11/06/2019
مودریك عەلی عارف
339 جار بینراوە

کەس و لایەنى ژیر و پەیامدار چۆن مامەڵە دەکات؟!

هەموومان ڕۆژانە و لە کات و شوێن و قۆناغى جیاوازدا ڕووبەڕووى کەس و لایەنى جیاواز دەبینەوە، لە دۆست و نزیک و هاوڕا، لە ڕکەبەر و نەیار، تەنانەت لە دوژمن و کەسانێک کە بە درێژایى ژیانیان دژایەتییان کردووین و بۆ داهاتووش لەوانەیە هەر بەو چەشنە بەردەوام بن.

 ئەى ئایا دەبێ ئێمە چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین و بە چ شێوەیەک ڕووبەڕوویان ببینەوە؟ چى بکەین کە پێگە و کەسێتى خۆمان پارێزراو بێت و لە کار و ئەرکى خۆمان بەردەوام بین و شوناسى تایبەتى خۆمان لەدەست نەدەین و نەبینە کەسى دیکە؟
پێویستە لەگەڵ دۆست و نزیک و هاوڕاکانماندا بەردەوام بۆچوونەکانمان ئاڵوگۆڕ بکەین و خۆشەویستى و برایەتى و سۆز و هاوکارییان پێشکەش بکەین، لەگەڵ ڕکەبەر و نەیارەکانیشماندا مونافەسە و کێبەرکێى شەریفانە بکەین و ئەخلاقیبوون و ئەتەکێتى کێبەرکێ بپارێزین، لەگەڵ دوژمنەکانیشمان و ئەوانەش کە ئازاریان داوین و ڕەنگە جارى دیکەش ئازارمان بدەن، هەوڵ بدەین بە سەلیقە و دانایى و ژیرانە مامەڵە بکەین، ئەوپەڕى هەوڵمان ئەوەبێت کە -لانى کەم- ئاست و ڕێژەى دوژمنایەتییەکەیان بۆمان کەم بکەینەوە و خۆمان لە شەڕ و دوژمنایەتى زیاتریان بپارێزین، بیانوو نەدەین بەدەستەوە کە دوژمنایەتییەکەیان زیاتر و چڕتر بکەنەوە بۆمان، ئاوەز و ژیرى بەخەرج بدەین و جیاوازى بکەین لە نێوان هەڵەسەنگاندن و مامەڵەدا (بین التقییم والمعاملە)، چونکە دەکرێ هەڵسەنگاندنمان بۆ کەس و لایەنێک وابێ کە باش نییە و تەنانەت خراپ و زیانمەندە و دژە بە بۆچوون و پرۆژە و کارمان، بەڵام ئاساییە کە هەوڵیش بدەین مامەڵەى لەگەڵدا بکەین و بەوەش خۆمان لە خراپى و زیانەکانى بپارێزین و ئەرکى ئەخلاقى و پەیامدارانەى خۆشمان بەجێ بگەیەنین.
کاتێک دڕندەیەک یان گیاندارێکى زیانمەند ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، هەمیشە ئازایەتى ئەوە نییە کە ڕووبەڕووى بوەستینەوە و لێى بدەین و پیایا هەڵشاخێین، زۆر جار ئاقڵانەتر ئەوەیە کە هەوڵى ڕام کردن و هێورکردنەوەى بدەین یان خۆمانى لێ لابدەین، بە تایبەت کاتێک کە دەزانین تواناى ئێمە لە ئاستى تواناى ڕووبەڕووبوونەوەى ئەودا نییە.
با هەموومان وردتر و ئاوەزمەندانەتر بیر بکەینەوە و مامەڵە بکەین، دووربین بین و ئایندەمان لەپێش چاو بێت، دونیا هەر ئەمڕۆ نییە و ڕۆژگار زۆرى بە بەرەوە ماوە، لە هەندێ شوێنکاتدا باشترین کار مامەڵەکردنە لەگەڵ ئەوانیتر نەک ڕووبەڕووبوونەوە... بەندە ئاوا بیر دەکەمەوە، چەنێک پێکاومە نازانم، بەڵام بە سەرنجدان لە قورئان و ژیانى کردەیى پێغەمبەر (درودى خواى لێبێ) ئەوەم پێش چاو کەوتووە.

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP