03/10/2023
ئابوری 141 جار بینراوە
به‌هۆی دۆلاره‌وه، نرخی نه‌وت دابه‌زینی تۆماركرد
ئیشراق
له سه‌ره‌تای مامه‌ڵه‌كانی ئاسیادا، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه نرخی نه‌وت دابه‌زینی به‌خۆیه‌وه بینی، دوای ئه‌وه‌ی له وه‌رزی پێشودا بۆ نزمترین ئاستی له ماوه‌ی سێ هه‌فته‌دا دابه‌زی، به‌شێك له شاره‌زایانیش هۆكاره‌كه‌ی بۆ به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی دۆلار و چنینه‌وه‌ی قازانجه‌كانی بازرگانان له قازانجی گه‌وره‌ی چاره‌كی پێش‌و، هه‌روه‌ها به‌رزبونه‌وه‌ی داهاتی بۆنده‌كانی ئه‌مریكا ده‌گه‌ڕێننه‌وه.
دوێنێ دوشه‌ممه نرخی دۆلار به‌رزبوه‌وه بۆ به‌رزترین ئاستی له ماوه‌ی 10 مانگدا به‌رامبه‌ر به دراوه سه‌ره‌كییه‌كان، دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی ئه‌مریكا خۆی له داخستنی رێژه‌یی به‌دور گرت و داتا ئابورییه‌كان پێشبینییه‌كانیان به‌هێزتر كرد كه یه‌ده‌گی فیدڕاڵی (بانكی ناوه‌ندی ئه‌مریكا) ڕێژه‌ی سودی بۆ ماوه‌یه‌كی زیاتر به به‌رزی بهێڵێته‌وه كه ئه‌مه‌ش ده‌توانێت ببێته هۆی خاوبونه‌وه‌ی گه‌شه‌ی ئابوری.
نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی خاوی برێنت 99 سه‌نت دابه‌زی
به‌گوێره‌ی بۆرسه‌ی جیهانی وزه، نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی خاوی برێنت 99 سه‌نت دابه‌زی كه ده‌كاته رێژه‌ی 1.08%ی نرخه‌كه‌ی و گه‌یشتوه‌ته 89.73 دۆلار، هه‌روه‌ها به‌رمیلێك نه‌وتی خاوی ڕۆژئاوای ته‌كساسی ئه‌مریكا به 92 سه‌نت دابه‌زی كه ده‌كاته 1.04%ی نرخه‌كه‌ی دابه‌زیوه گه‌یشته 87.9 دۆلار
شرۆڤه‌كاران ڕایانگه‌یاندوه، به‌شێك له بازرگانان قازانجیان به‌ده‌ستهێناوه دوای ئه‌وه‌ی نرخی نه‌وتی خاو به ڕێژه‌ی نزیكه‌ی 30% به‌رزبوه‌ته‌وه و گه‌یشتوه‌ته به‌رزترین ئاستی له ماوه‌ی 10 مانگدا له ماوه‌ی چاره‌كی سێیه‌می ئه‌مساڵدا.
شرۆڤه‌كارانی كۆمپانیای ANZ له یاداشتێكدا بۆ كڕیاره‌كانی ڕایانگه‌یاندوه، نرخی نه‌وتی خاوی برێنت بۆ نزیكه‌ی 90 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك دابه‌زیوه، به‌هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئه‌مریكی و به‌هێزی دۆلار زاڵبون به‌سه‌ر هه‌ستی بازاڕدا.
به‌رزبونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی سود له‌گه‌ڵ به‌هێزبونی دۆلار، نه‌وت بۆ خاوه‌ن دراوه‌كانی دیكه گرانتر ده‌كات، ئه‌مه‌ش ده‌توانێت ببێته هۆی كه‌مبونه‌وه‌ی خواست له‌سه‌ری.
هاوپه‌یمانی ئۆپێك+ كه ڕێكخراوی وڵاتانی هه‌نارده‌كاری نه‌وت (ئۆپێك) له‌گه‌ڵ ڕوسیا و هاوپه‌یمانه‌كانی دیكه‌ی له‌خۆده‌گرێت، ڕۆژی چوارشه‌ممه كۆده‌بێته‌وه، به‌ڵام پێناچێت سیاسه‌تی ئێستای به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت بگۆڕێت.