18/06/2019
ئاراس فەتاح
331 جار بینراوە

​ئیسماعیلی سابووری: سه‌رده‌می مردنی هونه‌ری ڕاقیی و له‌دایكبوونی هونه‌ری گه‌عده‌

لە ھەموو دونیادا کاتێک گەلێک ھونەرمەندێکی گەورە لەدەستدەدات، خەم و پەژارە فەزای گشتییەکەی دادەپۆشێت، سەرکردە سیاسیی و ھونەرمەندەکانی لەپێگەی رەسمیی و شەخسییەکانی خۆیانەوە، بە ڕستەیەکیش بێت، تەعبیر لە ھەستی خۆیان و گرنگیی ئەو ھونەرمەندە لە مێژووی گەلەکەیاندا دەکەن.

یەکێک لە ھونەرمەندە گەورەکانی کورد، ئیسماعیلی سابووری، بەبێدەنگیی کۆچی دوایی کرد. بێگومان بێدەنگیی حکومەت و ئەو وەزارەتەی کە ھیچ وەزیفەیەکی ڕۆشنبیریی نییە، جێگای سەرسوڕمان نییە، چونکە ڕزگارکردنی ژیانی گەندەڵێکی لەدەست دادگا ھەڵھاتوو و بەخێرھاتنەوەی ڕەسمیی لەلایەن سەرۆکی نوێی ھەرێمەوە، بەھای خەبریی و گرنگیی میدیایی زۆر زیاترە لە پرسەنامە و ماتەمینیی بۆ مردنی ھونەرمەندێکی گەورەی میللەتەکەمان، کە موڵکی ئەوان نییە.

ساڵانێکە سیاسەتی ڕۆشنبیریی و ھونەریی لە دونیای ئێمەدا، سیاسەتی دروستکردنی مۆدێلێکە لە ھونەری ھەرزان و بێقووڵایی کە بە پرۆسەیەکی مەترسییداری ”بەگەعدەکردنی ھونەر“دا تێدەپەڕێت. ئەم مۆدێلە لە ھونەر کۆمەڵگایەکی وێناکراو نماییشدەکات کە من بە ”کۆمەڵگای خەندە“ ناودێڕی دەکەم، کۆمەڵگایەک کە تاک و گروپەکانی بێخەم و دەم بەخەندەن، جگە لە شادیی و ھەڵپەرکێ ھیچ خەمێکی تریان نییە. ساڵانێکە بۆئەوەی گوێ لە گۆرانیی ڕاقیی بگرین و دوورکەوینەوە لە ھونەری گەعدە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەرشیفی ساڵانی حەفتا و ھەشتاکان. دیارە ئیسماعیلی سابووریش وەکو ھەندێک ھونەرمەندی گەورەی تر، سەر بەو قۆناغە ھونەرییەی و ئەو سەردەمەیە.

ھونەری داھێنەر پێویستی بە پارە و دەسەڵات و ئەکادیمیای حیزبیی نییە بۆئەوەی داھێنانی گەورە بکات، جوان بێت و ببێت بە ناو، بەڵکو دەسەڵات پێویستی بە ھونەرە بۆئەوەی خۆی پێ جوان بکات و لەڕێگایەوە پروپاگەندە بۆ شەرعییەتی دەسەڵاتی خۆی بکات. جیاوازیی نێوان ئیسماعیلی سابووریی و بەھمەن قوبادیش کە دوو ھونەرمەندی کوردستانی ئێرانن، لێرەدا دەردەکەوێت، چونکە یەکێکیان ھونەرەکەی خۆی پاراست و بە جوانیی مایەوە، ئەوی تریشیان لە قۆناغێکدا بە دەسەڵاتی فرۆشت و فیلمی پروپاگەندەی بۆ بەرھەمھێنان. دیارە فیلمی ”ئاڵای بێ وڵات“ی بەھمەنی قوبادی پێش سێ ساڵ لە ھەندێ فیستیڤاڵی ئەوروپی و ئاسیایی نماییشکرا، بەڵام لە ھەرێمی کوردستاندا تەنھا لە ھەولێری پایتەخت و بە داوەتنامەی تایبەت بۆ کەسایەتیی تایبەت و سپۆنسەرەکانی نماییشکرا. گەرچی ئەم فیلمە گرانبەھایە وەک زۆرێک لە پڕۆژە ھونەرییە حیزبییەکانی تر، لەسەر حیسابی داھاتی گشتیی بەرھەمھێنرا، بەڵام لە یەک شاری تری ھەرێمدا سینەمایەکی بەخۆیەوە نەبینی و بینەرانی وڵاتی ئێمە لێی بێبەرییکران. دیارە من بە ڕێکەوت لە لەندەن بووم، بۆیە شانسی ئەوەم ھەبوو فیلمەکە ببینم. پاشان وتارێکی ڕەخنەییم لەسەر پەیامی سیاسیی و ناوەڕۆکی ئەو فیلمە نووسی، کە لەژێڕ سەردێڕی (پیشەسازیی ھونەری پروپاگەندە لە ”ئاڵای بێ وڵات“ی بەھمەنی قوبادی) لە رۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاوکرایەوە.

لەدوای نیشتەجێبوونی ئەم گۆرانیبێژە لە ھەرێمی کوردستان، جگە لە دۆزینەوەی وەزیفەیەک بۆئەوەی بتوانێت پێی بژی و چەند چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیی و رێکخستنی چەند کلیپێک بۆی، لەکۆی ماوەی دواساڵانی ژیانییدا لە ھیچ یەکێک لە شارەکانی ھەرێمدا نە یەک کۆنسێرتی شایستەی بۆ سازکرا و، نە بەشی موزیکی یەک زانکۆی ھەرێم یان ھەر دەزگایەکی تر بانگھێشتیان نەکرد، تاوەکو بۆ خوێندکارانی بەشی ھونەر باس لە ئەزموونی ھونەریی خۆی بکات و نە لە خەستەخانەیەکی ئەھلیی گرانبەھاش کۆچی دواییکرد.

جیھانی موزیکیی ئیسماعیل سابووری پڕاوپڕە لە خۆشەویستیی و جوانیی و حوزن. لە مێژووی موزیکی ئێمەدا کەم ھونەرمەند ھەیە وەک سابووری بە ھونەری حوزنەوە جوان بێت. دەشێت پێویست نەکات بزانین ئەم ھونەرمەندە گەورەیە بۆچی مرد، بەڵام دەبێت زۆرینەمان ئەوە بزانین بۆچی ژیا. ژیانی ئەو بە دەنگە نەرم و موزیکەکەی مانا و بەھایەکی قووڵی بە خۆشەویستیی و حوزن و جوانیی موزیک بەخشیی. مردنی ئەم ھونەرمەندە خەم و حوزنێکی گەورەیە، بەڵام لەدوای کۆچی دوایی خۆی جوانییەکانی ھونەری حوزنی بۆ بەجێھێشتین.

ئیسماعیلی سابووری سەر بە نەوەیەکە لەو ھونەرمەندانەی کە فێریانکردین دانیشین و بە ھێمنیی گوێ لە گۆرانیی بگرین، ڕێز لە قووڵایی و جوانیی موزیک بگرین. مردنی ئەم نەوە جوانە لە ھونەرمەندانی کورد لە سەردەمێکدایە کە موزیکی کوردیی بە پرۆسەیەکی مەترسییداری بەگەعدەبووندا تێپەڕدەبێت. سەردەمی نوێی ھونەری موزیکی کوردیی پڕبووە لە گۆرانبێژی ھەرزان و ھونەریی لووس کە لەکاتی ریشتاشین یان لوولکردنی قژدا گوێی لێدەگیرێت، یاخود لەکاتی زەماوەندا ریتمی ھەڵپەرکێ ئاراستەدەکات.

ساڵانێکە مۆمی ژیانی ژمارەیەک لە سیاسەتمەدار و ھونەرمەند و شاعیر و نووسەرانی سەدەی بیستەممان دەکوژێنەوە، گەر کوژاندنەوەی مۆمی ژیانی سیاسییەک ڕق و کینە و تاریکییمان بۆ بەرھەمبھێنێت، ئەوا کوژانەوەی مۆمی ژیانی ھونەرمەندێکی وەک ئیسماعیل سابووری خەرمانەیەک لە خۆشەویستیی و جوانییەکانی حوزنمان لە ھونەری کوردییدا بۆ بەجێدەھێڵێت.

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP