ئەو قومارخانانە، دابخەن..!
یەکەم کەس بە لە بۆچوون نووسین!
لە كتێبی(نادادپەروەریی كۆمەڵایەتی لە كوردستاندا) كە هیوادارم سپۆنسەری بۆ بدۆزمەوەو بەچاپ بگات، لەسەر زۆر دیاردەی ترسناكی واقعی هەرێم و ئەزموونی فەرمانڕەوایی راوەستاوین. لهرێگهی دەیان وتار، دیوە جیاجیاكانی نادادپەروەری، گەندەڵی، هەژاری، بێكاری، چاكسازیمان، باسكردووە. كەم بۆنەش هەیە كە لەمیدیاكانەوە رەخنەی تەواوی ئەو دیاردانە نەكەین، دەشزانین كە تاقە چەكی دەستی نوسەران و رووناكبیران تەنها نووسینە دوای ئەوەی كە هەموو جومگەكانی دەسەڵاتی وڵات بۆ نوخبەیەكی سیاسیی نابەرپرسیارو بێخەم، پاوان دەكرێت.
لەم چەند دێڕەدا، ئەمجارەیان لەسەر ئەو قومارخانانە دهدوێین كە لەشارەكانی هەرێمدا هەن، بەتایبەتیش سلێمانی. ئەوەی پەیوەندیی بە هەولێرو دهۆكەوە هەبێ، راستەوخۆ، پارتی لێی بەرپرسیارە، هەواڵی هەڵمەتی داخستنی قومارخانەكانیش لەوێ، جێی پێزانینه. هەرچی سنوری سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیانە، ئەوا یەكێتی و كاربەدەستانی لێی بەرپرسن.
ئەم دیاردەیە، جگە لە زیادكردنی سەرچاوەیەكی تری نەخۆشیی دیكەی كۆمەڵایەتی و دەروونی بۆ ئینسانی ئێمە، جگە لەهەڵلوشینی گیرفانی گەنجەكان و خەڵكی بۆ بەرژەوەندیی كەسانێكی دیاریكراو و خاوەن دەسەڵاتی ئەم زۆنەو سێبەرەكانیان، هیچ سوودێكی گشتی نییە.
تاوانە بۆ هێزێكی وەك یەكێتی، بە بەرچاوییەوە ئەم دیاردەیە بڵاودەبێتەوەو خۆی بێ ئاگا كردووە!. جاران، لەشاخدا، هەر بابایهكی خراپەكار بەدرەفتاریی كۆمەڵایەتیی لەناو كۆمهڵانی خەڵكدا بڵاو بكردایەتەوە، پێش هەر هێزێك، یهكێتی بە سزای گەلیان دەگەیاند، ئێستا بە ئاشكرا باس لە تێوەگلانی بەرپرسانی لەم دیاردەیە دەكرێت و بێدەنگن!.
هەر بە راستی، جێگرانی سكرتێری گشتی و(م.س)و سەركرایەتیی ئەم حزبە لە كوێن؟ لەوە ناترسن كە بڵاوبونەوەی ئەم دیاردانەو بەردەوامبوونیان گومان لەسەر هەر یەكێكتان دروستبكات، بەتایبەتی كە دەوترێ و دەنوسرێ: كراوەتە سەرچاوەیەك بۆ داهاتی حزب و بەرپرسانی!؟.. بۆ نایەنە سەر هێڵ و بە بڕیارێك هەموو قومارخانەكانی دەڤەرەكەو بەتایبەتیش شاری سلێمانی، داناخەن؟.