وێنەكەی عەبادی تەریقی كردمەوە
تۆ بڵێی ئەوانەی سواری سەری ئەم میللەتە بوون و ریفراندۆمیان كرد، چاویان بەم وێنەیە بكەوێت، تەریق نەبنەوە، هەست بەشەرمەزاریی نەكەن؟ لەبیرتانە چۆن بەئێمەمانیان دەوت ئەكرادی مالكی و پیاوانی عەبادی؟ چۆن موزایەدەی كوردبونتان بەئێمە دەفرۆشتەوەو رێگەو بانی هەولێرتان دەگرت و وەك رێگر ئاڵای حزبیتان لەچاومان دەچەقاند، وەك ئەوەی ئێمە خیانەتمان كردبێت كە دەمانوت ئەم ریفراندۆمە سەرەخۆرەیەو كاتی نییە!
دوای 27 ساڵ لە خەونی سەربەخۆبون و دوركەوتنەوە لەعیراقی عەرەبی، لەعیراقی مالكی و عەبادی، ئێستا نەك وێنەی كاندیدانی عەمۆ عەبادی لەكوچەو كۆڵان و شەقامە گشتییەكانی هەولێر چاومان دەردەكات! بگرە وێنەی عەبادی هەراسانی كردوین، هەست بەشەرمەزاریی و بارێكی دەرونیی تێكشكاو دەكەین، ئێمە نەشكاوین، ئێوە شكاون!تا دوێنێ پێتان دەوتین ئێوە خائینن، كەچی ئێستا وێنەی ئەو داگیركەرە، هەموو كوچەو كۆڵانێكی تەنیوەو تەپڵی "نصر"و سەركەوتن لێدەدات!
ئێوە دەیان ساڵ خەبات و خوێنی ئەم میللەت هەشبەسەرەتان بەفیڕۆدا، خوێنی هەزاران شەهیدتان كردە قوربانی موزایەدەی شەخسی و حزبیی! ئاگری جەرگی هەزاران دایك و باوك و كەسوكاری شەهیدانتان خستە قومارێكەوە بەیەكەوە دۆڕاندتان!
ئاخر چی نەما نەیڵێین، پێمان نەوتن ئێوە بەگیرفانێكی خاڵی و بەهێزێكی پەرتەوازەی پێشمەرگەو بەئیدارەیەكی شكستخواردووی حوكمڕانیی و بە دادگاو دادوەرییەكی فاشیل و بەم وێرانەییەی دامودەزگاكانی حوكمڕانیی و بەم سەركردایەتییە فاشیلە، چۆن دروشمی پرۆژەیەك هەڵدەگرن كە نەك سەری خۆتان، سەری ئێمەش لەگەڵ خۆتان دەخۆن؟
ئاخر ئێوە مونا قاوەچی ناكەس و كابرای بازرگان و شێخ شامۆی كۆنە مەفرەزە خاسەو وەحیدە یاقۆ- تان كردبوە نوێنەرانی خەڵكی كوردستان! ئێوە قەت تەماشای لێدوان و گرتە ڤیدیۆییەكان-ی خۆتان دەكەن؟ دەزانن چیتان بە ئێمە كرد؟ ئێمە خائین و خۆفرۆش بوین؟ ئەی كوا مقاوەمەو بێمنەتیەكەتان؟ كوا بەرگریی و سنگدانە بەر گولەتان؟ ئێوە نەبون وتتان كەركوك جێناهێلین؟ منەتی هیچ كەس نازانین؟
بە چ رویەكەوە دەچنە هەڵبژاردنی وڵاتێكی داگیركەر، دەبنەوە وەزیرو كاربەدەست و بەردەستی وڵاتێكی ئیستیعمار، بۆ نایەنە بانگەشەوە بڵێین سەربەخۆیی لەڕێگایە؟
ئەی نەمان وت ئێوە چەكی ئەتۆمیتان نییە، چارەنوس و ژانی ئەم میللەتە مەخەنە قومارەوە؟
زۆر خۆشحاڵم مەكتەب سیاسی و كاربەدەست و موزایەدەچییەكانی دوای كۆبونەوەكانی ریفراندۆم لەشاشەكان نابینم، بەوە دەرونمان ئارام بۆتەوە، جار جار لەبەر خۆمان دەڵێین خۆ ئەگەر ئەم ریفراندۆمە سەری گرتبا، ئێستا چ قوڕبەسەرییەك بوو بۆ ئەم میللەتە، ئەمجارەیان نەك سواری سەر ملمان دەبوون، بەڵكو پێستەیان دەبردینە دەباخ خانە، بەڵام ئەو دێڕە ئایەتەمان بیر دێتەوە دەڵێین خوایە زۆر شوكر "وعسی ان تكرهوا شیئا، وهو خیر لكم"