24/06/2019
فەهمی حەمە تۆفیق
344 جار بینراوە

بۆ قوتابیانى پۆلى ١٢، ئەمەوێ بڵێم

بۆ سەرجەم قوتابیانى پۆلى دوانزە کە نمرەى خۆتان وەرگرتەوە، بەندەش وەک مامۆستایەکى ئەو قۆناغەو پسپۆڕێکى بوارى پەروەردەو فێرکردن، دەمەوێ بڵێم:

ئێستا رۆژى دەستکەوتنەوەى بەرى رەنجى خۆتانە، بۆ ئەوانەتان کە نمرکانتان بەدڵى خۆتانەو پێى دڵخۆشن پیرۆزباییتان ئاراستە ئەکەم، ئێوە پێش رەنجى شانى خۆتان، ئەوە بە پشتیوانى خواى گەورەى بزانن و سوپاسى خواى گەورەى لەسەر بکەن، خوا لە داهاتووشدا زیاتر سەرکەوتووتان بکات..

بۆ ئەوانەش کە لەچاوى ئێمەوەنمرەى باشتان هێناوە، بەڵام زۆر بەدڵى خۆتان نییە و چاوەرێى زیاتر بوون، دیسان پیرۆزباییتان لێدەکەم، دەمەوێ لەسەر ئەم ئەنجامە بڵێم:
ئەگەر هەوڵ و کۆششى خۆتت کردووەو ئەوەى هاتووە لە دەرەوەى توناى خۆتە، کەواتە پێى نیگەران مەبە، تۆ چوزانى سەرکەوتنى دواترت لەکوێوەیە؟ ئایا دڵنیانیت کە خواى گەورە ئەوەى بۆ تۆ ویستووەو خێرى تێدایە بۆ تۆ؟ کەواتە ئەمە بە سەرکەوتن بزانە و کۆششى جددى بۆ ئەو داهاتووە بکە, ئەوە دەبێتە ئارامى دڵ و، پشت بەخوا ببەستە تا پشوو بە دەروونت ببەخشێت..

بۆ ئەوانەش کە نمرەى کەمیان هێناوەو هیچ بە دڵیان نییە، یاخود دەرنەچوون و نیگەرانن لەو نمرەیەى بۆیان هاتووە، دیسان دەڵێم: بەشێکى زۆرى پەیوەستە بە هەوڵ و کۆششى خۆتەوە کە وەک پێویست هەوڵت نەداوە، بەشێکى ترى پەیوەستە بەو توانایەتانەوەو زیاتر لەوەتان نەدەتوانى، بەشێکى ترى پەیوەستە بە بارودۆخێک کە بۆ هەندێ کەس هاتووەتە پێش وەک نەخۆشى و نیگەرانییەک لەکاتى وەرزى خوێندن و سەعى کردنەکاندا، لە هەر حاڵەتێکیاندا ئەوە بزانە کە کۆتایی دونیا نییەو دەرفەت زۆر لە بەردەمتاندا ماوە، کۆششى زیاتر بکەو سود له ئەزموونى ئەمساڵ وەربگرە، دڵتەنگى ئاساییە، بەڵام رووخان و نائومێدبوون نائاساییە و هیچت پێ نابەخشێ، بۆیە مەردانە قۆڵى لێ هەڵماڵەو هەڵەکان راست بکەرەوە، پشت بەخوا دڵخۆش دەبی..

بەگشتى بۆ قوتابیان و خوێندکارانى پۆلى دوانزە کە گلەیی و گازندەیان هەبوو و،لە هەڵەى پرسیارەکان و گرفتەکانى پەروەردە لە کوردستان نیگەران بوون، ئەمەوێ بڵێم: پەیامەکەتان گەیشت، ئێمەى مامۆستایانیش لە ئێوەى خوێندکارانمان زیاتر نیگەران بووین، ئەوەندەى کرا و قەرەبوو کرانەوە تەواو بوو، ئیتر ئەوەندەى ماوە لە دەسەڵاتى ئێوەو ئێمەش نییە، لەبەر ئەوەش کە حاڵەتێکى گشتییە و بۆ کۆى گشتى ئەو قۆناغەیە، ئەمە ئەبێ نیگەرانییەکان کەمتر بکاتەوە، ئیتر دەسەڵات هەر ئەوەندەیە، بۆیە ئێوە لەڕێى خۆتانەوە بە نمرەو ئەنجامى خۆتانەوە بۆ ئەو شوێنەى بۆى دەچن و لێى وەردەگیرێن، خۆتان بەدوور بگرن لە کەمتەرخەمى، گەندەڵى، ناعەدالەتى، ستەمکارى، تۆڵەسەندنەوە.... هتد، ئەوکاتئەوە ئێوەن دەبنە مایەى خێر و پشتیوانى خێر بۆ خۆتان و دەروبەرتان و کۆمەڵگاکەتان کە ستەمى زۆرى بەرامبەر کراوە..

ئێوە بژین بە خۆشى و کامەرانى و ، کۆمەڵگاى کوردەواریش دوور بێت لە ناخۆشى و ستەم و دەستى گەندەڵکاران، پرۆسەى پەروەردەو فێرکردنیش رێچکەى پیرۆز و گرنگى خۆى بگرێت و، بەرپرسانى پەروەردەش سوود لە ئەزموونە هەڵەکان و گرفتەکان وەربگرن تا بۆ داهاتوو دوبارە نەبنەوە..

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP