نان بۆ نانەواو گۆشتیش بۆ قەساب
هەموو كار وپیشەیەك یاسا و ڕێسا و ووردەكاری خۆی هەیە، مرۆڤیش لە ژیاندا ناتوانێت جۆكەربێت و چەندەها ئەرك و فرمان لە یەككاتدا جێبەجێ بكات، چونكە لەم جیهانە جەنجاڵەی ئیستاماندا، مرۆڤ هەر دەتوانێت لە بەرێوەبردنی كارێكدا زۆر و كەم سەركەوتوو بێت، ئەمەش لەسەر بنەمای دابەشكردنی كار كە جیهانی شارستانی ئێستا پیادەی دەكەن و تیاشیدا سەركەوتووبوون.
جگە لە كەسانی هزر نەخۆش، دەنا هیچ مرۆڤێك نییە لە ژیاندا یەزدان بەهرە و توانستێكی پێ نەبەخشیبێت، جا چ جەستەیی بن یان هزی، بۆیە جیاوازی نێوان كەسێكی سەركەوتوو و شكستخواردوو لە ژیاندا هەرئەوەیە كە یەكەیمان بەهرە و توانستەكانی خۆی دەدۆزێتەوە و گەشە پێ دەدات و پیادەیان دەكات، دووەمیشیان بە هەر هۆكارێك لە هۆكارەكان لە دۆزینەوە و پەرەپێدان و پیراكتیزەكردنی توانست و بەهرەكانیدا شكست دێنێت، جا ئەم شكستە چ بە هۆی ژینگەیی مرۆیی یان سرووشتی یان خودی كەمتەرخەمی و خەمساردی خودی كەسەكە بێت.
لەم سۆنگەیەوە، هەر زانستێك لە زانستەكان و هەر بوارێك لە بوراەكانی ژیان كەسی پسپۆڕی خۆی پێویستە كە لە ڕیكخستن و دانانی ستراتیژ و بەڕێوەبردندا كارامە بێت، ئەمەش هەم توانستی تیۆری و هەمیش ئەزموونی ژیانی پێویستە كە كەسەكە بە تێپەڕبوونی رۆژگار كۆیان دەكاتەوە و لەسەر یەك كەڵەكەیان دەكات. لێرەشەوە تێزی "كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو" سەر هەڵدەدات كە دەتوانێت لێزانانە كارو پیشەكەی خۆی بەشێوەیەكی پیشەییانە بەرێوەبەرێت.
سیاسەتیش كە یەكێكە لەو زانستانە و كایەیەكی گرنگی ژیانیشە و ڕاستەوخۆ و بەشێوەیەكی ستوونی كار دەكاتە سەر ڕەووتی ژیانی مرۆڤ، چ بە تاك بە كۆمەڵ، گۆرەپانێكی سەخت و دژوارە و كەسی شیاو و لێوەشاوە و لێزان و ژیر و كارمەی گەرەكە، ئەم گۆڕەپانە لە دیدی منەوە سەخترین گۆڕەپانی ژیانە، بۆیە باشترین و لێزانترین كەسانێكی گەرەكە كە لە هونەری ڕێكخستن و بەرێوەبردن و خوێندنەوەی ڕاست و دروستی كۆمەڵگا شارەزابن و بتوانن داكەوتانە (واقعیانە) و بابەتییانە و زانستیانە جڵەوی فەرمانڕەوایی كۆمەڵگا و گروپ و تاكەكان بگرنە ئەستۆ.
ئەو كەسەی لە گۆرەپانی سیاسەتدا ئەسپی خۆی تاو دەدات- بە تایبەتیش ئەوانەی لە كۆمەڵگا دواكەوتووەكاندا فەرمانڕەوایی دەكەن- ئەركەكەیان سەخت و دژوارە، بۆیە دەبێت ژینگەی دەروونی و جەستەیی، لایەنی پەروەردەیی، توانست و لێوەشاوەیی كەسی، زاسنت و زانیاری وەرگیراو، ئەزموونێكی تێروتەواوی ژیان، لایەنی ئاكار و ڕەووشتییان بای ئەوەندە هەبێت كە بتوانن بە چاوێكی گشتگیر و بابەتییانە لە كۆمەڵگا ڕابمێنن و كیشەكانی چارەسەر بكەن و پەرە بە سەرجەم كەرت و بوراەكانی بدەن. بۆیە ناشێ و نابێت، بازرگان سیاسی بیت، جوتیار ئاسنگەر بێت، مامۆستا سەرباز و دادوەریش ئەندازیار بێت ...هتد. هەر بۆیەش گوتراوە "نان بۆ نانەواو و گۆشتیش بۆ قەساب ".
ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و ئێشراق لێی بەرپرسیار نییە