27/06/2019
شه‌ماڵ نووری
531 جار بینراوە

به‌شه‌رعیكردنی پاره‌ پیسه‌كان

زۆرجار گوێبستی كۆمه‌ڵێك داخوازی و په‌یام ده‌بینه‌وه‌ كه‌ ناواخنیان له‌ چاكسازیی و راستكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی و گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری و دژایه‌تیكردنی گه‌نده‌ڵیدا خۆیان ده‌بیننه‌وه‌ و  ئومێدیان له‌سه‌ر هه‌ڵده‌چنرێن، سه‌رجه‌م چه‌مكه‌كانی ناو كایه‌كانی ئه‌م چاكسازییانه‌ به‌ حوكمڕانی باشه‌وه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه‌، ئه‌و حوكمڕانییه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ كابینه‌ی نوێدا بۆ دامه‌راندنی  حكوومه‌تێكی به‌هێز و كارا پێویستێتی. له‌ناو ئه‌م چه‌مكانه‌شدا هه‌ندێك جاری تر گوێبیستی بابه‌ته‌كانی تاوانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ یان شووشتنه‌وه‌ی پاره‌ ده‌بین  چ  وه‌ك بابه‌تێكی نوێ و هه‌م وه‌ك تاوانێكی به‌ربڵاو و هه‌ستیار دێنه‌ پێشه‌وه‌، هه‌رێمی كوردستانیش كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ناو ته‌ونه‌ جاڵجاڵۆكه‌ییه‌كه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه‌؛ له‌ په‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م تاوانه‌ی كه‌ سنووره‌كانی تێپه‌ڕاندووه‌ و رووی له‌ هه‌موو كووچه‌ و قوژبنێكی دنیا كردووه‌ به‌ده‌ر نییه‌، ئه‌وه‌تا سندووقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی قه‌باره‌ی شووشتنه‌وه‌ی پاره‌ی له‌ دنیادا به‌ 950 ملیار دۆلار مه‌زه‌نده‌ كردووه‌ و پێی وایه‌ بانكه‌كان ساڵانه‌ پێشوازی له‌  750 ملیۆن دۆلاری ئه‌م تاوانه‌ ده‌كه‌ن و له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا لبنان و عێراق له‌ ریزبه‌ندی پێشه‌وه‌ی ئه‌م تاوانانه‌ دێن.

 به‌شه‌رعیكردنی پاره‌ پیسه‌كان و ئه‌و پارانه‌ی به‌شێوه‌ی ناشه‌رعی و دوور له‌ بنه‌ماكانی ئه‌خلاق و یاسا به‌ده‌ست هاتوون، قورسترین ئه‌و ئه‌ركانه‌یه‌ كه‌ زۆر له‌ حكوومه‌ته‌كانی دنیا له‌به‌رده‌میدا چۆكیان داداوه‌ و پێی نه‌وێراون، چونكه‌ ئه‌نجامده‌رانیان هه‌موو یاسا ئاسمانی و رێسمانییه‌كانیان به‌زاندووه‌، پێوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵ له‌ نێوان مافیاكانی به‌رهه‌مهێنان و بڵاوكردنه‌وه‌ی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان و گرووپه‌كانی  چه‌كفرۆشتن  و ئه‌و سه‌دان تاوانه‌ی كوشتن و رفاندن و قومار و شوێنه‌وار و بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ و ئه‌ندامانی له‌ش و قۆرخكه‌رانی نه‌وت و غاز و به‌لاڕێدابردنی ناوه‌ڕۆكی گرێبه‌ست و پڕۆژه‌ و كاره‌كانی حكوومه‌ت هه‌ن، ئه‌م تاوانانه‌ و سه‌دان تاوانی تری فرتوفێڵ و سیخوری و ساخته‌كاری له‌ چوارچێوه‌ی كاری یاسایی ژێرخانی هه‌ندێك حزبی سیاسی و سه‌رخانی بیركردنه‌وه‌ی سیاسه‌تمه‌داران و به‌رپرسانی حكوومه‌ت شاردراوه‌ته‌وه‌ و كاری دزێو و نامرۆڤانه‌ و مۆركێكی یاساییان پێ دراوه‌، كه‌ له‌ به‌رده‌م لاوازی دامه‌زراوه‌كان و نه‌بوونی حكوومه‌تێكی به‌هێزدا هیچ كام له‌ ده‌زگه‌كانی دیوانی چاودێری دارایی و ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ و ده‌سه‌ڵاتی قه‌زایی، ناتوانن به‌م میكانیزمه‌ كۆنانه‌وه‌ له‌م ژینگه‌ نائارام و نائاساییه‌ی عێراق و كوردستاندا میكانیزمی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بۆ دابنێن، به‌تایبه‌تی دوای تێكه‌ڵبوونی سیاسه‌ت و بیزنس و كۆنتراكته‌ نهێنییه‌كان، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایكردووه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكدا بیزنسمانه‌ ملیاردێره‌كان ده‌ربكه‌ون و له‌ غیابی سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی ئابووری و پرۆسه‌یه‌كی سه‌قامگیری سیاسیدا گه‌مه‌ به‌ دامه‌زراوه‌ ره‌قابییه‌كانیش بكه‌ن، كه‌ ئه‌وانیش خۆیان خافڵی مانۆڕی لێپرسینه‌وه‌ له‌ باج و رسوومات و گه‌نده‌ڵی بچووك و كه‌مبایه‌خ كردووه‌، ده‌رئه‌نجام یاسا بووه‌ته‌ ئه‌و تۆڕه‌ی ته‌نیا ماسیی بچووك بگرێت و نه‌هه‌نگه‌ گه‌وره‌كان تۆڕه‌كه‌ بدڕێنن و وه‌ك به‌رزه‌كی بابان بۆی ده‌ربچن. واقیعی تاڵی دوو ئیداره‌یی و ململانێی حزبایه‌تی و ناشاره‌زایی ئۆپۆزسیۆن و به‌زم و هه‌رای راگه‌یاندنیش دۆخێكی وایان خوڵقاندووه‌، كه‌س هانده‌ری به‌دواداچوون و لێپرسینه‌وه‌ و چاودێریكردنی مافیاكانی تاوانی شووشتنه‌وه‌ی پاره‌ی نه‌په‌رژێت، جاران بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ئه‌مه‌ریكا فرۆشیارانی ورده‌ی ماده‌ بێهۆشه‌كان كه‌ كاری كڕین و فرۆشتنی ئه‌م ماده‌ ژه‌هراوییه‌یان ده‌كرد، پاره‌كه‌ به‌ده‌ستیان تلیاكاویی ده‌بوو، ناچار ده‌یانبرده‌ دووكانه‌كانی شووشتنه‌وه‌ی جلوبه‌رگ و به‌ ئوتووی هه‌ڵمی پاره‌كانیان خاوێن ده‌كرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونی تاوانه‌كه‌ و فراوانبوونی سنووره‌كان و هاوكاریكردنی بانك و مه‌سره‌فه‌كان، پێویستیان به‌وه‌ نییه‌ ئه‌م كاره‌ بكه‌ن، گواستنه‌وه‌ و بزركردنی پاره‌كه‌ زۆر ئاسانتره‌ له‌ جاران، مادام كه‌سانێك هه‌ڵده‌تۆقن و به‌ناوی سیاسه‌ته‌وه‌ كاری بیزنس و كۆنتراكت و سه‌فه‌قات ده‌كه‌ن، نه‌ك هه‌رخۆیان له‌ یاسا به‌گه‌وره‌تر ده‌زانن، بگره‌ ده‌زگه‌ ته‌شریعی و قه‌زاییه‌كانیش له‌توانایاندا نییه‌ رووبه‌ڕووی ئه‌و جۆره‌ مافیانه‌ ببنه‌وه‌ كه‌  له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كات بوونه‌ته‌ دومه‌ڵ و كێم و جه‌راحه‌تیان به‌سه‌ر ئازار و مه‌ینه‌تی ئه‌م میلله‌ته‌دا ده‌ڕێژن. له‌م روانگه‌ و واقیعه‌ تاڵه‌ی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌دا رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تاوانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی ملیاران دۆلاری دزراو كه‌ له‌ كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان له‌ناو بیزنسی نهێنی و درۆدا بزر كراوه‌، له‌ قورسترین كاره‌كانی به‌رده‌م كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێ به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ هاتنی ژماره‌یه‌كی زۆری حزبه‌ كوردستانییه‌كان كه‌ زۆر له‌ كاراكته‌ره‌ سیاسی و سیاسه‌تمه‌داره‌كانیان خۆیان پارێزه‌ر و ئه‌نجامده‌ری تاوانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ن و هه‌ر بۆ پارێزگاریكردن و به‌رده‌وامی و كه‌ڵه‌كردنی زیاتری بیزنسه‌ پیسه‌كانیان، خۆیان خزاندووه‌ته‌ ناو حكوومه‌ته‌وه‌ و نازیش به‌سه‌ر میله‌تدا ده‌كه‌ن.  

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP