19/06/2019
سه‌ڵاح حه‌سه‌ن پاڵه‌وان
626 جار بینراوە

چێژی خوێندنه‌وه‌

یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ زۆر قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت پرسی خوێندنه‌وه‌یه‌، به‌ڕاستی ئه‌مه‌ بووه‌ته‌ گرفتێكی سه‌رده‌م و به‌رپرسیارییه‌كی گه‌وره‌ی له‌ به‌رده‌م نه‌وه‌كانی داهاتوودا كردووه‌ته‌وه‌. دیارده‌ی خوێندنه‌وه‌ رۆژ به‌ رۆژ روو له‌ كزی ده‌كات، كه‌ كۆمه‌ڵێ فاكته‌ر هۆكاری ئه‌م كزبوونه‌ن، ئه‌م دیارده‌یه‌ش ده‌بێته‌ هۆی په‌ره‌پێدان به‌  نه‌زانی و گه‌مژه‌یی و بێئاگایی. هه‌ندێك پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا روو ده‌دات به‌ ته‌واوی په‌راوێزكردنی خوێندنه‌وه‌ و گوێنه‌دانه‌ به‌ پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌، ئه‌مڕۆ چ له‌ رووی ده‌وڵه‌ت و چ له‌ ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ بێبایه‌خییه‌وه‌ ده‌ڕوانرێته‌ دیارده‌ی خوێندنه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ كتێبی چێژی خوێندنه‌وه‌ هه‌وڵه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ روانگه‌ی توێژێ له‌ توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا كۆمه‌ڵێ پرسیاری ورووژاندووه‌ كه‌ گرنگن بۆ دۆزینه‌وه‌ی بێبایه‌خبوونی ئه‌م دیادره‌یه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌. كتێبی چێژی خوێندنه‌وه‌ی له‌ فه‌زا و بواره‌كانی خوێندنه‌وه‌دا بۆچوونی كۆمه‌ڵێ نووسه‌ری كۆ كردووه‌ته‌وه‌، هه‌ریه‌كه‌ و به‌جۆرێك سه‌روكاری له‌گه‌ڵ نووسین و خوێندنه‌وه‌دا هه‌یه‌. هه‌ندێ له‌و نووسه‌رانه‌ هه‌موو خه‌میان خوێنه‌ره‌ و هه‌ندێكیش به‌ وریایی ده‌ڕواننه‌ گوڕانكارییه‌كانی مه‌ودای روانین بۆ خوێندنه‌وه‌ و بڕێكیشیان له‌ خه‌ون و ئه‌زموونه‌كانی خۆیان ده‌دوێن.

وه‌ك ئاماده‌كاری ئه‌م كتێبه‌ ده‌مه‌وێ منیش به‌ قسه‌یه‌كی عه‌باس مه‌حموود عه‌قاد ئه‌م كتێبه‌ بكه‌مه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت "خوێندنه‌وه‌ی چه‌ندان ته‌مه‌نی تر بۆ مرۆڤ زیاد ده‌كات" ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه‌ چه‌ندان ئاست و تێگه‌یشتن و روانینی جیاجیا له‌مه‌ڕ خوێندنه‌وه‌ ده‌بینین. له‌م كتێبه‌وه‌ تێده‌گه‌ین هه‌ر لای نووسه‌ره‌ جیاوازه‌كان خۆیان بۆچوونی هه‌مه‌چه‌شن له‌مه‌ڕ خوێندنه‌وه‌ی هه‌یه‌ یه‌كێكیان پێی وایه‌ كتێب سه‌رچاوه‌ی هه‌موو زانینێكه‌، هه‌ندێكی تر به‌ پێچه‌وانه‌ هۆشداری ده‌داته‌ نووسه‌ران كه‌ به‌ ئاگابن به‌رامبه‌ر به‌ ژه‌هری كتێب واته‌ كتێب له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی جوانیمان پێ ده‌به‌خشێت، جوانیشمان لێ ده‌سه‌نێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی باوه‌شمان بۆ ده‌كاته‌وه‌، له‌ پشتیشه‌وه‌ خه‌نجه‌رمان لێ ده‌دات. كتێبی چێژی خوێندنه‌وه‌ له‌سه‌ر سێ ته‌وه‌ری گرنگ بابه‌ته‌كانی هه‌ڵچنیوه‌، یه‌كه‌میان گرنگی خوێندنه‌وه‌ و مانای خوێندنه‌وه‌ له‌ پێوه‌ندییه‌ هه‌مه‌چه‌شنه‌كان، دووه‌م خوێندنه‌وه‌ وه‌ك ده‌روازه‌یه‌ك له‌ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ مه‌وداكانی ژیان. سێیه‌م ئه‌رێنی و نه‌رێنی ئه‌م پرۆسه‌یه‌. شاخه‌وان سدیق به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 13 كه‌س ده‌یه‌وێ ئه‌و پرسیاره‌ی كافكا وه‌ڵام بداته‌وه‌ ئایا مرۆڤ بۆچی ده‌خوێنێته‌وه‌؟. هه‌ندێ له‌وانه‌ی له‌وێدا قسه‌ له‌سه‌ر كتێب و خوێندنه‌وه‌ ده‌كه‌ن، خۆیان به‌ ناوه‌ڕۆكی پرسیاره‌كه‌ نه‌به‌ستووه‌ته‌وه‌ و له‌ وه‌ڵامدا په‌لوپۆی هه‌مه‌چه‌شنیان هاویشتووه‌، سیوه‌یلی وه‌ك نووسه‌ر پێی وایه‌ مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی خوێنه‌ره‌، ورده‌ نیگاكانی خۆی له‌ شێوه‌ی كورته‌ رسته‌دا ده‌خاته‌ به‌رده‌می خوێنه‌ر، پێشی وایه‌ شارستانیه‌تی مرۆڤایه‌تی چه‌ند فۆرمێكی تری خۆرۆشنبیركردنی مرۆڤی ته‌ی كردووه‌. له‌وانه‌ش زاره‌كی و بیستن و گێڕانه‌وه‌. بۆیه‌ سیوه‌یلی به‌ ته‌نیا كتێب وه‌ك سه‌رچاوه‌ی خوێندنه‌وه‌ نازانێ، بگره‌ ناوه‌ند و ئامرازه‌ مۆدێرنه‌كانیش له‌ دیدگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ جۆرێكی ترن بۆ خۆرۆشنبیركردن، به‌ڵام له‌ دوایشدا ئه‌وه‌ ده‌ڵێت كه‌ سه‌رباری بوونی هه‌موو ئامرازه‌ هه‌مه‌چه‌شنه‌كانی زانیاری، به‌ڵام هیچ هێزێ نه‌یتوانیوه‌ پێگه‌ی كتێب له‌ق بكات. هه‌میشه‌ كتێب له‌ دنیای ئیندیڤیدوالیه‌تدا پێوه‌ندی داده‌مه‌زرێنێت، ئه‌و پێی وایه‌ خوێنده‌وارترین مرۆڤ ئه‌وانه‌ نین كه‌ ته‌نیا كتێب ده‌خوێننه‌وه‌، كه‌سانێك هه‌ن بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك پیت خوێنده‌وارییان هه‌بێت، هه‌موو كتێبه‌كانیان خوێندووه‌ته‌وه‌، دیاره‌ لێره‌دا مه‌به‌ست له‌ ئه‌زموون و دنیابینی و ناخبینی تاكه‌ تایبه‌تییه‌كانه‌. 

ئه‌لبێرتۆ مانگۆیل ده‌ڵێ "كاتێك خوێندنه‌وه‌ ته‌نیا له‌ چێژدا كورت ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌ڕاستی له‌ بایه‌خی خوێندنه‌وه‌ كه‌م ده‌كه‌ینه‌وه‌". یه‌كێكی تر له‌و نووسه‌رانه‌ كه‌  لایه‌نگیر و گله‌وه‌ده‌ری كتێبه‌ له‌ په‌ناگه‌ و ژینگه‌كه‌ی خۆی و هه‌رگیز نایه‌ڵێ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئارامی كاكه‌ی فه‌لاحه‌، ئه‌و پێی وایه‌ خوێندنه‌وه‌ قه‌ت گره‌نتی نادات تۆ ببیت به‌ مرۆڤێكی رۆشنبیر ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌خوێنیته‌وه‌"، ده‌یه‌وێ به‌ كه‌سی خوێنه‌ر بڵێت به‌وه‌ دڵخۆش مه‌به‌ كه‌ خوێندنه‌وه‌ یارمه‌تیت بدات ببی به‌ بوونه‌وه‌رێكی جوان، ئه‌گه‌ر تۆ له‌ ناخه‌وه‌ بوونه‌وه‌رێكی جوان نه‌بووبیت هیچ شتێ یارمه‌تیده‌ر نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جوانت بكات. ئه‌م خوێنه‌وه‌ره‌ به‌ چاوێكی تایبه‌ت خوێندنه‌وه‌ ده‌بینێت، هه‌ر ئارام پۆلینكردنێكی تایبه‌تی كردووه‌ بۆ خوێندن و خوێنه‌ر و جۆره‌كانی تری خوێندنه‌وه‌، ئه‌و بڕوای به‌ په‌رجووی كتێب هه‌یه‌، به‌ڵام بڕوای به‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌و په‌رجووه‌ نییه‌. بڕوای ته‌واوی به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ هه‌تا زیاتر چێژ له‌ خوێندنه‌وه‌یه‌ك وه‌رگرێت ئه‌وه‌ زیاتر پێوه‌ندییه‌كانیان قووڵتر ده‌بێته‌وه‌، بڕوای ته‌واوی به‌وه‌یه‌ كه‌ چێژ له‌ پێوه‌ندی و لێكگه‌یشتن و ئامانجه‌وه‌ دروست ده‌بێت. ئه‌و داوا ده‌كات كه‌ كتێب له‌ ژیانماندا بهێڵینه‌وه‌ چون ژیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی كتێب هیچی تێدا نامێنێت. یۆن كاڵمان ده‌ڵێت: "به‌بێ كتێب ئێمه‌ دڕنده‌ ده‌بووین" . پێچه‌وانه‌كه‌شی راسته‌ ئه‌گه‌ر هه‌ندێ كتێبیش نه‌بووایه‌ مرۆڤ فێری كۆمه‌ڵێ دڕنده‌یش نه‌ده‌بوو، كتێبه‌ ئاینی و ئایدیۆلۆجی و ده‌روونییه‌كان زۆرترین كاره‌ساتیان بۆ مرۆڤایه‌تی خوڵقاندووه‌، له‌ جیاتی به‌هه‌شت دۆزه‌خیان بۆ دروست كردووین. بۆیه‌ ئه‌حمه‌دی مه‌لا ده‌ڵێ: نابێ كتێب به‌ندیخانه‌ بێت، ده‌بێ ماڵێك بێت ده‌رگه‌كانی به‌ره‌و ده‌رگه‌ی فراوانترمان به‌رێت. واته‌ ئه‌و دژ به‌وه‌یه‌ كتێب عه‌قڵی مرۆڤ تووشی دۆگما بكات و له‌ خاڵێكدا رایبگرێت. وه‌ك پێوه‌ندی دۆن كیخۆت له‌گه‌ڵ كتێبدا كه‌ دواجار تووشی شێتبوونی كرد. ئه‌وه‌ی تووشی ئه‌م نه‌گریسییه‌ ده‌بێت كه‌سێكه‌ كه‌ واقیع و خه‌ون تێكه‌ڵ ده‌كات.

 ئه‌نوه‌ری ره‌شید عه‌وڵا ده‌یه‌وێ ئاماژه‌ به‌خاڵێكی زۆر تایبه‌ت بكات له‌مه‌ڕ به‌خشینی شێوه‌ به‌ شت و ئایدیا به‌شێوه‌كان. كتێب كه‌ توانی شێوه‌ و فۆرمی شته‌ وه‌هم و نه‌بینراو و سه‌رابئاسا ده‌ستنیشان بكات، كه‌واته‌ په‌یامێك ده‌گه‌یه‌نێت، نایه‌ڵێت ژیان له‌ناو هیچێتیدا پیر ببێت و دابڕزێ و بكه‌وێ و بمرێ. كتێب رۆح ده‌به‌خشێته‌ شته‌ په‌ككه‌وتووه‌كان. دیكارت گوته‌نی خوێندنه‌وه‌ وتووێژه‌ له‌گه‌ڵ باشترین كه‌سانی سه‌ده‌كانی رابڕدوو. سه‌رباری ئه‌وه‌ش خوێندنه‌وه‌ی گه‌ڕانه‌ به‌دوای شته‌ ونبووه‌كانی ناخت. به‌و شێوه‌ی سه‌ڵاح حه‌سه‌ن پاڵه‌وان ده‌یبینێت، خوێندنه‌وه‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی په‌ڕه‌كانی كتێب نییه‌، هه‌ڵدانه‌وه‌ی نهێنییه‌كانی ناخه‌. تێكشكانی ئه‌و كۆدانه‌یه‌ له‌ ناختدا به‌ نهێنی ماونه‌ته‌وه‌. خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌كته‌یه‌ له‌ ناخی خۆته‌وه‌ بۆ ناخی خۆتت ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، سه‌ری ئه‌و ده‌زووه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌زار پێچه‌كه‌ی دیدالۆسه‌وه‌ ده‌رتده‌هێنێ و ده‌تخانه‌ سه‌ر ده‌رگه‌ی رزگاربوون. پاشان هه‌ر ئه‌م نووسه‌ره‌ خۆی ده‌پرسێ، ئایا كه‌س ده‌توانێ خوێنه‌رێكی ئازاد بێت، نیشانه‌ وه‌ك كۆت نه‌چێته‌ مێشكی و گه‌مه‌ به‌ ئازادییه‌كانی نه‌كات؟ ئه‌مه‌ش شێوازه‌كانی خوێندنه‌وه‌ ده‌ستنیشانی ده‌كات، كه‌سانێكی زۆر بوونه‌ته‌ قوربانی تێكست. سه‌دان و هه‌زاران مێشك هه‌ن به‌ پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌ش مێشكه‌یلێكی تاریك و نووته‌كن، ئه‌وانه‌ی به‌ نووسینه‌كانیان رێی راستی له‌ مرۆڤ ون ده‌كه‌ن و بۆ مه‌به‌ستی ئایدیۆلۆجی و ئاینی تێكسته‌كانیان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر كاغه‌ز... مه‌رج نییه‌ هه‌ر هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌سانی رۆشنبیر بن. مۆنتسكیۆ ده‌ڵێ "پێویسته‌ زۆر بخوێنینه‌وه‌ هه‌تا هه‌ست بكه‌ین كه‌ هیچ نازانین". موته‌لیب عه‌بدوڵا بۆچوون و دنیابینی خۆی هه‌یه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ له‌ پێوه‌ندییه‌كانی نێوان ده‌ق و مرۆڤ و دنیادا سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. موته‌لیب به‌ پاڵپشتی ئه‌لبرتۆ مانگۆیل له‌مه‌ڕ خوێندنه‌وه‌ و چێژی خوێندنه‌وه‌ پێی وایه‌ كه‌ نابێت خوێندنه‌وه‌ ته‌نیا له‌ چێژدا كورت بكرێته‌وه‌، چون ئه‌مه‌ له‌ بایه‌خی خوێندنه‌وه‌ كه‌م ده‌كاته‌وه‌. چون ئه‌و پێی وایه‌ خوێندنه‌وه‌ خه‌ونی بێداری و فرمێسك و چێژی هه‌ستییه‌.
 كه‌ریم په‌ڕه‌نگ له‌ بۆچوونه‌كانی خۆیدا له‌مه‌ڕ خوێندنه‌وه‌ سه‌رپێیانه‌ و له‌ژێر كاریگه‌ری ته‌وژمه‌ باوه‌كان قسه‌ ناكات، ئه‌و زیاتر خوێندنه‌وه‌ به‌ فه‌زای شوێن و مێژوو و كاریگه‌ری ده‌به‌ستێته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌ڵێت "هه‌ر یه‌كێك له‌ ئێمه‌ كه‌ ده‌ست ده‌داته‌ كتێبێك به‌ مه‌به‌ستێكی دیاریكراو ده‌یخوێنێته‌وه‌. ده‌ق یان ئه‌ده‌ب ده‌توانێ دوو شت یه‌كانگیر بكات: گه‌وره‌ترین دۆزینه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی و ئه‌و شته‌ی له‌ سه‌رماندا ڕوو ده‌دا. خوێندنه‌وه‌ له‌و دنیایه‌مان ڕزگار ده‌كا كه‌ ڕۆژانه‌ ده‌بێت تێیدا بژین، ڕێمان پیشان ده‌دا خۆمان له‌ قه‌فه‌زی ژیانی ڕۆژانه‌ ڕزگار بكه‌ین و وه‌ڕسیی به‌جێ بهێڵین. 

بوێریس فرایهێر فۆن موینخهاوزن كه‌ نووسه‌رێكی ئه‌ڵمانییه‌ به‌م جۆره‌ گوزارشتی له‌ كتێب كردووه‌: «كتێب حه‌كیمترین پیره‌، كتێب ئازاترین پیاوه‌، كتێب دایكانه‌ترین ژنه‌، كتێب دڵۆڤانترین و نه‌رمونۆڵترین كچه‌. هه‌ر كه‌سێك حه‌وت كتێبی باشی هه‌بێت، پێویستی به‌ مرۆڤ نییه‌.». ئازاد به‌رزنجی له‌ رووه‌ ئه‌نتۆلۆجییه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ خوێندنه‌وه‌، خوێندنه‌وه‌ گۆڕانكارییه‌ك به‌رپا ده‌كات كه‌ سیستمی مرۆڤ سه‌رتاپا ده‌گۆڕێت. واته‌ خوێندنه‌وه‌ له‌ روانگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ مرۆڤ له‌ بوونه‌وه‌رێكی بایۆلۆجییه‌وه‌ بۆ بیركه‌ره‌وه‌یه‌ك ده‌گۆڕێت. واته‌ مرۆڤ له‌ رێی خوێندنه‌وه‌ خۆی له‌ هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌كانی تری سه‌ر زه‌وی جیا ده‌كاته‌وه‌، خوێندنه‌وه‌ هانی بیركردنه‌وه‌ ده‌دات. ئازاد دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ خوێندنه‌وه‌ كردنه‌وه‌ی ده‌رگه‌كانی هزره‌ به‌ رووی زانیارییه‌ داخراوه‌كاندا. هه‌روه‌ها وه‌ك هانده‌رێ كتێب ده‌بینێت، هانده‌رێك وا ده‌كات ئێمه‌ پرسیار له‌باره‌ی هه‌موو شته‌كانی دنیا بكه‌ین: له‌ گه‌ردوون، له‌ خودا، له‌ سروشت، له‌ ژیان، له‌ مردن، له‌ زه‌مه‌ن و هه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌ وامان لێ ده‌كات بیر له‌ ماناكانی بوون و ژیانمان بكه‌ینه‌وه‌. كه‌ریم ده‌شتی به‌ زمانێكی ساده‌ی شاعیرانه‌ پێمان ده‌ڵێت : "خوێندنه‌وه‌ هۆیه‌كه‌ بۆ چوونه‌ ناو مانا گه‌وره‌كانی ژیان، هه‌روه‌ها گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ناخی هه‌موو ئــه‌و ده‌روونـــه‌ مــانــدووانــه‌ی كــه‌ بــه‌ دوای بینینه‌وه‌ی نهێنییه‌كانی جیهانن". ده‌شتی راگرتنی دنیا به‌ حیكمه‌تی كتێب ده‌زانێت، به‌ڵام بڕواشی وایه‌ كتێب خه‌نجه‌رێكی دوو ده‌مه‌ و ده‌بێ له‌ مامه‌ڵه‌كردنیدا زۆر وریا بین. وه‌ك ئه‌لبیرتۆ مانۆیل ده‌ڵێت "كتێب كلیلی دنیایه‌"، به‌ڵام كلیلێله‌ ده‌كرێ ده‌رگه‌ی داخراومان له‌سه‌ر بكاته‌وه‌ یان ده‌رگه‌مان له‌سه‌ر دابخات. خه‌بات عارف ده‌ڵێت: كتێب و شتی تری خوێندنه‌وه‌ پێویستن چونكه‌ ده‌مانگۆڕن، ژیان به‌بێ خوێندنه‌وه‌ ته‌واو بێڕه‌نگ یان یه‌كڕه‌نگ ده‌بێت، ئه‌م یه‌ك جۆرییه‌ بۆ ئاڵاوواڵابوونی ژیان و بوون زیانبه‌خشه‌. میران ئه‌براهام بۆچوونی وایه‌ كتێب هه‌سته‌كانمان په‌روه‌رده‌ ده‌كات و مافی به‌مرۆڤبوونمان پێ ده‌به‌خشێت. له‌ ناو دووتوێی بۆچوونه‌كانیدا منداڵ و خوێندنه‌وه‌ و هه‌سته‌كانی مرۆڤ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، میران به‌ شێوازێكی ره‌خنه‌ئامێز ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا په‌ره‌پێدان به‌ هه‌ستی منداڵان پێویسته‌، ئه‌م په‌ره‌پێدانه‌ رێیه‌كه‌ تا كۆمه‌ڵگه‌ له‌سه‌ر فره‌بیركردنه‌وه‌ رابهێنێت، هه‌روه‌ها بڕوای وایه‌ هه‌ستی منداڵ رێیه‌كه‌ به‌ره‌و تێكشكاندنی به‌سته‌ڵه‌كی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی راوه‌ستاو. شنه‌ نووری له‌ ناو كتێبدا ئه‌زموونی ژیان ده‌كات، بڕواشی وایه‌ خوێندنه‌وه‌ سه‌نگینكردنی ئیگۆیه‌، ئه‌و ژیان وه‌ك كارلێكردنی نێوان كتێب و خوێنه‌ر ده‌بینێت. بۆیه‌ نه‌بوونی كتێب ژیان به‌ رووكاری ده‌هێڵێته‌وه‌. دواجار شنه‌ خان ده‌ڵێت خوێندنه‌وه‌ی كتێب گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ژیان و ئه‌زموونكردنی دۆخێكی تر كه‌ ته‌نیا له‌ كتێبدا هه‌یه‌. ئه‌لبێرتۆ مانگۆیل ده‌نووسێ: هه‌ر كه‌س له‌ هێزی كتێب تێبگات، له‌ دیكتاتۆره‌كان ناترسێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ خوێنه‌ره‌ ده‌زانێت، چۆن مه‌عریفه‌ دیكتاتۆره‌كان تێده‌په‌ڕێنێ. 

ئارام سدیق وه‌ك كه‌سێك باس له‌ ئه‌زموونی تاكه‌كه‌سی خۆی له‌گه‌ڵ كتێبدا ده‌كات، له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌و راستییه‌ ده‌ڵێت كه‌ ئه‌گه‌ر كتێب له‌ ژیانی ئه‌ودا نه‌بووایه‌ ئه‌وه‌ به‌رگه‌ی ئازاره‌كانی ژیانی نه‌ده‌گرت، پاشان قسه‌یه‌كیش له‌سه‌ر نووسین ده‌كات له‌و پێودانگه‌ نووسین و خوێندنه‌وه‌ وه‌ك دوو فاكته‌ری گرنگ له‌ ژیانی مرۆڤدا ده‌بینێت. لێره‌شه‌وه‌ ده‌ڵێ "مرۆڤ تا نه‌نووسێت له‌ په‌ڕجووی نووسین تێناگات". ئه‌و راستییه‌ش له‌ ئه‌زموونی خۆیه‌وه‌ باس ده‌كات وشیارییه‌كیش به‌ خوێنه‌ر ده‌دات كه‌ ده‌بێ له‌ هه‌ڵبژاردنی كتێب و بابه‌ته‌كانی خوێندنه‌وه‌ زۆر وریابن، ژیان به‌شی هه‌موو كتێبه‌كان ناكات. له‌ دوا بۆچوونی خۆی له‌مه‌ڕ خوێندنه‌وه‌ ده‌ڵێت: "ئێسته‌ دوای ئه‌و ساڵانه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌م كه‌ ئه‌م ژیانه‌ بۆیه‌ كتێبی تێدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زۆر كه‌س بتوانن به‌رگه‌ی بگرن. چونكه‌ دوای 20 ساڵ له‌ ئاشنابوونم به‌ په‌ڕجووی كتێب، ئێسته‌ تێده‌گه‌م ئه‌گه‌ر كتێب نه‌بووایه‌ نه‌مده‌توانی به‌رگه‌ی ئه‌م عه‌زابه‌ بگرم كه‌ ناوی ژیانه‌".  

ده‌رئه‌نجام ئه‌م كتێبه‌ هه‌نگاوێكه‌ بۆ بره‌ودان به‌ لایه‌نی ئه‌رێنی كتێب و خوێندنه‌وه‌، سه‌رباری بۆچوونه‌ جیاجیاكانی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌م كتێبه‌دا قسه‌یان كردووه‌، به‌ڵام هه‌ر هه‌موویان له‌ چه‌ند خاڵێكدا یه‌ك ده‌گرنه‌وه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خوێندنه‌وه‌ و ده‌ق رۆڵی ئه‌رێنی و نه‌رێنی له‌ ژیانی مرۆڤدا ده‌بینێت. ژیان به‌بێ كتێب زوڵمه‌ت دروست ده‌كات، هه‌روه‌ها خاڵێكی گرنگتر خوێندنه‌وه‌ وه‌ك پێویستییه‌كانی تری ژیان و گیان پێویسته‌، چێژی كتێبیش پابه‌نده‌ به‌ ئاسته‌ جیاجیاكانی خوێندنه‌وه‌ و ئه‌و بابه‌تانه‌ی دێنه‌ هه‌ڵبژاردن.

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP