نۆزدەهەمدا کراوەتەوە یان وەک دۆزینەوەی تاکەکەسی".

زۆرترین خوێندراو

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP