بەرەو ژینگە هۆشیاری
ژینگەهۆشیاری بریتییە لەوەی هەر تاکێک لەلای خۆیەوە لە کاتی ئەنجامدان و بەکارهێنانی هەر شتێک لە ژیانی ڕۆژانەیدا بیر لە کاریگەرییەکانی کارەکەی لەسەر ژینگە بکاتەوە و بژاردەیەک هەڵبژێرێت کە دۆستی ژینگەیە. ئەم کارەش لە سۆنگەی بەجێگەیاندنی ئەرکی ئەخلاقییەوەیە بەرامبەر بە خود و نەوەکانی داهاتوو و بوونەوەرانی دیکە و تەنها ڕێگەی دەرووندروستییە و ڕاستەوخۆ کاریگەریی ئەرێنیی هەیە بۆ دەستەبەرکردنی ژینگە و ژیانێکی باشتر لە ئێستا و داهاتوودا.
وەک زۆرێک دەزانن، بەهۆی ئەو پاشماوانەی بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە لەپاش شۆڕشی پیشەسازییەوە هەتا ئێستا فڕێدراوەتە نێو ژینگە، گۆڕانێکی مەترسیدار لە ژینگە و کەشوهەوای ژیانی سەرزەویدا هاتووەتە کایەوە. ئاسمانی شارەکان بە دووکەڵ تەنراون، ناوچە سروشتییەکان و زەریاکان بە پاشماوە پلاستیکییەکانمان خنکاون و نەخۆشییە کوشندەکانیش تا بێت لە زیادبووندان. گازە قەتیسبووەکانی بەرگەهەوا گۆڕانی کەشوهەوایان هێناوە و، لە وڵاتانی پێشکەوتوودا زانایان و چالاکوانان و میدیاکاران و تەنانەت خەڵکانی ئاساییش بەردەوام باس لەم دیاردەیە دەکەن و بەشوێن ڕێگاچارەی بونیادی و هەمیشەییدا دەگەڕێن بۆ ئەم حاڵەتە. لە میدیای کوردیشدا زۆرجار باس لەم کێشەیە کراوە و دەزگای تایبەت بە ژینگە لەلایەن حکوومەتەوە دامەزرێنراوە و سیمینار و سیمپۆزیۆمی جۆراوجۆر رێکخراوە. بۆیە ئومێد وایە کەم تا زۆر هۆکاری کێشەکە بۆ خوێنەرانی کورد ڕوون بێت و گەر کەسێکیش خولیای ڕۆچوونی لەنێو وردەکاریی هۆکاری ئەم گۆڕانکارییانەدا هەیە، دەتوانێت بە گەڕانێکی گوگڵ بە شوێن وشەی “ژینگە”دا زۆر شتی دەستبکەوێت.
بەڵام ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە تاک و کۆمەڵگەی ئێمە بەگشتی لە دەرەوەی بازنەی هۆشیاریی ژینگەییدا دەجوڵێتەوە و لەبواری کرداریدا هەر لە تاکەکانمانەوە هەتا دامودەزگا وکارگەکانمان ڕۆژانە خودئاگا یاخود ناخودئاگا خەریکی شێواندنی ژینگەین. ئەو ژینگەیەی کە تەنیا ماڵی ژیانی خۆمان و منداڵەکانمانە. هۆکاری ئەمەش لەلایەک ئەوەیە خەڵک تەنها بەکاربەرە و زانیاری نییە لەسەر کاریگەریی ئەو شتە ڕۆژانانەی ئەنجامی دەدات لەسەر ژینگە و ژیانی خۆی و، لەلایەکی دیکەوە ئەرکی پاراستنی ژینگە بۆ کەسانی دی و دەسەڵاتدارەکان بەجێهێڵراوە. ئەمە لەکاتێکدا ئەم ئەرکە لە پێشکەوتووترین وڵاتەکانی جیهانیشدا لە پەنا ئەرکی دەسەڵاتدا بە ئەرکی تاک بە تاکی کۆمەڵگە دادەنرێت و، هەموو کەسێک لە هەر کارێکدا کە دەیکات پێویستە بیر لە کاریگەرییەکەی لەسەر ژینگە بکاتەوە و بژاردەیەکی دروست هەڵبژێرێت. هێندەی من دیومە لە کوردستاندا تا ئێستاش بە شێوەیەکی سیستماتیکی چۆنێتی ژیانێکی ژینگەهۆشیارانە و کاریگەرییەکانی هەڵسوکەتی یەک بە یەکی تاکەکان و دامەزراوەکان لەسەر ژینگەی ناوخۆیی و جیهانی نەخراوەتە بەرباس.
بە نموونە، ئایا ڕۆژانە چەند جار ئاو لە دەبەی پلاستیکیدا دەخۆیتەوە و بێ هیچ خەمێک دەبەکەی فڕێ دەدەیت؟ مەبەستم لە فڕێدانە سەر جادە و نێو سروشت نییە، کە ئەوە یەکێکە لە قێزەونترین ڕەفتارەکان و هەمووان کۆکین کە نابێت کەس ئەنجامی بدات. مەبەستم فڕێدانە نێو سەتڵی خاشاک یاخود هەر خودی فڕێدانەکەیە. بیرت کردووەتەوە لە دروستکردنی ئەو دەبەیەدا چەندە وزە بەکارهاتووە و گازی ژەهراوی و گەرمکەری زەوی دەردراوە؟ بیر لەوە دەکەیتەوە کە ئەو پلاستیکە پاش ئەوەی تۆ فڕێی دەدەیت، لەم وڵاتەی ئێمەدا یان دەسوتێنرێت و ماددە ژەهراوی و شێرپەنچەهێنەرەکانی لەڕێی هەواوە بۆ خۆت و منداڵەکانت دەهێنرێتەوە یاخود دەکرێت بەژێر زەوییەوە ودەدرێت بەدەم ئاوەوە و زیان بە ئاژەڵانی دەوروبەر و کشتوکاڵ دەگەیەنێت، پاش ماوەیەکیش دەگاتە زەریاکان و تێکەڵ بە زنجیرەی خۆراکی دەبێتەوە و دێتەوە سەر سفرەکەت. ئەی بیرت لەوە کردووەتەوە کە بە چارەسەرێکی زۆر سادە دەتوانیت ئەو دەبەیە بەکارنەهێنیت؟ جا ڕەنگە کەسێک بڵێت سیستەمی گەڕاندنەوە (ڕیسایکڵین) چارەسەری ئەم کێشەیە دەکات.
بەڵێ، هەبوونی سیستەمی گەڕاندنەوە، واتە دووبارە بەکارهێنانەوەی ماددە خامەکان بۆ دروستکردنی شتانی دی، تەواو پێویستە. بەڵام تا ئەوکاتەی ئەو سیستەمەمان دەبێت و چ کاتێک باشترین سیستەمی جیهانیش لەم بوارەدا بەدەستدەهێنین، سیستەمی گەڕاندنەوە بەتەنها ڕێگەچارە نییە و دەبێت بەگوێرەی ڕێسای (کەمبکەوە، بەکاربێنەوە، بگەڕێنەوە) بەکارهێنانی هەرشتێک ڕێکبخەین. واتە گەر بگەڕێمەوە بۆ نمونەکە، تا دەتوانیت دەبێت خۆت بەدووربگریت لە بەکارهێنانی دەبەی پلاستیک لە ڕێگەی خواردنەوەی ئاوی ماڵان یاخود بەکارهێنانی فیلتەری ئاو لە ماڵ و شوێنی کارەکەت. گەر بەکاریشتهێنا پێویستە خۆت هەوڵی دووبارە بەکارهێنانەوەی دەبەکە بدەیتەوە پێش ئەوەی فڕێی بدەیت و بیگەڕێنیتەوە. واتە هەبوون یاخود نەبوونی سیستەمی گەڕاندنەوە هەرگیز بیانوو نییە بۆ ئەوەی بێ بیرکردنەوە لە دەرەنجامی کارەکانمان سەرچاوەکانی ژینگە بەکاربهێنین.
بەهەمان شێوە کاتێک دەفر و سفرەی پلاستیکی بەکاردەهێنیت، کاتێک خواردن دروستدەکەیت یاخود فڕێی دەدەیت، کاتێک جل دەکڕیت، کاتێک وزەی کارەبا بەکاردەهێنیت، کاتێک ئۆتۆمبێلەکەت دادەگیرسێنیت، کاتێک زەرفێکی پلاستیکی لای میوەفرۆشێک وەردەگریت و هتد… بیر لە کاریگەریی کارەکەت بۆ ژینگە و ژیانی شار و وڵات و جیهان بکەوە.
ژینگەهۆشیاری ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆیی و ئایینیشە و گەورەترین کارە کە بۆ ژیانی خۆت و ئایندەی منداڵەکەت ئەنجامی بدەیت. چونکە پێچەوانەکەی یەکسانە بە ڕازیبوون بە مەرگێکی هێواش بۆ خۆت و منداڵەکەت و نەوەکانت و تەنانەت جیهانیش. ئەم بابەتە ڕەنگە بە گوێی تاک و کۆمەڵگەی کوردی بەگشتی تازەبێت، بەڵام گەر هەر کەسێک لەلایەن خۆیەوە دەستپێبکات و شتانێکی بچوک لە ژیانی خۆیدا باشتر بکات و پاشان لەگەڵ چواردەورەکەیدا هاوبەشی پێبکات و هەوڵی هۆشیارکردنەوەی ئەوانیش بدات، بەرە بەرە رەفتاری ژینگەدۆستانە دەبێتە نۆرمی کۆمەڵایەتی و هەمووان بەرەو ئەوە دەڕۆین کە کلتوورێکی ژینگەهۆشیار و ژیانێکی باشترمان هەبێت.
پێم وایە خێراترین ڕێگاش بۆ گەیشتن بەم مەبەستە هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوەی بەرفراوانە کە چالاکوانانی ژینگە لەلای خۆیانەوە زانیاری پێویست بە چواردەورەکەیان بدەن و هەرکەس لەلای خۆیەوە هەنگاو هەڵبگرێت و هەمووان ئەو گۆڕانکارییە ژینگەدۆستانانەی لە ژیانی خۆیاندا ئەنجامی دەدەن لە دیدارە کۆمەڵایەتییەکان و نێو سۆشیاڵ میدیادا هاوبەشیی پێبکەن تا ئەوەی چۆنێتیی ژیانێکی ژینگەهۆشیارانە و دەرەنجامە ئەرێنییەکانی بە شێوەیەکی بەرجەستە بۆ هەمووان ڕوونببێتەوە و، تاکەکان و دەسەڵاتیش بە جددی بکەوینە ڕێ بەرەو دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ژینگەدۆست وهۆشیارتر.
بەڵێ، گەر ژیانمان دەوێت، پێویستە پێداچوونەوە بۆ هەموو شتێکمان بکەین. بەدڵنیاییەوە گۆڕانی بچووک دەرەنجامی گەورەی دەبێت و دەستپێکیش دەبێت بۆ گۆڕانی گەورەتر. لەمەشدا کەس ناتوانێت پەنجەی لۆمە بۆ کەس ڕابکێشێت و ئەرکەکە لە کۆڵ خۆی بکاتەوە. ئەمە لە پێشکەوتووترین وڵاتەکانی جیهانیش بەهەمان شێوەیە. تاک بە تاک هەموو لەلای خۆمانەوە بەرپرسین و دەبێت هەموو هەڵسوکەوت و چالاکییەکانمان لەژێر چەتری ژینگەهۆشیاریدا ڕێکبخەینەوە.