ئایا پارێزه‌ران قوربانین؟
پارێزه‌رایه‌تی ئاڵۆزترین پیشه‌یه، چونكه هه‌موو وزه‌ی پارێزه‌ر به‌كار ده‌بات، له به‌رانبه‌ردا كاتی ئاسووده‌یی و حه‌سانه‌وه‌ی زۆر كه‌م پێ ده‌به‌خشێت، پیشه‌ی كاركردنی به‌رده‌وامه كه به‌یانی زوو له به جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌كانی به‌رانبه‌ر دادگه جیاوازه‌كان ده‌ست به‌كار ده‌كات، له نێوان دادگه و دۆخ و دۆسیه‌ی جیاجیادا دێت و ده‌چێت، له ڕۆژێكدا له به‌رده‌م دادگه‌ی جیاواز و داوای جیاوازدا ده‌دوێت، سه‌ردانی بنكه‌كانی پۆلیس و ده‌زگه‌كانی ئاسایش و فه‌رمانگه‌كان ده‌كات و جار هه‌یه ڕۆژه‌كه‌ی درێژه ده‌خایه‌نێت تا نیوه‌ڕۆیه‌كی دره‌نگ. بۆیه له‌ناو ئه‌م جه‌نجاڵی كاركردنه و له‌پێناو به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ریدا، له‌ژێر ڕۆشنایی چه‌ند خاڵ و پره‌نسیپی پێوه‌ست به‌م پیشه‌یه، هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك ده‌كه‌ین.
مشتومڕێكی ڕوون له پێبه‌ندی نێوان پارێزه‌رایه‌تی و مافی مرۆڤ و دادوه‌ری (قه‌زا) هه‌یه، ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین هه‌ر له كاتی ڕاگه‌یاندنی "په‌یمانی ئه‌سینا" كه له گۆنگره‌ی حوزه‌یرانی ساڵی ١٩٥٥ چالاكی پیشه‌ی پارێزه‌رایه‌تی له‌ناو چوارچێوه‌ی دادوه‌ری (قه‌زا) و مافی مرۆڤ و وڵاتاندا ده‌رخست، مشتومڕیی پێبهندییهكه له نێوانیاندا ده‌ستی پێ كرد، به‌وه‌ی كامه‌یان گرنگیی زیاتره یان پێشه‌نگتره له پاراستنی مافی مرۆڤ، چاپووكه له به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری (قه‌زا)، كه پارێزه‌ر له ڕێیه‌وه ڕۆڵی بێگه‌ردی خۆیان ده‌بینن بۆ پاراستنی سه‌رجه‌م مافه‌كان له ڕۆناهیی تیۆری ئه‌و پێبه‌ندییه مشتومڕییهی كه له سێبه‌ریدا مافی مرۆڤ له دادگه‌ی نیشتمانی و دابی پیشه‌ی پارێزه‌رایه‌تی ده‌رده‌چێت، كه خاوه‌ن فره‌ییه له ڕاده‌ربڕین و زوانی گفتوگۆ و سهربهستێتیدا.
لێره‌وه گرنگیی پارێزهرایهتیمان له پاراستنی مافی مرۆڤ بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، كه له بڕگه‌ی سێیه‌م له دیباچه‌ی جاڕی جیهانی مافی مرۆڤدا هاتووه (پێویسته یاسا ڕۆڵی پارێزگاریكردنی مافه‌كانی مرۆڤ بگرێته ئه‌ستۆ تا كه‌س ناچار نه‌بێت یاخی بێت به‌سه‌ر بێگاریی و سته‌م). ئه‌م پاراستنهیش وه‌ك پێشتر گوتم, له ڕێی پارێزه‌رانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت له به‌رانبه‌ر دادگه‌دا بۆ ڕاسته‌ڕێی مرۆڤ و پارێزگاری له هه‌موو شێوازێكی كاری ده‌ستدرێژی سه‌ر مافه بنچینهییهكان، كه له ڕێی پره‌نسیپی سه‌روه‌ریی یاسا و سه‌ربه‌خۆیی پارێزه‌رایه‌تی و ڕێزگرتن له مافه‌كانی مرۆڤ یاسا به هه‌موو كه‌سێكی به‌خشیوه.
مشتومڕیی پێوه‌ستبوون له نێوان ئه‌م سێ پێكهاته‌یه ناگۆڕێت، كه پێشوو هه‌یبووه له قۆناغه مێژووییه كۆنه‌كاندا، به‌ڵكو پارێزگاری له پیرۆزیی و ناوه‌ڕۆكه مرۆییه‌كه‌ی كردووه به‌شێوه‌یه‌ك، كه تا ئه‌مڕۆ پیشه‌ی پارێزه‌رایه‌تی بریتییه له پیشه‌ی (نهێنییه‌كان)، ته‌نیا پێوه‌ست نه‌بووه به به‌رگریكردن له هاووڵاتی و كاروبار و كێشه‌كانیان، به‌ڵكو به‌درێژایی مێژوو به‌رگری له دۆزی میله‌تیش كردووه وه‌ك ئه‌ركێكی نیشتمانی و ناسیۆنالیستی و سیاسیی لێی ڕوانیوه.
ئه‌م بهرگریكردنهیش وای كردووه زۆر له یه‌كێتییه گشتییه‌كانی پارێزه‌ران له‌سه‌ر ئاستی دنیا دووپات له پڕۆژه‌یاسای پارێزه‌ران بكه‌نه‌وه له‌باره‌ی پێناسی پارێزه‌ر كه خاوه‌ن ئامانجی نه‌ته‌وه‌یی و مرۆییه، ڕوو له به‌رگریكردن ده‌كات له مافه ئاسایی و بابهتییهكان بۆ هه‌موو تاك و نیشتمان و گه‌ل و مرۆڤایه‌تی. له‌وانه‌یش به‌رگری له مافی مرۆڤ و پاراستنی له هه‌موو دۆخێك‌دا، ئه‌م به‌رگرییه په‌یامێكی پیشه‌یی پیرۆزه له‌باره‌ی هه‌موو پارێزه‌رێك له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بێت.
بۆیه هه‌ر پێشێلكردنێك به‌رانبه‌ر به پیشه‌ی پارێزه‌ر له هه‌ر لایه‌نێكه‌وه ڕوو بدات، به‌داخه‌وه وه‌ك چۆن ئێسته ڕوو ده‌دات، ئه‌وا ده‌بێته هۆی له‌كارخستنی په‌یامی پارێزه‌ران له به‌رگریكردن له مافی هاووڵاتییان له ڕووی هه‌ر كاریگه‌ری و ڕه‌فتارێكی زهبرداردا، هه‌روه‌ها پێچه‌وانه‌ی سه‌ربه‌خۆیی دادگه و پیرۆزیی پارێزه‌رایه‌تی و ڕێزگرتن له مافی مرۆڤ ده‌بێت، چونكه گرنگیی مشتومڕی پێبه‌ندی نێوان ئه‌م پایانه ته‌نیا به‌رگریكردن نییه له‌م مافانه، به‌ڵكو به‌رگریكردنیشه له مافه‌كانی بریكاردار و نیشتمان و گه‌ل و مرۆڤایه‌تی.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه په‌یمانی ئه‌سینا له حوزه‌یرانی ١٩٥٥ له بڕگه‌ی چواره‌مدا ده‌ڵێ، (هه‌موو پارێزه‌ران له دنیادا پێویسته پارێزگاری له سه‌ربه‌خۆیی پیشه‌ی پارێزه‌رایه‌تی بكه‌ن و داوای مافی مرۆڤ بكه‌ن له‌ناو چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی یاسادا و سوور بن له‌سه‌ر دادگاییه‌كی دادپه‌روه‌رانه بۆ هه‌موو كه‌سێك).
هه‌روه‌ها لیژنه‌ی نێوده‌وڵه‌تی مافپه‌روه‌ران له كۆنگره‌ی (ئۆسلۆ)دا له ئه‌یلوولی ١٩٨٠ دووپاتی كردووه‌ته‌وه له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی پیشه‌ی پارێزه‌رایه‌تی و پاراستنی له‌و پێشێلكاری و به پهندبردن و سه‌رپێچییانه‌ی به‌رانبه‌ر پارێزه‌ر ده‌كرێت. وه‌ك چۆن له‌م ڕۆژگاره‌دا هێرشی توند دژی پارێزه‌ران ده‌كرێت، پیشه‌كه‌یان به كه‌م سه‌یر ده‌كرێت، بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتی سه‌ندیكا ده‌گیرێن، ئه‌م و ئه‌و و لایه‌نه‌كان ده‌ست له كاروباریان وه‌رده‌ده‌ن.
له هه‌ندێ داوده‌زگه‌ی میری ڕێز له كه‌سایه‌تی پارێزه‌ر ناگیرێت و ئه‌و ده‌قه یاساییانه‌ی پێوه‌سته به پیشه‌كه‌ی له پرسگهكاندا ده‌پلیشێنرێته‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه سه‌ندیكای پارێزه‌رانی كوردستان به ڕۆڵی باكداری خۆی هه‌ڵنه‌ستاوه. ته‌نانه‌ت هه‌ندێ بڕیاری زۆر گرنگ هه‌ن پێویسته له بازنه‌ی سه‌ندیكا ده‌رنه‌چێت و لایه‌نی تر له جیاتی بیر نه‌كاته‌وه و بڕیار نه‌دات، له‌مه‌شدا كه‌وتووه‌ته یاری و ململانێی هێزه‌كانه‌وه، زۆر جاریش له جێی ئه‌وه‌ی به‌رگری له پارێزه‌ر بكات، بووه‌ته هۆی سزادان و ده‌مكوتكردن و ڕاگرتنی له پیشه‌كه‌ی به‌هۆی سه‌ربه‌ستیی بیروڕا و نموونه‌ی زۆریش هه‌بووه و هه‌یه. بۆی هه‌یه به‌یانی ئه‌م وتاره‌یش بكه‌وێته ژێر مقه‌ست و به‌نده به‌ر سزای ڕاده‌ربڕین بكه‌وێت.
ئه‌مه له كاتێكدا به پێچه‌وانه‌ی سه‌ندیكای پارێزه‌رانی عێراق كه له چاو هه‌رێمدا زۆر به پته‌وی كاری خۆی كردووه و دژی زۆر له پێشێلكاری و ئه‌و سه‌رپێچییانه وه‌ستاوه‌ته‌وه كه له دژی پارێزه‌ر هاتوونه‌ته ئاراوه. ڕێكخراوه‌كانی بانگهێشت كردووه بۆ هه‌ستان به هه‌ڵمه‌تی یه‌كگرتوو بۆ به‌رگریكردن له پارێزه‌ر. هه‌ندێ بڕیار دڵنیایی و ئۆقره‌ی به پارێزه‌ران به‌خشیوه تا ئاستێكی گونجاو، كه به ئازادی كاره‌كانی خۆیان ڕایی بكه‌ن. ئه‌مه‌یش به پشتبه‌ستن به بڕیاره‌كانی یازدهمین كۆنگره‌ی (ماڵتا) بۆ كۆمه‌ڵه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی مافپه‌روه‌ره دیموكراتییه‌كان كه له تشرینی دووه‌می ١٩٨٠ به‌ستراوه، ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان جه‌ختیان كردووه‌ته‌وه له به‌ڵگه‌نامه یاساییه‌كان له پێوه‌ندی به‌هێزی نێوان پارێزه‌رایه‌تی و مافی مرۆڤ و دادوه‌ریدا (قه‌زا)، ئه‌م دووپاتكردنهوهیهیش له كۆنگره‌ی (جنێڤ) له ئاداری ١٩٨٠ هاتووه، كه كۆمه‌ڵه‌یه‌ك پره‌نسیپ و ده‌قی له‌خۆ گرتووه له‌باره‌ی سه‌ربه‌خۆیی دادگه و پارێزه‌ران.
ئه‌وه‌ی به وردی سه‌یری ئه‌م پره‌نسیپ و ده‌قانه بكات، ده‌بینێ تیۆری مشتومڕیی پێبه‌ندی نێوان پارێزه‌رایه‌تی و مافی مرۆڤ و دادوه‌ری (قه‌زا) به ڕوونی دیاره له ڕێی ئه‌و مادانه‌ی له‌باره‌ی سه‌ربه‌خۆیی دادگه هاتووه، تا دادپه‌روه‌ریی و ئازادی لێ به‌رجه‌سته بكرێت. هه‌روه‌ها پاراستنی مافی مرۆڤ له بواره‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی و ڕۆشنبیریی و سیاسیی و قووڵبوونه‌وه له ڕۆڵی سه‌ندیكاكانی پارێزه‌ران له هه‌وڵ و كۆشش بۆ پارێزگاریكردن له ئه‌ندامان و پاڵپشتی و به‌رگریكردن له مافه‌كانیان له هه‌موو كات و بارێكدا.
كه‌چی دیسان سه‌ندیكای پارێزه‌رانی كوردستان لێره‌شدا به ڕۆڵی خۆی هه‌ڵنه‌ستاوه له پاراستنی ماف و ئه‌ركه‌كانی پارێزه‌ر و پێویستیی كاراكردنی ده‌سه‌ڵاتی پیشه‌یی و ڕێزگرتن له پێگه‌ی گرنگییان له هه‌موو مافه‌كاندا ڕه‌چاو نه‌كردووه. هه‌روا سه‌ندیكا ڕۆڵیشی نه‌بووه له كاراكردنی چالاكییه‌كانی پارێزه‌ران له جموجووڵه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیرییه‌كان و ڕێزگرتن له سه‌ربه‌ستیی ئه‌م پیشه‌یه، كاتێ پارێزه‌ر به سیفه‌تی پیشه‌ی خۆی كار ده‌كات و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی میری و باشاری دیوه‌خان نه‌توانێ كۆت و چه‌كوشی خۆی به‌سه‌ر ئه‌م سه‌ربه‌ستییه‌دا بسه‌پێنێ، به‌ڵكو ده‌بێ پارێزگاری له شه‌ره‌فی ئه‌م پیشه كهڵانه و كه‌رامه‌ت و سه‌نگینیی مافی مرۆڤ بكرێت.
ته‌نانه‌ت سه‌ندیكای هه‌رێم بارته‌قای سه‌ندیكای پارێزه‌رانی عێراقیش هه‌وڵی نه‌داوه، له به‌غدا له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌م هه‌موو گۆبه‌نده، كه‌چی سه‌ندیكاكه هه‌وڵی رژدی هه‌یه بۆ پارێزگاری و به‌ده‌ستهێنانی مافه ڕه‌واكانی پارێزه‌ر و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری و به‌رگریكردن لێیان به گیانێكی پڕ دڵسۆزییه‌وه، ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه كه بێ نه‌نگی و كه‌موكوڕین، نه‌خێر لادان و كهموكورتییان هه‌یه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و ناسه‌قامگیرییه‌ی تووشی وڵات هاتووه، هه‌ر دووپات له‌سه‌ر پاراستنی مافی ئه‌ندامه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه و به‌كرداریش جووڵه‌یان هه‌یه له به‌رانبه‌ر بڕیاره‌كانیاندا. كه‌چی لێره نه‌ك ئه‌مه ناكرێت، به‌ڵكو ڕووسپێتی هه‌وڵدانیش نییه بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی ڕێڕه‌وی ئه‌و بێسه‌روبه‌رییه‌ی هه‌یه هه‌ر له دیاری نه‌كردنی ڕۆژی كۆنگره‌ی سه‌ندیكا پاش تێپه‌ڕبوونی ساڵێك له واده‌ی خۆی به به‌هانه‌ی سواو و لاواز، تا به نزم سه‌یركردنی پارێزه‌ر و شتگه‌لی تر.
ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین له كۆنگره‌ی (جنێڤ)ی ١٩٨١ جگه له‌و پره‌نسیپانه‌ی باسمان كرد، له بڕگه‌كانی (٣٨ و ٣٩ و ٤٠)دا له جاڕی جنێڤ، دووپات ده‌كاته‌وه كه له‌سه‌ر لایه‌نه حكوومییه‌كانه ئاگاداری سه‌ندیكای پارێزه‌ران بكه‌نه‌وه به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ له هه‌ر هۆكار و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی یاسایی له باری گرتنی هه‌ر پارێزه‌رێك یان راگرتنی (ته‌وقیف) یان پشكنینی نووسینگه‌كه‌ی، له هه‌موو بارێكدا سه‌ندیكا ده‌توانێ بوه‌ستێ له ڕووی ده‌سه‌ڵاتی به‌رپرس له‌م پێشێلكارییانه‌ی ده‌كرێت.
هه‌روه‌ها له بڕگه‌ی (٣٩) له هه‌مان جاڕدا ئاماژه به‌وه دراوه كه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی پارێزه‌ر تۆمه‌تبار ده‌كات، یان هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی تری حكوومه‌ت بێت، ده‌بێ ئاگاداری سه‌ندیكای پارێزه‌ران بكاته‌وه به بڕیاردان و ئه‌نجامدانی هه‌ر ڕێكارێك، كه سه‌لامه‌تی پارێزه‌ر به‌ر له هه‌موو شتێكه و نابێت هیچ سه‌رپێچییه‌كی به‌رانبه‌ر بكرێت، سه‌ندیكا بۆی هه‌یه نوێنه‌رێكی ئاماده بێت له كاتی ئه‌نجامدانی ڕێكارهكاندا تا پارێزگاری له سه‌ربه‌خۆیی پیشه‌یی بكات.
له هه‌مان كاتدا سه‌ندیكا ده‌ق و ڕێنوێنی تایبه‌تی هه‌یه به هه‌ندێ ڕێكار به‌رانبه‌ر پارێزه‌ران له ڕێی دانانی بنه‌مای ڕه‌فتاری پیشه‌یی كه ئێمه ئێسته زۆر پێویستمان پێی هه‌یه، مافی خۆیه‌تی به ته‌نیایی هه‌ر ڕێكارێكی سزادان بگرێته به‌ر به‌پێی بڕگه‌ی (٤١) له هه‌مان جاڕدا. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی پرسیاره، سه‌ندیكا و ده‌سه‌ڵاتی سه‌ندیكا و ئه‌وانه‌ی ئه‌م ده‌سته سه‌ربه‌خۆیه به‌ڕێوه ده‌به‌ن، له كوێی ئه‌م هه‌موو ده‌ق و پره‌نسیپ و ڕێسا و یاسا و بڕیارانهدان.
ئه‌م پره‌نسیپانه‌ی (جاڕی جیهانی بۆ سه‌ربه‌خۆیی دادپه‌روه‌ری) كه له كۆنگره‌ی جیهانی بۆ سه‌ربه‌خۆیی دادپه‌روه‌ری له حوزه‌یرانی ١٩٨٣ سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه له (مونتریال) له كه‌نه‌دا به‌ستراوه، گرنگیی مشتومڕیی پێبه‌ندی نێوان پارێزه‌رایه‌تی و مافی مرۆڤ و دادوه‌ری (قه‌زا) پیشان ده‌دات، سه‌ربه‌خۆیی هه‌ر یه‌كێكیان ده‌رده‌كه‌وێت له ڕێی ئه‌و پاڵنه‌ر و خاڵ و بابه‌تانه‌ی خرانه ڕوو.
ئه‌وه‌ی پێویسته بۆ گه‌یشتن به به‌رجه‌سته‌كردنی یاسا و دیموكراسی و سه‌ربه‌ستی و ماف و پێشكه‌وتن، ده‌بێ پێش هه‌موو شتێك كاروباری پارێزه‌رایه‌تی و دادگه و ڕێزگرتنی مافه‌كانی مرۆڤ له خۆتێهه‌ڵقورتاندنی حكوومی و حزبیدا بپارێزرێت، پارێزه‌ریش ئازادی ته‌واوی هه‌بێت له پیشه‌كه‌یدا و هیچ به‌ربه‌ستێكی نه‌خرێته به‌رده‌م له سه‌رجه‌م هه‌لومه‌رجه‌كاندا.
جگه له‌مانه، هه‌موو پیشه‌یه‌كی حكوومی له‌سه‌ر پارێزه‌ر قه‌ده‌غه بكرێت و ته‌نیا پێوه‌ست بێت به پیشه‌ی پارێزه‌رایه‌تی له‌باری خۆبهندیی (ئینتیما) بۆ سه‌ندیكا، سه‌ندیكایش به چوستی وردبینی بۆ ئه‌مه بكات، هه‌روه‌ها پارێزه‌ران بكه‌ونه ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌ندیكایه‌كی سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن پێگه‌ی به‌هێز و دوور له فه‌رمانی فڵان و فیسار و لایه‌نه‌كان، به‌تایبه‌ت له كۆنگره و هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌ندیكادا، هه‌ر ته‌نیا خۆی بۆی هه‌بێت سزای پارێزه‌ر بدات به‌پێی ڕێسا و بنه‌ما ڕه‌فتاره تایبه‌ته‌كان، ڕۆڵی پارێزه‌رایه‌تی مرۆیی بره‌وی پێ بدرێت به‌رانبه‌ر دادگه به‌پێی ئه‌وه‌ی (دادگه) مه‌رجه‌عی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه و خاوه‌ن بڕیاری خۆیه‌تی به‌بێ په‌ستان و ناچاركردنی له هیچ كه‌س و لایه‌نێكه‌وه، تا تاكه بنه‌چه و سه‌رچاوه بێت له پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ و به‌دیهاتنی دادپه‌روه‌ریدا.
به‌ڵام له ڕێی ئه‌م مشت‌ومڕ و پاشاگه‌ردانی و پشێوییه‌ی كه هه‌یه، ده‌بینین پارێزه‌ران بوونه‌ته قوربانیی ئه‌م پێشێلكارییانه‌ی به‌رانبه‌ر مافی مرۆڤ ده‌كرێت، له شوێنی ئه‌وه‌ی ببن به پێشه‌نگی توندوتۆڵكردنی ئه‌م مافانه، بوونه‌ته قوربانیی ده‌ستی سه‌رپێچیكردن و سستی سه‌ندیكا و بڕیاری ناڕه‌وا و ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی شێوه‌ی كۆمه‌ڵگه و یاسا و ده‌وڵه‌تی دزێو كردووه.
پێویسته به‌رانبه‌ر به پارێزه‌ران ئارامیی بنوێنرێت، چونكه به‌رگه‌گرتنی (دادوه‌ری وه‌ستاو) زۆر زیاتره له به‌رگه‌گرتنی ئه‌وانه‌ی دانیشتوونه له گۆڕه‌پانه‌كانی ژیانی ئه‌م وڵاته‌دا. تا كه‌ی وه‌ك تاوانباری یه‌كه‌م سه‌یری پارێزه‌ر بكرێت، هه‌مووان هه‌ر باس له سزادانی تاوانباری تاوانه‌كه ده‌كه‌ن، كه‌س نییه له ته‌ك تاوانباری سته‌ملێكراو و بێ سووچ و پاكدا، بوه‌ستێت.