با هەر بمێننەوە!
''دیكتاتۆرەكان لە بەفر ناچن تا لە ئاسمانەوە ببارێن، هەمو مێژوویەك خۆمان دروستی دەكەین.''
با ئەم نوخبەیەی کە وڵات دەبەن بەڕێوە بەردەوامبن لەسەر تەختی سوڵتانیەتی خۆیان، با هەر لەسەر كورسیی حكومڕانی بمێننەوە، با هەر خۆیان بە پارێزەری نیشتیمان و خاك و سەروەت و سامان بزانن. با ئەم چەند دەموچاوە هەر بەردەوام بن تا پیر دەبن و دەمرن، با هەر پاڵەوانی سەرشاشە و گۆڕەپانەكە بن. گرنگە ئەمان هەر بمێننەوە، گەرچی وڵاتیش تووشی سەدان قەیرانی جۆراجۆر بووە. با كێشە ئابووری و داراییەكان هەموو جەستەكان بڕزێنن، با ئەوان هەر حكومڕان بن، گرنگ نییە خەڵك برسی دەبێت و تووشی دەیان بەڵا و كارەسات و موسیبەت بێتەوە، گرنگ مانەوەی ئەمانە. ئەوان با هەر لەوێ بمێننەوە، لە سەر كورسیی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە.
بۆ نەمێننەوە؟ لەكاتێكدا ئێستاش كە دەردەكەون سەدان كەس سیڵفییان لەگەڵ دەگرن و چەپڵە بۆ قسە بێبنەما و بەڵێنە ساختەكانیان لێ دەدەن.
بۆ نەمێننەوە؟ وڵاتێكیان پڕ كردووە لە لەشكرێك بندیوار و كەسانێك ئامادەن بۆ ٢٠٠ دینار مووچەی ناوچەیەك یان كۆمیتەیەك، سەدان تۆمەت بۆ ڕەخنەگران لە دەسەڵات بهۆننەوە، ئێستاش كەسانێك لایان وایە كە بێ یەكێتی و پارتی ئەم وڵاتە دەبێت بە حەلەب و ئەم ئەزموونە هەپرون هەپروون دەبێت.
بۆ ئەم نوخبەیە نەمێننەوە؟ شەڕی ناوخۆیان كرد و دەیان هەزار گەنجی ئەم وڵاتە، لەسەر كەپك و دۆڵەكان خوێنیان ڕژا ، تەنها لەپێناو پارەی گومرگ، لەوسەریشەوە سەركردەكانی شەڕی ناوخۆ ئاشتبوونەوە و باوەشی گەرمی پڕ نەوتیان بۆ یەكتر كردەوە.
بۆ نەمێننەوە؟ ٣١ ئابیان خولقاند و ئەو هێزانەی كە ئەنفالیان كردین میوانداریی هەولێر كران، كەچی بە دەسكەوت و ڕۆژی مێژووی تۆماریان كرد.
بۆ نەمێننەوە؟ لە ڕیفراندۆم شكستیان هێنا و دنیایان لە دۆستەوە لێكردین بە دوژمن، كەچی هەر لەقسەی قەبەی خۆیان ناكەون.
بۆ نەمێننەوە؟ لە كەمتر لە دە سەعاتدا كەركوكیان لە شارێكەوە، كە كورد دەیبرد بەڕێوە، كرد بە شاری بێگانە بە كورد. لەپێناو رێككەوتنێكدا كە تەنها ئامانج لێی پارە بوو، ژن و كچی دووزخورماتوویان لە بەردەم كەڵبەی گورگەكاندا بەجێهێشت.
بۆ نەمێننەوە؟ دوو ساڵ زیاترە بە دوو مانگ جارێك نیو مووچە دەدەن بە فەرمانبەران و مامۆستایان، كەچی لە پێشوو زیاتر دەوام دەكرێت، كەسیش ئامادە نییە ڕۆژێك لەسەر كارەكەی مان بگرێت، بە بەر چاوی هەمووانیشەوە نەوت بە تەنكەر بە بۆری ئاودیوی سنوورەكان دەكرێت و پارەكەی تەنها دەچێتە گیرفانی چەند كەسێكەوە و بەس.
بۆ نەمێننەوە؟ كارەبایان نەهێشت، هیچ كار و كاسبییەك لە بازاڕەكاندا نەماوە، هەموو پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری ڕاگیراوە، كەچی هەر ئێستاش بەشێكی زۆری ئەم جەماوەرە، پارتی و یەكێتی بە دوو حزبی پێویست و گرنگ ناو دەبەن.
با بمێننەوە.. مادەم كەسانێك هەن ئومێدیان بەوە هەیە كە نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی، وەك دوو دۆڕاوی حكومڕانی، دەتوانن چاكسازی بكەن، دەبێت چ چاوەڕوانییەك بكەیت لەوەی شەمەندەفەرەكانی گۆڕانكاریی سیاسی بەم هەرێمەدا تێپەڕبێت. دەبوو بەر لە هەركەس لایەنگران و ئەندامانی ئاسایی یەكێتی و پارتی ئەم دوو شكستخواردووەی حكومڕانییان تەماتە و بەردباران بكردایە، نەك ئێستاش وێنەكانیان دەیان هەزار لایكی دەستخۆشی بۆ بڕوات.
كەواتە ئەوەی شكست و مێژووی قەیران و بەڵای دروستكرد خۆمانین، لەبەرئەوەی هەموو ستەمێكمان لەو نوخبەیە قبوڵكرد، كە ئەم هەرێمەیان وەك ماركێتی خۆدەوڵەمەندكردنی خۆیان تەماشاكرد.