31/05/2019
غەفور ئەحمەد
437 جار بینراوە

سۆزو نوزه‌ی چله‌كانی ته‌مه‌ن !


ڕه‌نگه‌ هه‌ر له‌خۆته‌وه‌و له‌ناكاودا باری ده‌روونیت تێكچێ ، هه‌ست به‌دڵته‌نگی و ته‌سكی ئه‌و شوێنه‌ بكه‌ی تیایدا نیشتووی با گه‌وره‌و فراوانیش بێ ، خه‌ریكه‌ بیرت به‌لای ئه‌وانه‌‌دا ئه‌ڕوا كه‌ده‌مێكه‌ له‌دونیادا نه‌ماون وكۆچیانكردوه‌و تۆیان به‌جێهێشتووه‌ ، له‌كاتێكدا زیندووه‌كانی نزیكت زۆر له‌وانیتر زیاترن ، ئه‌گه‌رچی به‌‌‌خۆشترینی ساته‌كانی ژیانت سه‌رقاڵی كه‌چی به‌بێ هۆكار ده‌یان به‌سه‌رهات وڕووداوی ناخۆش وناسۆری ڕابردوو خێرا به‌خه‌یاڵتدا دێت وده‌ڕوا ، بێ په‌روا ئاره‌زووی ته‌نهایی ده‌كه‌ی ، پێتخۆشه‌ بۆ خۆت له‌ودووره‌وه‌ به‌ته‌نها بمێنیته‌وه‌ ، با چوارده‌ورت جممه‌ی بێت وحه‌شاماتێكـ له‌نزیكـ وناسراوه‌كانت بوونیان هه‌یه‌‌‌ !

تا ئێره‌ حاڵه‌تێكی نۆرماڵ وسروشتیه‌ ئه‌گه‌ر درێژه‌ نه‌كێشێ ، وه‌لێ ئه‌گه‌ر زیاتری خایاند و تۆش مایته‌وه له‌گه‌ڵیدا ئه‌وا ژیانت خراپتر ئه‌بێ ، زیاتر دڵته‌نگـ و هه‌ست به‌خنكاوی ده‌كه‌ی ، خه‌مه‌كانت زیاتر ئه‌بن ، ئازاره‌كانت به‌سوێترن‌ ! 

جا سه‌رسامیی ونامۆیی ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌‌وه‌دایه‌ كاتێ به‌نێو ئه‌و چوار ئه‌نجامدا ئه‌ڕۆیته‌وه‌ و ئه‌یخوێنیته‌وه‌ - دڵته‌نگی وخنكاوی وخه‌مه‌كان وئازاره‌كانی - ئه‌بینی هه‌ندێ ناو وڕووخسار به‌خه‌یاڵتدا هاتوون وكه‌وتونه‌ته‌وه‌ یادت له‌وێشه‌وه‌ په‌یوه‌ستكراونه‌‌ته‌وه‌ به‌م ئه‌نجامانه‌ ، كه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی ڕووده‌دات هۆكاره‌كه‌ی خودی ئه‌م ڕوخسارانه‌ بێ ، ئه‌وان به‌شێكی حه‌قیقی بن له‌ماجه‌رای ڕووداوه‌كان ، هه‌ر بۆیه‌ بۆ تۆ وا ‌پێویسته‌ زووتر لێان دووربكه‌ویته‌وه‌ ، یان لانیكه‌م هه‌وڵ بده‌ی ڕووبه‌ڕوویان نه‌بیته‌وه‌و به‌رچاوت نه‌كه‌ون ، خۆ ئه‌گه‌ر له‌توانتدا هه‌یه‌ هه‌وڵبده‌ بۆ كۆتاجار له‌یاده‌وه‌ریه‌كانت ده‌ریانكه‌یت وئاودیوی ژیانت بن !

ئه‌كرێ بڵێن هه‌موو ئه‌وه‌ی ڕیزكران به‌حاڵه‌تێكی ئاسایی وه‌ریگره‌ ، وه‌لێ له‌وه ‌گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دواجار ئه‌بێ له‌سه‌ر پێی خۆت هه‌ستیت و چاوه‌كانت به‌رزبكه‌یته‌وه‌و خۆت ببینیته‌وه‌ له‌چ دۆخێكـدای ، به‌مه‌ش ده‌ره‌نجامی جوان وته‌واو پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ئازاره‌كانی ڕابردووت ئه‌چنیته‌وه‌‌ ! هه‌ر له‌به‌ر خۆته‌وه‌ ئه‌ڵێی ئه‌وه‌نده‌ ساغو سه‌لامه‌تین مایه‌ی سوپاس وستایشی خوای گه‌وره‌یه‌ ، له‌وێشه‌وه‌ بۆ دڵفراوانی وهه‌ستكردن به‌وه‌ی كه‌خه‌مێكـ له‌گۆڕێدا نیه‌ ، بۆ جارێكیش به‌سه‌رسوڕمانه‌وه‌ ئه‌پرسی ئه‌وه‌نیه‌ هه‌ر به‌ڕاست خۆشحاڵ وئاسوده‌ین !؟

خۆ ئه‌گه‌ر لایه‌كـ به‌لای ئه‌وانه‌شدا بكه‌یته‌وه‌ كه‌زیندوون وشه‌وو ڕۆژیان له‌گه‌ڵا دابه‌ش ئه‌كه‌ی ، بۆت ڕوون ئه‌بێته‌وه‌ ئه‌وانیش له‌هیچ ڕوویه‌وه‌ كه‌متر نین له‌وانه‌ی كۆچیانكرد ، هه‌موو ئه‌وه‌ی ئه‌ڵقه‌ی داوی ئه‌وه‌نده‌ به‌په‌رۆشه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵدا ئه‌كه‌ن واهه‌ست ئه‌كه‌ی بۆشایه‌كیان بۆ تۆ نه‌هێشتۆته‌وه‌ ده‌رفه‌تێكـ بێ بۆ گه‌ڕان به‌دوای ته‌نهاییدا ، لێره‌وه‌ پێویسته‌ متمانه‌ت‌ به‌خۆت هه‌بێ ، به‌هه‌موو هێزێكه‌وه‌ باوه‌ڕ به‌خۆت بكه‌ی‌ كه‌ئه‌وه‌ی به‌رده‌سته‌ وتوانای هانا بۆ بردن وبه‌ده‌مه‌وه‌ بوونی هه‌یه‌ به‌چاوێكی نزم لێی نه‌ڕوانی ، به‌ڵكو پێویسته‌ زۆر به‌بایه‌خه‌وه‌ گرنگی پێ بده‌ی ، به‌هه‌رچیه‌كـ له‌جوانیه‌كانی ژیاندا هه‌یه‌ ، ده‌رخواردی بده‌ی به‌رده‌وامی پێ بده‌ی ! 

ئیدی لێره‌وه‌ قۆناغی به‌ڕێكردنی ئه‌و قه‌ده‌ره‌یه‌ كه‌ماوه‌ له‌ژیان ‌، چونكه‌ خه‌مه‌كان كاتی بوون و ده‌ین ، دڵته‌نگی ونیگه‌رانیه‌كانت له‌چاو ئه‌وه‌ی كه‌ بۆ خۆت وێناتكردبوون هه‌ر زۆر كه‌مبوون ، ئازاره‌كانت ساڕیژ ئه‌بن وهاكا له‌ناوچوون ، به‌مه‌رجێكـ به‌دیل وجێگره‌وه‌یان بۆ بدۆزیته‌وه‌و خێرا خێرا جێگۆڕكێیان پێ بكه‌ی !

هه‌وڵبده‌ به‌خۆت و بۆخۆت به‌هێز بی ، هه‌میشه‌ به‌ره‌و ئه‌و گۆشه‌یه‌ هه‌نگاوبنێ كه‌خۆتی تیا ئه‌بینیته‌وه‌ ‌، تیایدا جوان وهه‌میش سه‌ركه‌وتووی ، به‌گه‌شبینیه‌وه‌ له‌داهاتوو بڕوانه‌ ، به‌شێكـ له‌خه‌ونه‌كانی ئێستای پێاهه‌ڵواسه‌ ، بیرت نه‌چێ هه‌رگیز ناچار نیت دانیشی به‌دیار یاده‌وره‌یه‌كانی ڕابردووت له‌كاتێكدا تۆ له‌ئێستادا ئه‌ژیت ، چونكه‌ داواكاری وخواسته‌كانی ئێستا ئه‌وه‌ له‌تۆ ده‌خوازێت به‌هه‌موو هێزو توانایه‌كی ژیری وده‌روونیه‌وه‌ ئاماده‌ییت هه‌بێ ، له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵبكه‌ی ده‌ست وپه‌نجه‌ت نه‌رم وخۆشه‌ی پێدراوه‌كانی بكه‌ی ، ئه‌گه‌رنا توانای به‌رده‌وامیدانت نیه‌و نابێ !

هه‌موو ئه‌م وێستگه‌و هه‌ورازو بادانه‌وه‌‌یه‌ زیاتر‌ ڕووی له‌و چین وتویژانه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تاو وناوه‌ڕاستی ‌چله‌كانی ته‌مه‌نن ، ئه‌ڵبه‌ته‌ له‌به‌ر مانه‌وه‌یان له‌ناوه‌ڕاستی ئه‌م ته‌مه‌نه‌ ، وه‌كـ ئه‌وترێ زۆریان بڕیوه‌و كه‌می ماوه‌ ، واته‌ هه‌ڵوه‌سته‌و تیاڕامانێكه‌ له‌نێوان ڕابردوویه‌كی پاكـ وبێگه‌ردی ساده‌ی خاڵی له‌و هه‌ڵپه‌یه‌ی ئێستا ، وه‌لێ به‌هێز له‌ڕووی ئاكارو پرنسیپه‌ نه‌گۆڕه‌كانی ژیان وشێوه‌ ژیانی كۆمه‌ڵگا ، كه‌ پڕو لێوانلێو بوو له‌ئارامی وئۆقره‌یی ده‌روونی ، به‌به‌راورد به‌ژیان وبژێوی ‌ئێستا كه‌داواكاریه‌كانی تیایدا گه‌یشتوونه‌ته‌ چڵه‌پۆپه‌ ، سنورێكـ نیه‌ بۆ وه‌ستان وله‌مپه‌رێكـ نیه‌ بۆ ڕێگریكردن لێی ، له‌ئه‌نجامی ئه‌و گۆڕانكاری وپێشكه‌وتنه‌ی كه‌له‌بواری ته‌كنه‌ڵۆجیادا هاتۆته‌ پێش ، پێداویستیه‌كانی هه‌میشه‌ له‌زیادبوونه‌و خواستی تازه‌و به‌رده‌وامی له‌سه‌ره‌ ، لێره‌شه‌وه‌ به‌شێكـ له‌شێوه‌ژیانی ڕابردوویان پێچاوه‌ته‌وه‌ ‌سه‌ره‌ڕای ساده‌ییه‌كه‌ی وه‌لێ خۆشحاڵ و ئاسوده‌تربوون ! هه‌ربۆیه‌ وه‌ستانی ئه‌م توێژه‌ له‌ناوه‌ڕاستی ته‌مه‌ن وناوه‌ڕاستی شته‌كاندا هه‌میشه‌ به‌ئازاره‌ !!

پێشكه‌شه‌ به‌و هاوڕیه‌ی كه‌زیاتر له‌وه‌ی چاوه‌ڕوان بووم ، به‌وه‌فابوو !

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP