شەپۆلی پێشکەشکاری بێ ئیتک و پارەپەیاکەر
پێشکێشکاری بەناوبانگی بی بی سی (Sthephen Sackur) یەکێک لە بەناوبانگترین پێشکێشکارەکانی بی بی سی یە، کە بەرنامەی (Hardtalk) پێشکەش دەکات، بە زیرەکی و توانای زۆری ئەو لە تێڕوانینیی رەخنەیانە بۆ ئەو بابەتگەلانەی شیرۆڤەی دەکات لەگەڵ میوانەکانی بەناوبانگە، بەڵام ھیچکات سترەکچەر و کوالیتەی بەرنامەی ھاردتۆک گرێدراوی بەو شەخسەوە نییە و پرۆگرامەکە لەناو بینەرەکانیدا گرنگە نەک خۆی شەخسی. ئەمە بە پێچەوانەی زۆرێک لە مێدیای کوردییە کە خەریکن رۆژانە پێشکەشکارەکان دەکەن بە ئەستێرە لەناو خەڵکدا لەبری ئەوەی بەرنامە و تەلەڤزیۆن بکەن بە ئەستێرە لای بینەرەکان.
بە گشتی تەلەڤزیۆنی کوردی ھێندەی لە خزمەت کارمەندێکی بێژەردایە کە خۆی نمایش بکات و خۆی دەوڵەمەند بکات و پەیوەندیەکانی لەگەڵ بەرپرسە سیاسی و بازرگانەکان درووست بکات، نیوئەوەندە لە خزمەت دروستکردنی بینەری راستەقینەی خۆیدا نییە.
بەبەردەوامی دەبینین کە چەند دانە بەرپرسێکی سیاسی و چەند پارەدارێک و نا ھونەرمەندێک بە ناو یەک بە یەکی تەلەڤزیۆنەکاندا نمایش دەکرێن و ھەرجارەو یەکێک لە پێشکەشکارەکان خۆیانیان لێنزیک ئەکەنەوە کە پێویست ناکات بڵێم بۆ چونکە ئاشکرایە بۆ!
ئەوەی ئەبێت بکرێت ئەوەیە کە ڕێگری لەم خۆخزمەتکردنە بگیرێت، ئەبێت تەلەڤزیۆن ئامانجی خەڵک بێت نەک بەزۆر دروستکردنی ئەستێرە و کاریزما. ئەبێت خودی تەلەڤزیۆنەکە ئەستێرەبێت نەک ژنێک یان پیاوێکی پێشکەشکار، ئەبێت تەلەڤزیۆن پەروەردە و بردنەسەری ئاستی فەرھەنگی کۆمەڵگەی کوردی بەئامانج بگرێ و ئیش بۆ ژێرخانی فکری و فەرھەنگی تاکی کورد بکات، نەک درووستکردنی فەزایەکی نەخۆشی کۆپیکردنی دیوی دەرەوەی ژیانی مۆدێرنێتە لە رێگەی پێشکەشکارە کەمتواناکانیەوە.
ئەبێت بیرکەرەوەکانی تەلەڤزیۆنەکان فەزایەکی تەندروستی گەشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و ھونەری و ئەدەبی بەرجەستە بکەن و دنەی فەرھەنگێک بدرێت کە باوەڕی بە تواناسازیی درێژخایەن ھەیە. نابێت دەزگاکانی مێدیا بەگشتی و تەلەڤزیۆن بەتایبەتی وەک مارکێتێک سەیربکرێت، نابێت لەسەر داوای چەند شەخسێک کاڵا بەسەرچووەکانیان لەسەری ئەو خەڵکەدا ساغبکەنەوە کە بەدوایی تەلەڤزیۆنێکدا دەگەڕێن وەک بازاڕێکی نمایشی تاکەکەس.
ئەگەر بە وشیارییەکی کلتووری زۆرەوە رەفتار لەگەڵ ئەم دەزگا گەورەیە نەکرێت، کۆمەڵگەی کوردی لە ھەموو بوارەکاندا بەرەو سەرلێشێواوی و بودەڵەیی کەسێتی راپێچدەکات لە درێژخایەندا.
لە کۆتایدا کوالیتە و ئاستی تێگەیشتنی بینەری کوردی زۆر دەھێنرێتە خوارەوە و ھاوتەریب بینەری کورد تووڕە دەکات.