19/05/2018
سه‌ید حوسام ڕه‌زه‌وی
454 جار بینراوە

داعش له‌ ئه‌فغانستان چ ده‌کات؟

پرسی گواستنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی گرووپی تیرۆریستی داعش له‌ سوریا و عێراق بۆ ئه‌فغانستان ماوه‌یه‌که‌ بووه‌ته‌ ڕۆژه‌ڤی میدیاکانی جیهان. له‌ ئێستادا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ که‌ داعش له‌ ئه‌فغانستان چۆن ده‌ستی به‌ چالاکی کردووه‌ و ئامانج له‌م چالاکییانه‌ له‌م وڵاته‌دا چییه‌؟

 هاوکات له‌ گه‌ڵ ئاماده‌بوونی داعش له‌ سوریا و عێراق، سه‌رکرده‌کانی ئه‌م گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ به‌ تیۆری پێکهێنانی حکومه‌تی جیهانی له‌ گه‌ڵ گرووپه‌ جیهادییه‌کانی دیکه‌ی وه‌ک تاڵیبانی ئه‌فغانستان په‌یوه‌ندییان گرت که‌ له‌م بواره‌شدا هه‌ندێک هه‌واڵی نافه‌رمی سه‌باره‌ت به‌ چاوپێکه‌وتنی ژماره‌یه‌ک له‌ که‌سانی باڵای تاڵیبان و سه‌رکرده‌کانی داعش له‌ وڵاتێکی سێهه‌م بڵاو کرایه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م وتووێژانه‌ ده‌ره‌نجامێکی ئه‌وتۆی نه‌بوو و تاڵیبان ته‌نانه‌ت به‌ ده‌رکردنی به‌یاننامه‌یه‌کیش نه‌بووه‌ هاوڕێی داعش.
پاش ئه‌مه‌ بوو که‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی داعش له‌ گه‌ڵ تاڵیبان به‌ره‌و ئاڵۆزبوون ڕۆیشت و مه‌لا ئه‌خته‌ر محه‌ممه‌د مه‌نسور، ڕێبه‌ری ئه‌و کاته‌ی تاڵیبان به‌ ناردنی نامه‌یه‌ک بۆ ئه‌بوبه‌کر ئه‌لبه‌غدادی سه‌رکرده‌ی گرووپی تیرۆریستی داعش سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌بوون و چالاکی ئه‌ندامی ئه‌م گرووپه‌ له‌ ئه‌فغانستان هۆشداری دا تا ئه‌وه‌ی که‌ پاش تێپه‌ڕبوونی چوار ساڵ به‌ سه‌ر قه‌یرانی سوریا، چه‌ندین هێمای بوونی داعش له‌ ئه‌فغانستان به‌دی کرا و که‌سانێک له‌ ناوچه‌ جیاجیاکانی ئه‌فغانستان وه‌ک ویلایه‌تی نه‌نگه‌رهار، فه‌ڕا و غور، ئاڵای ڕه‌شیان وه‌ک هێمایه‌ک بۆ بوونی داعشی خۆراسان هه‌ڵکرد و میدیاکانی وه‌ک بی بی سی ئه‌مه‌یان بڵاو کرده‌وه‌ و هێرش و ته‌قینه‌وه‌کانی زۆر له‌ ئه‌فغانستان به‌ چه‌شنێک ئه‌م بابه‌ته‌ی پشتڕاست کرده‌وه‌.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ ڕوون و ئاشکرایه‌، ئه‌وه‌یه‌ که‌ داعشی ئه‌فغانستان په‌یوه‌ندییه‌کی ڕێکخراوه‌یی و به‌رده‌وامی له‌ گه‌ڵ داعش له‌ سوریا و عێراق نییه‌ و داعش له‌ ئه‌فغانستان ته‌نیا ناوێکی گه‌وره‌یه‌ به‌ مه‌به‌ستی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕێکی نوێ که‌ له‌ لایه‌ن ژماره‌یه‌ک له‌ وڵاتانه‌وه‌ ڕێبه‌رایه‌تی ده‌کرێت. یه‌که‌م وڵات که‌ له‌ هه‌ڵگیرسانی ئه‌م شه‌ڕه‌ قازانج ده‌بینێت و هه‌وڵی ڕێبه‌رایه‌تی ڕاسته‌وخۆی ده‌دات، ئه‌مریکایه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ تره‌مپ به‌ پێی ستراتیژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی خۆی هه‌وڵ ده‌دات ڕکابه‌ره‌ ناوچه‌ییه‌کانی خۆی وه‌ک ڕووسیا، چین و ئێران سه‌رقاڵ بکات، هه‌ر بۆیه‌ ناوی داعش له‌ ئه‌فغانستان وه‌ک گرووپێکی تیرۆریستی له‌ ژێر ڕێنمایی و ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌مریکا که‌ زیانێکی بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌مریکا نه‌بێت، ده‌توانێت ئه‌م خواسته‌ی تره‌مپ مسۆگه‌ر بکات.
ئه‌گه‌ر ئه‌مریکییه‌کان ده‌یانتوانی له‌ ڕێگای تاڵیبانه‌وه‌ ڕکابه‌ره‌کانی خۆیان سه‌رقاڵ بکه‌ن، ڕه‌نگه‌ بیریان له‌ گرووپێکی تیرۆریستی وه‌ک داعش نه‌ده‌کرده‌وه‌، به‌ڵام هه‌وڵه‌کانی چه‌ندین ساڵه‌ی ئه‌وان بۆ ڕازیکردنی گرووپی تاڵیبان به‌ ئامانجی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڕکابه‌ره‌ ناوچه‌ییه‌کانی ئه‌مریکا به‌ ئامانج نه‌گه‌یشت و واشنتنی به‌ره‌و پاڵپشتی و ڕێبه‌رایه‌تی گرووپێکی تیرۆریستی نوێ هاندا. گرووپی تیرۆریستی نوێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له‌ کورت ماوه‌دا سه‌رکه‌وتنێک به‌ ده‌ست بێنێت، سه‌ره‌تا ده‌بێت ناوێکی گه‌وره‌ی بێت که‌ داعش و چالاکییه‌کانی له‌ سوریا و عێراق باشترین بژارده‌ بۆ لایه‌نگرانی بوو.
ئه‌م ناوه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ ژماره‌یه‌ک له‌ پاشماوه‌کانی گرووپه‌ چه‌کدارییه‌کانی ناوچه‌ سنورییه‌کانی ئه‌فغانستان و پاکستان که‌ ته‌نیا بیر له‌ شه‌ڕکردن ده‌که‌نه‌وه‌، بۆ به‌رده‌وامی مانه‌وه‌ی خۆیان به‌ره‌و ئه‌م گرووپه‌ بڕۆن و له‌ ڕاستیدا هێزی مرۆڤی پێویستی ئه‌م گرووپه‌ش دابین بکر‌ێت. پاڵپشتی و ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌مریکا به‌ هاوکاری دارایی و لۆجستی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ناردنی که‌ره‌سته‌ سه‌ربازییه‌کان له‌ ڕێگای فڕۆکه‌خانه‌کانی ئه‌فغانستان و هه‌وڵێکی میدیایی بۆ گه‌وره‌ پیشاندانی گرووپی تیرۆریستی داعش له‌ ئه‌فغانستان بوونه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ داعشێکی نوێ به‌ بێ په‌یوه‌ندی ڕێکخراوه‌یی له‌ گه‌ڵ داعشی سوریا و عێراق ئه‌مجاره‌ له‌ ئه‌فغانستان پێک بهێندرێت، به‌ڵام ئه‌م گرووپه‌ تا ئێستا به‌ پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانی لایه‌نگرانی، ده‌سکه‌وتێکی ئه‌وتۆی نه‌بووه‌ که‌ ئه‌مه‌ش هۆکاری زۆری هه‌یه‌ که‌ مه‌جالی پێویست به‌ خۆیی ده‌وێت.
له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌، ده‌نگۆی ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ که‌ حکومه‌تی ئه‌فغانستان هه‌وڵی جیدی بۆ ڕێگری له‌ چالاکی ئه‌م گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ نه‌بووه‌، هه‌روه‌ها ده‌وترێت که‌ ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانی داعش له‌ عێراق و سوریایه‌وه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ داعشی ئه‌فغانستانه‌وه‌ کردووه‌ که‌ خوێندنه‌وه‌ی وای بۆ ده‌کرێت ئه‌مریکا پاش شکستی داعش له‌ عێراق و سوریا ژماره‌یه‌ک له‌ پاشماوه‌کانی ئه‌م گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ی بۆ خاکی ئه‌فغانستان گواستووه‌ته‌وه‌. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌، تورکیا هه‌ڵمه‌تێکی سه‌ربازیی له‌ سنوره‌کانی خۆی و سوریا به‌ ئامانجی سه‌قامگیری زیاتر و ڕێگری له‌ چالاکی گرووپه‌ کوردییه‌کان ده‌ستپێکردووه‌، به‌ڵام بابه‌تێک که‌ بووه‌ته‌ هۆی نیگه‌رانی تورکه‌کان، ئه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌ره‌ڕای هاوکاری که‌سانی سه‌ر به‌ به‌ره‌ی نوسره‌ و قاعیده‌ له‌ سنوره‌کانی سوریا له‌ گه‌ڵ تورکیا، به‌ڵام ئه‌نکه‌ره‌ بیر له‌ داهاتوو ده‌کاته‌وه‌ و به‌ کردنه‌وه‌ی هێڵێکی ئاسمانی له‌ گه‌ڵ ئه‌فغانستان ئه‌وان به‌ره‌و ئه‌م وڵاته‌ ده‌گوازێته‌وه‌ و به‌ده‌ر له‌ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی سه‌قامگیری سنوره‌کانی، له‌م ڕێگاشه‌وه‌ به‌ ناردنی ئه‌و هێزانه‌ بۆ ئه‌فغانستان ده‌بێته‌ کاراکته‌رێک بۆ داهاتووی ئه‌م وڵاته‌.
له‌م نێوه‌نده‌دا ئاستی نزمی خوێنده‌واری خه‌ڵکی ناوچه‌کانی باشور، بوونی هه‌ستی جیهادکردن له‌ نێو خه‌ڵکی ئه‌فغانستان و هاوکاری دارایی وڵاتانی عه‌ره‌بی بووه‌ته‌ هانده‌رێک بۆ په‌یوه‌ندی دانیشتووانی ژماره‌یه‌ک له‌ ناوچه‌کانی ئه‌فغانستان به‌ گرووپی نوێی تیرۆریستی داعش که‌ به‌رده‌وامی ئه‌م ڕه‌وته‌ش ده‌توانێت ببێته‌ هۆی به‌هێزبوونی داعش له‌ ئه‌فغانستان. به‌ڵام داعشی ئه‌فغانستان ئامانجه‌کانی خۆیی له‌م وڵاته‌ له‌ سه‌ره‌تادا وه‌ک شه‌ڕ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی شێعه‌کان و پاشان به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تاڵیبان و له‌ ئاکامدا به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی وڵاتانی دراوسێی ئه‌فغانستان وه‌ک چین، ڕووسیا و ئێران ڕاگه‌یاندووه‌.
سه‌رباری ئه‌مه‌ش، ته‌نیا گرووپێک که‌ له‌ ئێستادا به‌ جیدی هه‌وڵی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و دژایه‌تی داعشی ئه‌فغانستان ده‌دات، تاڵیبانه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌وان به‌ هۆی ناکۆکی ئایدۆلۆژیایی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابوری و سیاسییه‌کانی خۆیان، ناتوانن گرووپێکی میلیشیایی دیکه‌ له‌ گه‌ڵ خۆیان له‌ ئه‌فغانستان قبووڵ بکه‌ن.

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP