25/06/2019
پەیام والی
420 جار بینراوە

جیاوازیی ڕێژەى ژن بەرامبەر بە پیاو لە جیهاندا چەندە؟

ناو بەناو مەسەلەى ڕێژەى ژن بەرامبەر بە پیاو دێتە بەر باس، ڕەنگە دواترینیان ئەوە بێت کە بەم دواییە لە دەزگایەکى میدیاییەوە، بە ناوى ئامارى (نەتەوە یەکگرتووەکان)ەوە وا بڵاو کرایەوە کە "لە جیهاندا پێنج ملیار و 600 ملیۆن کەس لە ڕەگەزى مێ و دوو ملیار و 200 ملیۆن کەسیش لە ڕەگەزى نێرن"، بەو حیسابەش بێت 2،4 ژن بەرامبەر بە یەک پیاون، یان بە دەستەواژەیەکى تر بیڵێین: دەکات 40%ى جیهان پیاو و 60%کەى تری ژنن، بەم پێیەش بێت ڕێژەى ژن بەرانبەر بە پیاو گەلێک زیاترە.

 بەڵام هەموو موسڵمانێک باوەڕی بەوە هەیە کە خوداى گەورە هەموو شتەکانى بە هاوسەنگی داناوە، کاتێک کە ئەو هاوسەنگییە تێکدەچێت، ئیتر ماناى وایە لە ڕۆژى دوایی نزیک بووینەتەوە.
بەڵام ئامارە فەرمییە دروستەکان شتێکى تر دەڵێن. بەپێى نوێترین داتا، ئێستا ژمارەى دانیشتووانى گۆى زەوى حەوت ملیار و 712 ملیۆن کەسە، لەو ژمارەیە 3 ملیار و 890 ملیۆنى کوڕ و 3 ملیار و 822 ملیۆنیشى کچن. بەم جۆرەش کوڕان 50،4% و کچانیش 49،6%ى دانیشتووانى جیهان پێکدێنن، کەواتە ڕێژەى کچان بە ژمارەیەکى کەم لە ڕێژەى کوڕان زیاترە (1).
جا ئەم جیاوازییە لە سەرەتاى تەمەنیشدا بەپێچەوانەوەیە، بەپێى داتاکانى (ڕێکخراوى تەندروستیی جیهانى)، لە کاتى لەدایکبووندا، 105 کوڕ بەرامبەر بە 100 کچن، بەمەش دەکات 51،2%ى تازەلەدایکبووان کوڕ و 48،8%ش کچن (2). ئەوەش زۆر ورد بکرێتەوە، دەردەکەوێت ئەو جیاوازییە بەهۆى ئەوەوەیە زۆر جار کە بزانرێت کۆرپەلەکە کچە، لەبار دەبرێت، هەر وەک 0،1-1،7% ى منداڵەکانیش نێرەمووکن (3).
ئاشکراشە هۆى سەرەکیی کەم بوونەوەى ژمارەى کوڕان بەچاو کچان لە دوادواکانى تەمەندا بەهۆى ئەوەوەیە کە زیاتر ڕووبەڕووى جەنگ و ڕووداوە جیاجیاکانى هاتوچۆ و کار و ... هتد دەبنەوە و زووتر گیان لەدەست دەدەن.
بەم جۆرە لە سەرەتا و کۆتاى تەمەندا جیاوازییەکى وا لەنێوان ڕێژەى کوڕ و کچدا نییە کە شایانى ئاماژە پێدان بێت.

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP