كوپا كوردی 2019
چەند ساڵێك لەمەوبەر ستوونێكم لەسەر بردنەوەی مۆندیالی 2022 قەتەڕ نووسی،كە مەبەستم ئەوەبوو ئەو وڵاتە سەرەتا بە چوار كەناڵی وەرزشی جیهانی وەرزش ومیدیای وەرزشی بۆ خۆی تەنی وتوانی میوانداری ئەم مۆندیالە بەدەست بێنێت،ئەمجارەیان وا هەست دەكەم هەڵە بم،یان نەمزانی بێت و خەواڵوو بووبم،یاخود نەمتوانی بێت ئەم بابەتە بەجوانی هەڵێنجم،دەكرێ منیش وەكو هونەرمەندی گۆرانی بێژ (حەسەن گەرمیانی) تووشی بەخۆداچوونەوەی شیعرەكانم بم،كاتێك نووسی (لەگەڵ هەستی پاكی من بن) بەڵام دوای (20) ساڵ گۆڕی و نووسی (لەگەڵ هەستی پاك بن).
رێكەوتی 25-1-2019 كاتێك تیروپشكی كۆپا ئەمریكای 2019 بەڕازیل ئەنجامدرا،رێك 180پلە لە جارانی پێشوو جیاوازتر بوو،وڵاتێكی كەنداو ناوی لە گروپی (بی) ئەم پاڵەوانیەتییە دەبیندرا!،هەروەها (ژاپۆن) یش لە گروپی (سی) دەبیندرا،هەموو پێوەرەكان ئاوەژوو بووەوە،من نازانم گەر ئەمە كوپا ئەمریكا بێت هەڵەیە،گەر مێژووبێت هەڵەیە،گەر جوگرافیا بێت هەڵەیە،گەر لۆژیك بێت هەڵەیە،گەر هەموو ئەگەرەكان بێت هەر هەڵەیە،چونكە كوپا ئەمریكایە،یەكییان لە كەنداوە وئەوی تر لە ئاسیا،یەكێك بە پورتوگالی قسە دەكەن كە بەڕازیلییەكانن،ئەوی تر بە عەرەبی قسە دەكات،ئەوی تر بە ژاپۆنی،كیشوەری ئەمریكاش جگە لە بەڕازیل هەموو بە ئیسپانی قسە دەكەن،بۆیە هیچی بۆ هیچ نابێت ویەكتر ناگرنەوە.
بۆیە من نازانم ئەمە هەنگاوی یەكترناسینی كیشوەرەكانە؟،یان نەتەوەكانە؟یاخود لێك نزیك بوونەوەی مرۆڤەكانە؟گەر وابێت بۆچی كوپا ئەمریكا لە كوردستان بەرێوە ناچێت و وڵاتانی مۆزەنبیق و ئەفغانستان و سوید بەشداربن؟جیاوازی چییە؟ ئایا ناكرێت ونابێت؟بەڵگەكانی پێشوو وا دەسەلمێنن،یاخود شتێكی تر هەیە ئێمە نایزانین!،ئایا وەرزش گەشتە رادەی (مایە پوچ)ی یاخود (قرخ بوون -ئیفلاس)،چونكە ئەم دەستەواژانە وامان پێدەڵێن،گەر پارەت هەبوو مەحاڵەكان بوونیان نامێنێت!.
من تەنها نیگەرانی دوو هۆكاری ئەم هۆكارانەم،یەكەمیان گەر منداڵەكانمان لێیان پرسین وگووتیان كوردستان دەكەوێتە ئەروپا،یاخود بڵێن (مان یۆنایتد وبەرشلۆنە و پاریس سان جێرمان) لە خولی كوردستان یاری دەكەن،نابێت بڵێین نابێت یاخود وانیە!،دووەمیان دەبێت لە بری داهێنان و زانست وهزر و لۆژیك و وەرزش و خوێندن و ژیری و توانا و یەكسانی و دادپەروەری و خۆشەویستی و میدیای وەرزشی،هەموویان بسڕینەوە ولە شوێنی ئەوانە پارە و هێز بكەین بە دەستووری ژیان،بۆیە لە بری كوپا ئەمریكا كردم بە كوپا كوردی 2019!!!.