07/05/2018
خالید سلێمان
438 جار بینراوە

"ئیرهابی فیکری" لە سلێمانی!

ئەمە یەکەمجار نیە بەرپرسێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بڵێت لە سلێمانیدا "ئیرهابی فیکری" هەیە، یان جۆرێک لەو "ئیرهابە" هەیە. دواجاریش لەم ڕۆژانەدا، هەمان دەستەواژە لە لایەن جێگری سەرۆکی پارتی و سەرۆکی حکومەت نێچیرەڤان بەرزانی لەناو جەرگەی سلێمانیدا دوبارە کرایەوە. ئەم جۆرە دەستەواژانە بەئاسانی لەلایەن بەرپرسانی پارتی-یەوە، دژی شارێک تێدەپەڕن و دوای ئەوانیش وەک کورد دەڵێت، دەبنە بنێشتە خۆشەی ناوەندەکانی میدیا، بەبێ ئەوەی کەسێک لەسەریان بوەستێت و بپرسێت، گەلۆ ئیرهابەکە چۆنە، ڕەگ و ڕیشەی لە کوێدایەو خەسڵەتەکانی چین و چۆن لە ژیانی ڕۆژانەی سیاسی و کولتوریدا بەرجەستە دەبن؟

ئەگەر ئەم قسانە لەوەوە سەرچاوە بگرن جارێک دوان لە سلێمانی پەلاماری بارەگاکانی پارتی دراوەو ئەمە پێوەری قسەکەی بەرزانی بێت، ئەوا لە هەولێرو دهۆك چەندان جار لەلایەن ئەندام و لایەنگیرانی پارتییەوە پەلاماری بارەگاکانی گۆڕان و یەکگرتو دراوە. ئایا ئەمانەش دەچنە خانەی تیرۆری فیکرییەوە؟ هەڵبەتە هەموان ئەوە باش دەزانین کە پێوەرەکانی تیرۆری فیکری لە پرسیارێکی وا سادەدا کورت ناکرێتەوە، بەڵام کە ئاستی زمان و فیکر دەگاتە ئاستێکی خراپ بە ڕەواو ناڕەوا باس لە تیرۆری فیکری بکرێت و لە کارەکتەری مێژویی و کۆمەڵایەتی و کولتوریی شارێک بدرێت، ئەوە قسەکردن و گفتوگۆکانیش کەمێک بە گرانیی ئەو ئاستە تێدەپەڕێنن.

ئیرهاب یان تیرۆری فیکریی ڕێبازێکە کە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەو دەستێوەردانی میدیاوە، ڕێگە لە بڵاوبونەوەی فیکر دەگرێت. لەم چوارچێوەیەشدا زۆر باس لە پۆلیسی میدیا دەکرێرت کە ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆی هەیە لە داپڵۆسینی فیکری جیاواز لەگەڵ فیکری سیستمی حوکمڕانیدا یان فیکری باودا. بەبێ چونە ناو مێژوی تیرۆری فیکرییەوە کە لە ستەمی ئاینی، هەروەها لە نمونەی ‌سیستمی حوکمڕانی هیتلەر، ستالین، موسۆلۆنی، پۆڵ پۆت، سەدام حسێن و چەندەها نمونەی تردا پراتیکێکی ڕۆژانە بوە، دەتوانین بڵێین ئەو سیستمی حوکمەی کە پشت بەتیرۆری فیکری دەبەستێت، کولتور تیایدا دەمرێت یان دەکەوێتە گیانەڵان. بەکورتیەکەی تیرۆری فیکری پرۆژەیەکی سیستماتیزەکراوە، بنەمای فیکری و ئایدیۆلۆژی و ئاینیی هەیەو دەزگای زەبەلاحی میدیاو پڕوپاگاندە هەڵدەستن بە جێبەجێکردنی. 

ئایا لە سلێمانیدا پارتی قەدەغەکراوە، ڕێگە لە چالاکیەکانی گیراوە، بڵاوکراوەکانی کۆکراونەتەوەو سوتێنراون، میدیاکانی داخراون، ڕێگە لە کۆڕو کۆبونەوەکانی گیراون؟ ئایا سیستمێکی حوکمڕانی هەیە "فیکری" پارتی داپڵۆسێت؟ ئەمانەو چەندەها پرسیاری تر هەن کە پێم وانیە نێچیرەڤان بارزانی بتوانێت وڵامیان بداتەوە، چونکە ئەوانەی پێی دەڵێن لە سلێمانیدا باسی "ئیرهابی فیکری" بکات، لە بەر بەرژەوەندی خۆیان پەنا دەبەنە بەر دیماگۆژیەتی فیکری و چەواشەکاریی.

ئەگەر بونی ڕەوتی کۆمەڵایەتی و کولتوری جیاواز لە سیاسەتی پارتی سەرچاوەی سەپاندنی ئەم دەستەواژەیە بێت بەسەر سلێمانیدا، ئەوا تێنەگەیشتنی بەرپرسەکانی پارتی ترۆپکی ئەو سیاسەتە تراژیدیە دەردەخات کە کوردستان گیرۆدەی بوە، چونکە سلێمانی هەر لە مێژوی دروستبونیەوە، ناتەبا بوە لەگەڵ فیکری باوداو زۆرجار نوسەران و تەنانەت حوکمڕانەکانی لە ناتەباییدا توشی نامۆیی بون. هەڵبەتە سەرۆکی حکومەت بۆ ئەوەی لەم ناتەبایی و نامۆبونە تێبگات، باشترە ئەو بەشەی کتێبەکەی نەوشیروان مستەفا (بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین) بخوێنێتەوە کە بۆ ژیان و دنیابینی مەولانا خالیدی نەقشبەندی تەرخانی کردوە. زۆرجار شارەکە وا دەردەکەوێت بەتەواوەتی لەپشت پارتێکی سیاسییەوە وەستابێت، بەڵام لە چرکەیەکی مێژوییدا سزای ئەو پارتە دەدات، وەک چۆن ساڵی ٢٠٠٩ سزای یەکێتی نیشتمانی کوردستانیدا، هەرەوەها لە حەفتاکانیشدا سزای پارتی دیموکراتی کوردستانیداو پێشتریش سزای حزبی شیوعی عیراقیدا. 

چی ستەمێکی گەورەیە ڕەوتە فیکری و کولتوریە ناتەباکانی سلێمانی لەگەڵ سیاسەتی پارتیدا بە "ئیرهابی فیکری" پێناسە بکرێن!!

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP