منیش قسە دەکەم
نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر وتارێکی شیکارییم سەبارەت بە خەوشەکانی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و ئەگەری ھەموارکردنەوەی یاساکە بە ھەمان دەسەڵاتەکانی پێشووی سەرۆکی ھەرێم و ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەناو پەرلەمانی کوردستانەوە، بڵاوکردەوە و باسم لەوە کردبوو: یاسای ناوبراو، دەسەڵاتگەلێکی بە سەرۆکی ھەرێم بەخشیوە و نابێت کاتێک ئەم یاسایە ھەمواردەکرێتەوە و سەرۆکی ھەرێم لە پەرلەمانەوە ھەڵدەبژێردرێت، ھەمان ئەو دەسەڵاتانە بدرێنەوە بە سەرۆکی ھەرێم، وەک چۆن ئەو دەسەڵاتانە، تەنھا لە "سیستمی سەرۆکایەتیی"دا لەلای "سەرۆک" بوونیان ھەیە، نەک "سیستمی پەرلەمانیی".
ئەم وتارە ناگەڕێتەوە بۆ کۆی شیکارییەکانی ئەو وتارەی پێشووم و کۆی ئەو دەسەڵاتانەشی کە "سەرۆکی ھەرێمی کوردستان" لە یاساکەی پێشوو و ھەروەھا یاسا ھەموارکراوە پەسەندکراوە بێ دەستکارییکراوەکەی دانیشتنەکەی دوێنێ (٦/ ٥/ ٢٠١٩)ی پەرلەمانی کوردستان دا، بوونی ھەیە، بەتایبەتی لە دۆخێکی وەھادا کە چەند رۆژێکی دیکە، "سەرۆکی ھەرێم"، لە پەرلەمانەوە و بە زۆرینەی دەنگی رێککەوتن لەسەرکراوی ھەرسێ فراکسیۆنی "پارتی" و "یەکێتیی" و "گۆڕان" ھەڵدەبژێردرێت و "سەرۆکی ھەرێم"یش، پاڵپشت بەو ھەموارکردنەوەیەی یاساکە (کە دوێنێ لە پەرلەمان بەزۆرینە تێپەڕێنرا)، ھەمان دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پێشووی ھەرێمی دەبێت.
لە دوێنێوە، قسە زۆر لەسەر ئەم پرسە کراوە، بۆیە بە پێویستم زانی منیش قسەی لەسەر بکەم و بە کورتی ئیستێک لەسەر چەند خاڵێکی جەوھەریی بکەم:
١. دەبو لانیکەم ئەو مەرجانەی لە عێراق دا بۆ کاندیدی پۆستی "سەرۆک کۆمار" دانراون، لە ھەرێمی کوردستانیشدا، بۆ سەرۆکی ھەرێم دابنرانایە، کە لانیکەم دەبوو ئەو کەسەی ئەو پۆستە وەردەگرێت، ھەڵگری بڕوانامەی "بەکالیۆریۆس" بێت لە زانکۆیەکی دانپێدانراوی ھەرێمی کورستان، یان عێراق دا، لەکاتێکدا پێشنیازێکی لەمجۆرە (کە فراکسیۆنەکەی ئێمە لە پەرلەمان پێشکەشی کرد)، بە دەنگی ٧٦ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رەتکرایەوە. سەرەڕای ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان دا بۆ ئەوەی لە کۆمپانیایەک یان دامەزراوەیەکدا بە گرێبەست گەنجێک کارێکی دەستبکەوێت، پێیویست بەوە دەکات لانیکەم بڕوانامەی "بەکالۆریۆس"، یان "پەیمانگە"ی ھەبێت. ئەمەش لەکاتێکدایە نزیکەی چوار ھەزار لە یەکەمەکانی دەرچووانی زانکۆکانی کوردستان، لە ساڵەکانی خوێندنی ٢٠١٥ وە تا ئەمساڵ، ھەن و ھێشتا دانەمەزراون.
ئەمە چ دادوەرییەکە لە ھەرێمی کوردستاندا، چوار ھەزار یەکەمی زانکۆکان و دەیان ھەزار خاوەن بڕوانامەی "بەکالۆریۆس" لە زانکۆ دانپێدانراوەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق دا، چانسی دامەزراندنیان نەبێت، لەکاتێکدا لەلای ٧٦ پەرلەمانتار ئاسایی بێت (بگرە دەنگیشی لە دژ بدەن)، کە نابێت کاندیدی "سەرۆکی ھەرێم"، بڕوانامەی "بەکالۆریۆس"ی ھەبێت؟!
٢.دەسەڵاتە زۆر و زەوەندەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسا پەسەندکراوەکەی "یاسای ھەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان دا، تا پەسەندکردنی دەستور"، پێمانی دەڵێت: ئەو نمایشەی چەند رۆژێکی دیکە، لە دانیشتنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستاندا دەکرێت و تێیدا "سەرۆکی ھەرێم" ھەڵدەبژێردرێت، مانای ئەوە نییە کە ئیدی لە ھەرێمی کوردستاندا، سیستمی پەرلەمانیی جێگیرکراوە (ھەرکەس وا بڵێت، درۆیەکی گەورەی سیاسیی و قانونیی دەکات)، لەکاتێکدا لە سیستمی پەرلەمانیدا، "سەرۆک" تەنھا دەسەڵاتی پڕۆتۆکۆڵیی و "تەشریفاتیی" دەبێت و کارەکتەری یەکەمی دەسەڵاتدار لە سیستمی پەرلەمانییدا، کارەکتەری "سەرۆک وەزیر"ە، ئەمە بە لەبەرچاوگرتنی بنەما و پرەنسیپەکانی سیستمی پەرلەمانیی، نەک ئەوەی منی پەرلەمانتار، خوازیاری ئەوە بم لە ئێستادا دەسەڵاتی یەکێک لە ئامۆزاکان، لەوی دیکەیان زیاتر بێت یان کەمتر، کە یەکێکیان پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی دەبێت و ئەوی دیکەیشیان پۆستی "سەرۆکی حکومەت".
٣. دەنگدانەکەی دوێنێی بەشێکی پەرلەمانتاران لە دژی ئەو دوو خاڵەی سەرەوە (بەتایبەتی لەناو ھەردوو فراکسیۆنی یەکێتیی و گۆڕان)، بەلای منەوە چاوەڕوانکراوبوو، سەرەڕای ئەوەی کە لای ھەندێک "شۆک"ی دروستکردووە.
بەشبەحاڵی خۆم، رێزی دەنگی ھەر پەرلەمانتار یان ھەر ھاوڵاتییەکی ئاسایی دەگرم، بەڵام کاتێک ئەو دەنگدانە ناکۆک دەبێت لەگەڵ سادەترین بنەمای دیموکراسیی و حکومڕانییەکی دروست و دەسەڵاتەکان لە چوارچێوەی بنەماکانی قانونی نێودەوڵەتیی لە سیستمە جیاجیاکانی حکومڕانییدا، ئەمە شایانی ئەوەیە لەسەری بوەستین و لە داھاتووشدا، دەنگدەری ھۆشیار لە ھەرێمی کوردستاندا، ھەڵوێستی خۆی لەسەر ئەم دەنگدانە لەبیر نەکات.
٤. ئەلف و بێی دیموکراسیی (لە دیدی زۆربەی تیۆریسەنەکانی دونیای سیاسەت و لەلای بەشێکی زۆری بیرمەندەکانی زانستی سیاسەتیش) پێمانی دەڵێت: "دیموکراسیی، سەپاندنی دەسەڵاتی زۆرینە نییە، بەڵکو بەھەند وەرگرتنی دەسەڵات و مافی کەمینەیە". وەک چۆن فەیلەسوف و ئابوریناس و بیرمەندی ناسراوی بەریتانیی "جۆن ستیوارت میل"، لە جێگایەک دا دەڵێت: "ئەگەر کەسێک ھات و دەنگی ھەموو کۆمەڵگەی سەرکوتکرد، ئەم سەرکوتکردنە ھیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەوەی ھەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بێن و بەتەنھا دەنگێک سەرکوت بکەن". سەرەڕای ئەوەی ناکرێت زۆرینەی پەرلەمانیی، بە زۆرینەی خەڵکی کوردستان بەراورد بکەین، بەڵام کاتێک لەنێو پەرلەمان و بەرێککەوتنی سێ لایەن زۆرینە دەسەپێنرێت، ئەمە ئاماژەیەکە بۆ لاوازکردنی رۆڵ و دەنگی ئازاد و راستەقینەی پەرلەمانتار لە دەنگدان و ھەڵوێست وەرگرتندا، سەرەڕای ئەوەی بەشێکە لە پڕۆسێسی "سەرکوتکردن" (لە دیدی "جۆن ستیوارت میل"ەوە)، بەجۆرێک پەرلەمانتار دەبێت تا ئەو شوێنە بەرگریی لە ئەجێندای پارتە سیاسییەکەی بکات، کە بزانێت بەرگریکردنەکە بە زیان بۆ سەر بەرژەوەندیی گشتیی و دیموکراسیی و حکومڕانییەکی دروست و ئەجێندا نیشتمانییەکان ناشکێتەوە.