02/07/2019
ئیسماعیل عوسمان
436 جار بینراوە

مەزھەری خالقی ، ھونەری نوخبە

لەدونیای ئەدەبی و روناکبیری ئێمەدا زۆرن ئەو کەسانەی کە جێگای تایبەتیان ھەیە، بوون بە بەشێک لە یادەوەری و بیرکردنەوەی نەتەوەیەک، ھەندێک لەوانەی ناو و نازناو ئاوازیان بوونەتە ووردی سەرزمان و بەستەو مەقاماتەکانیان نەوە بە نەوە لەھزر و بیرکردنەوەی تاکەکاندا دەزرنگێتەوە، ھەربۆیە پێویستە وەک پاشخانێکی ئەدەبی و فکری گەورە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

 ھونەری نوخبە، بەوجۆرە لە ھونەر دەناسرێت کە کۆمەڵێک تایبەتمەندی خۆی ھەیە کە جیایدەکاتەوە لەھونەرەکانی دیکە، کاریگەری لەسەرھەست و بیرکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگا لەسەردەمەکەی خۆی و لە دوور مەوداشدا بەجێ دەھێڵێت، دەکرێت بوترێت ھونەرێکی ئاڤانگارد (Avant-Gard) یە کە دەتوانێت جۆرێک لە نوێگەری لەرووی تەکنیکی و شێوازی کارکردن بەرھەم بینێت، رووبەروی ھەموو ئەو شێوازە ھونەرە تەقلیدیانەی دیکە بێتەوە کە بوونیان ھەیە.
 ئەمەش ئەم جۆرە لە ھونەر لە ھونەری دیکە جیا دەکاتەوە، لەوانەش ھونەری گشت پەسەند، ئەم جۆرە لە ھونەر کۆی گشتی کۆمەڵگا گوێبستی دەبێت، جەماوەرێکی زۆری کۆمەڵگا لەدەوری کۆدەبێتەوە، بەڵام دونیابینیەکی کورتی ھەیە و لەماوەیەکی زەمەنی دیاریکراودا دەمێنێتەوە ھەرئەوەش وادەکات کە ئەم جۆرە ھونەرە لەدورمەودا لەھزری و بیرکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگادا نامێنێت وون بێت، دونیای مۆسیقاو ھونەری کوردیش پڕیەتی لەم جۆرە ھونەرە.
مەزھەری خالقی، نموونەیەکی جوانە لە ھونەری نوخبە یان ھونەری ئاڤانگاردی، ئەم ھونەرمەندە گەوھەرێکی گەورەیە کە دونیای ئەدەبی ئێمەی دەوڵەمەندکردووە، ئەو ئەستێرەیە کە بەردەوام لە زھنی ئێمەدا بەگەشاوەی دەمێنێتەوە، ئەو بولبولەیە کە جیاواز لەوانی دیکە دەچڕێـت، ئەو ئەڵماسەیە کە ھەمیشە و لەدوورەوە دەبریسکێتەوە. 
خالقی، دەنگ و ئاوازی رەسەنی کوردیە، بەوستایلە و ئاوازی نەرمەی کە ھەیبوو  سەردەمی خۆی تێپەراند و دونیایەکی نوێ لە شێوازی وتنی گۆرانی ھێناوەتەوە ئاراوە، ھەر ئەوەش وایکردووە کە  توانیویەتی لە ھزری کۆی گشتی نوخبەی کۆمەڵگادا جێگای خۆی بکاتەوە، رووبەڕووی ھەموو ئەو ستایلە تەقلیدی و ھونەری عامیانە (گشت پەسەند) دانەی دیکە بێتەوە، جێگایەکی بەرز و باڵا لە مێژووی ھونەری کوردیدا داگیربکات.
لە ئێستادا بەستنی کۆنگرەی ناودارانی کورد لەشاری سنە ھێندەی تری سنەی جوانترو ئاویەری بەرز و بڵندتر کردووە، دوای ٣٥ ساڵ گەرانەوەی مەزھەری خالقی بۆ سنە، شادبوونەوەی بە زێد و نیشتمانی ھەمیشەیی خۆی، ئاویەر فرمێسکی شادی دەرێژێت، پەیکەری مەولەوی لە ئامێزدا سرودی نیشتمانی دەچرێت، مەیدان (اقبال) جمەی دێت لە ئازیزان بۆ لەباوەشگرتنی ئەم ھونەرمەندە گەورەیە. 
دیاریکردنی کەسایەتیەکی گرنگی وەک مەزھەری خالقی و بەختیار عەلی لە باشووری کوردستان وەک دوو کەسایەتی ھونەری نوخبە لە بواری مۆسیقا و نوسینی رۆماندا گرنگیەکی تایبەتی ھەیە، چونکە یادەوەری نەتەوەیەک شانازیان پێوە دەکات، خەرمان و کەلتوری ئەدەبی ھونەری کوردی دەوڵەمەندتر دەکەن.

 

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP