20/05/2019
پەیام والى
525 جار بینراوە

کاریگەریی نەرێنیی تەکنۆلۆژیا لەسەر منداڵان

تەکنۆلۆژیا ئەگەرچی رۆڵى زۆر کاریگەری ئەرێنیی هەیە لەسەر ژیانى خەڵکى، بەڵام بەهۆى خراپ بەکارهێنرانییەوە بێ بەریش نییە لە چەندین کاریگەریی نەرێنى، بەتایبەت لەسەر منداڵان. 

 

 منداڵان بەهۆى تەکنۆلۆژیاوە زیاتر خۆ گۆشەگیر دەکەن و کەمتر دەچنە دەرەوە، بەمەش کەمتر بە منداڵانى تر دەگەن. بەپێى لێکۆڵینەوەیەک، ئەو منداڵانەى تەکنۆلۆژیا بەکار دێنن، تێکڕا ڕۆژیی 100 دەقیقە کەمتر تێکەڵى ئەندامانى خێزانەکەیان و هاوڕێیانیان دەبن. ئەمەش دواجار سەردەکێشێت بۆ ئەوەى کەسایەتیی (دژە-کۆمەڵگا)یان لێ دەربچێت. منداڵان بەهۆى ئەوەى هەستى لاسایی کردنەوە لایان زۆرە، لە ڕێى ئەو دیمەنانەى لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە دەیانبینن، لەسەر جگەرە کێشان و خواردنەوە و درۆ و دزی ڕادێن.
منداڵانى بەکارهێنى تەکنۆلۆژیا، بەدیار ئەو ئامێرانەوە زیاتر دەخۆن و دەخۆنەوە، کە زۆربەى ئەوانەش لە (فاست فوود) و خواردنەوە گازییەکانن، کە خۆراکى زۆر ناتەندروستن، بەوەش تووشی قەڵەوی دەبن و لەگەڵ تەمەن ڕووبەڕووى چەندان نەخۆشیی جەستەیی دەبنەوە. هەر وەک چاویان وشک هەڵدەگەڕێت و تووشی ژان دەبێت و تیژیی کەم دەبێتەوە.
یەکێک لە کێشە باوەکانى ئەم سەردەمە، درەنگ زمان گرتنى منداڵانە، دەروونناسان هۆى سەرەکیى ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە منداڵان ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لە تەمەنى زۆر زووەوە بەکار دەهێنن، بەتایبەت لە خوار تەمەنى چوار ساڵان، بەمەش لەکاتێکدا هێشتا زمانیان بەتەواوى نەپژاوە، گوێبیستى زمانى غەیرە زمانى دایک دەبن. ئینجا ژیریشیان زۆر کەم دەبێت، لەکاتێکدا منداڵانى تر (خشتەى جاران) لەبەر دەکەن و هەوڵ دەدەن بۆ حیسابات پشت بە خۆیان ببەستن، ئەو منداڵانەى کە زۆر وابەستەى تەکنۆلۆژیان، سادەترین پرسیارى حیسابیان لێ بکرێت، یەکسەر دەست بۆ ئامیری (حاسیبە) دەبەن! ئاشکرایە مێشکیش وەک ماسوولکەکانى جەستە، چەند زیاتر بەکاربهێنرێت، ئەوەندە تواناى زیاتر دەبێت. 
ئەوانەى لادانى زایەندییان هەیە و مەیلی منداڵانیان هەیە، زۆر جار نێچیرەکانیان لە ڕێى چات و تەکنۆلۆژیاوە بەدەست دەخەن. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەتیش فەیسبووک، بەهۆى ئەوەى کچانى هەرزەکار هەندێک نهێنیی خۆیانى تێدا بڵاو دەکەنەوە، بەتایبەت ناونیشان و شوێنى خۆ دەستنیشان کردن لە ڕێى (چێک ئین)ەوە، زۆر جار دەبنە قوربانى دەستى ئەو کەسانە.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، پەردوەردەکاران و دەروونناسان پێیان وایە نابێت منداڵان بە یەکجارى لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان داببڕێنرێن، بەتایبەت کە لەم سەردەمەدا دەیان وانە و مەشقی پەروەردەیی لە ڕێى ئەو ئامێرانەوە پەخش دەکرێن، تەنانەت واى لێهاتووە قوتابخانەکانیش لە ڕێی ئینتەرنێتەوە ڕێنمایی و ئاگادارى و تەنانەت ئەرکەکانى ماڵەوەش بە قوتابییەکانیان دەگەیەنن، بۆیە دوورخستنەوەى یەکجاریان لەو ئامێرانە، دەبێتە هۆى بێبەش کردنیان لە سەرچاوەیەکى گرنگى مەعریفی، بەڵام دەبێت ماوەیان بۆ دیاری بکرێت و جڵەوى کاتى دەستپێک و کۆتاپێهێنانى بەکارهێنانەکە بە دەستى باوانەوە بێت، کە ئەوەش زۆر ئاسان نییە!

* مامۆستاى (IT) لە زانکۆى (تیشک)ى نێودەوڵەتى

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP