24/04/2018
الکساندر آزادگان
422 جار بینراوە

ترامپ بە دوای بەرەنگاربوونەوەی ئێرانە

"ئێلکساندێر ئازادەگان" لە سەر ئەو بڕوایەیە کە ئەمریکا و هاوپەیمانانی بە دوای ڕەخساندنی بەستێنێک لە دژی ئێرانن و میکانیزمی یەکێتی ئەورووپا بۆ پاراستنی بەرجام-یش کاریگەر نابێت.

لە گەڵ نزیک بوونەوەی لە کۆتایی مۆڵەتی دیاری کراوی دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە مانەوە یان نەمانەوەی لە بەرجامدا، پێشبینی و گومانەکان سەبارەت بە داهاتووی ئەو ڕێککەوتنە ناڤۆکییەش پەرەی سەندووە و گومانەکان سەبارەت بە هەڵوێستی ئەورووپا سەبارەت بە ڕێککەوتنە لە ئەگەری دەرچوونی واشنتۆن لە بەرجام ڕوو لە بەرزبوونەوەیە.

سەبارەت بە دۆخی داهاتووی بەرجام لە ئەگەری دەرچوونی ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە و کاردانەوەی شیمانەیی ئەورووپا لەوبارەیە، لە گەڵ دۆکتور "ئێلکساندێر ئازادەگان" مامۆستای زانکۆی کالیفۆرنیا و شرۆڤەکاری باڵای پرسی ژێئۆپۆلیتیکی و چالاکی بوارەکانی بەڕێوەبەرایەتی جیهانی و ئابووڕی سیاسیی نێودەوڵەتی وتووێژمان کردووە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:

* ئایا کۆنگریسی ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپا دەتوانن بە ڕێککەوتنێکی هاوئاهەنگ لە گەڵ مەرجەکانی ترامپ بۆ بەرجام بگەن؟ ئەو ڕێککەوتنە بە چ شێوەیەک دەبێت؟

ـ پێموا نییە کۆنگریسی ئەمریکا بتوانێ ڕێککەوتنێکی لەو چەشنە مسۆگەر بکات. هەر وەک پێشتر وتوومە، بڕوا ناکەم بە هیچ چەشنێک میکانیزمی یەکێتی ئەورووپا لەوبارەیە کاریگەری بێت و بەریتانیاش وەک یەکێک لە واژۆکەرانی ئەورووپیی بەرجام لە یەکێتی ئەورووپادا نەماوە.

ئەگەر لە بیرتان بێت، رەامپ یەکەمین سەرۆک کۆماری ئەمریکایە کە بە تەواوی پاڵپ بە ڕژیمی زایۆنییەوە داوە و لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل ناجووڵێتەوە. ڕژیمی زایۆنی بەردەوام ڕەخنەگرێکی توندی بەرجام بووە کە بە بڕوای من هەڵوێستێکی بێ مانایە چونکە ئەو ڕێککەوتنە زیاتر گوشارێک بوو بۆ سەر ئێران، نەک بۆ سەر رۆژئاوا.

ڕژیمی زایۆنی هیچکات بەو ڕادەیە بێ شەرم و ڕیلاس نەبووە و ئێستاش کە ڕووی لە پاڵپشتیی عەرەبستانی سعوودی ناوە و شایەدی سازبوونی هاوپەیمانییەک لە نێوانیاندا هەین، دەبینین کە زایۆنیستەکان بێ شەرمانە خۆیان بە دەسەڵاتێکی دوورە دەست دەبینن. ئەوە لە کاتێکدایە کە وەک وتم بەرجام زیاتر لە ئەمریکا، بۆ ئێرانییەکان ڕێککەوتنێکی خراپ بووە و ئێرانییەکان بە هیچ چەشنێک نایانەوێ بگەڕێنەوە سەر میزی دانوستان.

ئەو دۆخە لە ئەنجامی بە دەسەڵات گەیشتنی ترامپ بووە و ڕەنگە ئەگەر هیلاری کلینتۆنی کاندیدای دیموکراتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری بە دەسەڵات گەیشتبا، سیاسەتی دەوڵەتی باراک ئۆبامای سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا کە زیاتر هەوڵی دانوستان و نەک بەرەنگاربوونەوەی دەدا، درێژە پێ دەدا.

بە داخەوە ترامپ بە دوای بەرەنگاربوونەوەی ئێرانە و دەبێ لە بیرمان نەچێت کە یەکەمین سەفەری دەرەکیی وەک سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ عەرەبستانی سعوودی بوو کە دوژمنی پلە یەکی ئێران لە ئاستی ناوچەیە. لەو سەفەرەدا بوو کە گرێبەستێکی ٣٠٠ ملیارد دۆلاریی کرینی چەک لە نێوان واشنتۆن – ڕیاز واژۆ کرا و عەرەبستانی سعوودی دوای واژۆکردنی ئەو گرێبەستانە بوو بە سێهەمین وڵاتی جیهان لە دوای ئەمریکا و چین بۆ تەرخان کردنی باڵاترین ئاستی بوودجە لە بواری کڕینی چەک و جیهازاتی سەربازی.  

ئەمانە هەموو هێمان بۆ پشت‌ڕاست کردنەوەی بۆچوونەکانی پێشووم و پێناچێت کە تەنیا هەوڵێکی سەمبۆلیک بن. بەڵکوو بە جۆرێک ئامادەبوونە بۆ بەرەنگاربوونە و پەلامار لە دژی ئێران. هاتنی جان بۆڵتۆن – کە نئۆکانێکی شەڕخوازە – بۆ پۆستی ڕاوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی، لە خۆیدا هێمایەکی گرینگ و جێی سەرنجە.

هەر وەک ئاگادارن، کۆماریخوازان زۆرینەی کورسییەکانی کۆنگریسی ئەمریکایان پێیە و لە نوامبێری ئەمساڵی زایینی (۲۰۱۸)یشدا هەڵبژاردنی نێوان خولی کۆنگریسی-یان لە بەرە کە ئەزموونێکە بۆ تاقی کردنەوەی ئاستی ڕەزامەندی و ناڕەزایەتیی دەنگدەرانی ئەمریکایی بە ترامپ. بەڵام تەنانەت ئەگەر دیموکراتەکان لەو تاقیکارییەدا سەرکەون، کاریگەرییەکی لە سەر سیاسەتی واشنتۆن نابێت. بە داخەوە ئەوە ئەو دۆخەیە کە لە ئێستادا ئێران بەرەوڕوویەتی.

* رێگەچارەی ئاڵتێرباتیڤ بۆ یەکێتی ئەورووپا چیە، چونکە لە ئەگەری دەرچوونی ئەمریکا لە بەرجام، سەرمایەدانەریی دەرەکی لە ئێراندا دژوارتر دەبێت. لە ئاوەها دۆخێکدا، یەکێتی ئەورووپا چ گەڕەنتییەک بە ئێران دەدات؟

ـ ئەگەر ترامپ لە مانگی مەی (گوڵان)دا بەرجام پشت‌ڕاست نەکاتەوە، ئێران بەرەوڕووی جۆرێک قۆناغی تێپەڕین دەبێت. هاوکات ئەگەر ئەو پرسە بێتە ئاراواە، ئەورووپاییەکانیش بەرەوڕووی کێشە و ململانیگەلێکی زۆر بۆ پێوشوێن گرتنی سیاسەتەکانی خۆیان دەبن.

پێشبینیی من ئەوەیە کە ئەورووپییەکان هەرچیان لە دەست بێت (بۆ پاراستنی بەرجام) دەیکەن و لە ئیستادا شایەدی ئەو هەوڵانەین. هاوکاتم لە ٢ ساڵی ڕابردووەوە بەم لاوە، واتە لە کاتی کاندیدبوونی ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئەمریکا، ئەورووپییەکان دەرفەتی پێویستیان بۆ بیرکردنەوە لە سیاسەتگەلی شیمانەیی لە ئەگەری دەرچوونی ئەمریکا لە بەرجام هەبووە، کە هەڵبەت لە ئیستادا بۆتە پرسێکی مومکین.

ئەو ئەگەرەش لە ئارادایە کە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی واژۆکراوە لە گەڵ ئێران تەنانەت لە ئەگەری دەرچوونی ئەمریکاش شیاوێ جێبەجێ کردن بێت. ئەوە لە کاتێکدایە کە بە ئاوردانەوە لە مامەڵەگەلی ماڵی و بانکی و پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی ئەورووپا و ئەمریکا، ئەوە ئەگەرێکی زۆر دژوارە.

دژوارییەکی دیکە ئەوەیە کە دەبێ ئەورووپییەکان لە پێناو تۆکمەکردنی ئەنجام بدەن، هەتا نەکا زیان ببینن و یان ئەوەی کە ئازادیی هەڵسووڕانیان لە لایەن ئەمریکییەکانەوە بە بارمتە بگیرێت. ڕەنگە ناپەیمانیی ترامپ و دەرچوونی لە بەرجام، دەرفەتێکی زیاتر بداتە ئەورووپییەکان. بەوەشەوە نابێ لە بیرمان بچێت کە لە دەیەکانی داهاتوودا ئەمریکا گەورەترین هاوپەیمانی ئەڵمانیا و بەریتانیا دەبێت و ئەوان ٢ وڵات لە ٣ وڵاتی ئەورووپیی واژۆکەری بەرجامن.

هەڵبەت فەڕەنساش هەوڵی دانوستان سەبارەت بە پلانی مووشەکیی ئێران دەدات کە ئەویش خاڵی سووری تارانە و هەرگیز جێبەجێ نابێت و بە بڕوای من، ئیمانۆئێل ماکرۆنی سەرۆک کۆماری فەڕەنساش دەبێ پەی بەو ڕاستییە ببات.  

س/ ئاژانسی هەواڵی مێهر - مریەم خۆرمایی

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP