15/05/2018
لەتیف شێخ مستەفا
385 جار بینراوە

قسەیەک بۆ دز

زۆر باسی تەزویری ڕێکخراوو گۆڕینی دەنگەکان دەکرێت، من ناڵێم تەزویر نەکراوە بەڵام دابەزینی دەنگەکانیش چاوەڕوان کراوبوون ، لەبەر ئەم ھۆکارانە:

1- بەشداری گردنی لاواز لە دەسەڵاتێک بەلاوازی و لەڕێی کاراکتەری لاوازەوە کە ئەدایان لە کاراکتەرەکانی  دوو حیزبەکە خراپتر نەبووبێت باشتر نەبووە، سەرەڕای ھەڵگەڕانەوەی ھەندێکیان کە پێشتر دەزانرا لەو جۆرەن  بەڵام ھەر دانران، زیاد لە  چوار جار و لە چوار دانیشتنی جیاجیادا لەگەڵ ڕەوانشاد و بە ئامادەبونی کەسانێکی جیا جیا،  زۆر دژی بەشداری کردنی دەسەڵات بووم و پێم وابوو ئەوە ھەڵەی ستراتیجی کوشندەیە و زەربەی گەورەش لەداھاتووی بزوتنەوەکەش دەدات، یاڵام گوێمان لێ نەگیراو فشاری پۆست خوازان زاڵتر بوو، بۆیە من لەوساوە ھەڵوێستم وەرگرت.

2- پێکھێنانی دەسەڵاتی باڵای جێبەجێكردنی بزوتنەوەکە تەنھا لە پاسەوانی کۆن، کە کاریگەری ھەبوو لە تەحجیم کردنی بزوتنەوەکە، کاتی خۆی قسەمان لەسەر کرد چی بە نوسین یان بە چاوپێکەوتن لە تەلەفیزۆنی ئێن ئارتی.

3- دوبارە خۆ کاندید کردنەوەی ئەوانەی پێشوو وێنایەکی وای دروست کرد لای دەنگدەر کە ئەمانیش وەک حیزبەکانی تریان لێھاتووە و پۆستەکان بۆ چەند دەموچاوێکە، بە تایبەتی کە ئێستا پەرلەمانتاری لە بەغدا ئیمتیازاتی زۆرە، ئەوەندە مەغرور ببون پێیان وابوو تەواو خەڵک  بەھەموو شێوەیەک دەنگیان ئەداتێ، ڕێک وەک پارتی و یەکێتی، کاتێک ئێمە بابەتێکمان لەسەر ئەوە نوسی و وتمان ئەوە پێچەوانەی میراتی نەوشیروان مستەفایە، ئەوانەی ئەم وتارە لەبەرژەوەندیان نەبوو نوسەریان بەکرێ گرت چەندین تۆمەتی بێ بنەمایان بۆ ھەڵبەستم، کە گوایا من بۆیە ئەو وتارەم نوسیوە، چونکە داوای کاندید بوونەوەم کردووە بەڵام ڕازی نەبوون کاندیدم کەنەوە و شتی زۆر قێزەونتر کە تا ئێستا یەکێتی و پارتی تۆمەتی وایان بۆ ھەڵنەبەستوم.

4- دەنگدان بە یاسای ئیمتیازات و خانەنشینی پەرلەمانتاران وەک حیزبەکانی دەسەڵات.

5- لە ئەنجامی ئەوانەی سەرەوە خەڵکێکی زۆری ناڕازی کە دەنگدەری ئۆپۆزسیۆن بوون بە تایبەتی بزوتنەوەکە بڕیاری بایکۆت کردنی دەنگدانی کرد، ئەوانە ھەمویان وەک ناڕەزایەتی و بێئومێد بوون لە ئۆپۆزسێۆن بایکۆتیان کرد نەک دەسەڵات، کە نزیکەی 20٪‏ ی دەنگدەران بوون، چونکە ئیدی لەدوای 2009 دەنگدەرانی دەسەڵات کە بە پارە و ئیمتیازات لەگەڵ دەسەڵاتن یەکلایی بوونەوە و لەھەموو بارێکدا ئەوان دەنگ بە پارەو ئیمتیازاتی خۆیان دەدەن، ئەوانەش ڕێژەیەکی زۆری دەنگدەرانن.

ئێمە لە ئەنجامی تێکەڵیمان و گفتوگۆ لەگەڵ خەڵکی ناڕازی زوو درکمان بەوە کرد و بابەتیشمان لەسەر نوسی و ئاگادای دەنگدەرانی ناڕازیمان کردەوە کە ئەگەر نەچن بۆ دەنگدان، دەنگی دوو حیزبەکە زیاد دەکات، بە شەخسیش ھەندێ کەسمان لەو مەترسیە ئاگادار کردەوە، پێشمان وتن بەس خەڵکی ناڕازی قەناعەت پێبکەن بچن بۆ دەنگدان دەنگ کەم ناکات، ھەر نەچوونی ئەو خەڵکە بەسە بۆ  تەشخیس کردنی جەوھەری کەمو کوڕییەکان.

6- تاپۆکردنی موڵک و ماڵەکان.

7- جگە لەوە دروستبوونی حیزبی تر و بردنی دەنگیش لەلایەن ئەوانەوە ھۆکاری تر بوون، بەڵام ئەمەیان دەرەنجامی شەش خاڵەکەی ترە، ئەگەر بزوتنەوەکە متمانەی دەنگدەرەکانی بمایە سەد حیزبی تریش دروست بوایە ئەو کاریگەرییەی نەدەبوو.

دوبارە دەڵێم، ناڵێم تەزویر نەکراوە، بەڵام  پشتگوێ خستنی ئەو ڕاستیانە و پێتان وا بێت ئێوە  عەیارە بیست و چوارن و ئەوەی کردووتانە ڕاستە و ھەمووی بخەنە سەر تەزویر، جۆرێکە لە ڕاکردن لە بەرپرسیارێتی و پەرێزی خۆتان پاکردنەوەیە، تایبەتیش ئەوە دەنگی یەکێتی نییە زۆر زیادی کردووە، ئەوە دەنگی ئێوەیە زۆر کەمی کردووە.

ئێستا لانی کەمی ئازایەتی و بەرپرسیاریەتی ئەوەیە دان بەو ھەڵە و کەموکورتیان دابنێن، ئەگەر دەتانەوێت ئەم شکستە کاتی بێت و نەبێتە ھەمیشەیی و نەبنە ھۆکاری یەکجاری بچوککردنەوەی بزوتنەوەکە، ئێستاش تیا ماوە، چونکە ئەو دەنگدەرانەی کە نەچوون بۆ دەنگدان مەیلیان نەگۆڕاوە، بەڵام ھەڵوێستی خۆیان تەجمید کردووە، تا ئێستا لایەنی تریان بە بەدیل نەزانیوە بۆیە نەچوون بۆ دەنگدان، تا ئێستا ئومێدێکیان بە ئێوە ماوە جارێکی تر ببنەوە جێگای  متمانەیان.. ھیوادارم بەھەست کردن بەبەرپرسیارێتییەوە ھەڵسوکەوت بکەن.

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP