یۆتۆپیا و دیستۆپیا
یۆتۆپیا وێناکردنی جیهانێکی باشترە لەوەی تییدا دەژین. جیهانێکی ئەندێشەیی، تێیدا ژیان بە (باشترین) شێوە ڕێکخرابێت، مرۆڤ خۆشبەخت بێت. دیستۆپیا بەپێچەوانەوە، پێشبینی دنیایەک دەکات لە هەموو ڕوویەکەوە خراپترە لەمەی ئیستا. جیهانێک لەئەنجامی سیستمێکی خراپەوە درووست دەبێت، ئەو سیستمە لەئێستادا هەیە و ئەگەر بەردەوامبیت دەگاتە ئەوەی کە نووسەر وێنای دەکات. مرۆڤ لەو جیهانەدا کۆیلەیە، چەوساوەیە، هیچ ئازادیەکی نیە. ناخۆشبەختە.
لەڕووی زمانەوانیەوە یۆتۆپیا وشەیەکی لێکدراوی یۆنانیە، لە دوو وشە پێکهاتووە: ''یوو'' واتە هیچ شوێنێک، تۆپۆس واتە شوێن، واتە ئەو شوێنەی هیچ شوێنێک نیە هەندێ یۆنانیناسیش ''یوو'' بە خۆشبەختی وەردەگێڕن، واتە یۆتۆپیا بە شوێنی خۆشبەختی وەردەگێڕن. دیستۆپیایش، وشەی یۆتۆپیایە و پێشگری ''دیس''ی دەچێتە سەر، کە دەیکاتە نەرێنی. بەواتای ئەو جێیەی خۆشبەختی لێ نیە.
ئامانجی یۆتۆپیا باشکردنی سیستمی هەنووکەیی وڵاتە، ئامانجی دیستۆپیا ئاگادارکردنەوەی خوێنەرە، واتە هاووڵاتی، لەوەی لە داهاتوودا ڕوودەدا ئەگەر ئەو سیستمە هەنووکەییە بەردەوام بێت و ڕیفۆرم نەکریت یا نەگۆڕدرێت.
یەکەمین یۆتۆپیا لە مێژوودا لە ئەفسانەی یۆنانیدایە, کاتێک مرۆڤ بەفەرمانی زیۆس و لەسەر دەستی پڕۆمیسیۆس درووست دەکرێ. ئەو سەردەمە پێی دەگوترێ ''سەردەمی زێڕین''. تێیدا مرۆڤەکان بە خۆشبەختی دەژین، کار ناکەن، لە میوەی زەوی دەخۆن، تەنیا نێرن، مێ، واتە ژن، هێشتا درووست نەبووە، بۆیە هێشتا ئیرەیی و پێشبڕکێ و ئارەزوو بوونی نیە، چونکە حەز و ئارەزوو سەرچاوەی دڵتەنگی و ئازارە، مرۆڤەکان لەو سەردەمەدا پیر نابن، هەر بە گەنجی دەمێننەوە. ئەم وێنایە دواتر لە ''بەهەشت''ەکەی پەیمانی دێرینی تەوراتدا دەیبینینەوە. بەهەشتی عەدن کە لە تەوراتدا و لە پەیمانی نوێی ئینجیلدا بە ''مەلەکوتی ئاسمان'' ئاماژەی پێ دەکرێ، دواتر لە قورئاندا باس دەکرێ.
پەڕتووکی ''کۆمار''ی ئەفلاتۆن یەکەمین یۆتۆپیای زەمینیە, کە لەلایەن مرۆڤی بیرمەندی نائاینیەوە نەخشەی بۆ دەکێشرێت و مرۆڤ خۆی لەسەر زەوی دەرووستی دەکات. ئەو کتێبە دەبێتە سەرچاوە و بنەما بۆ زۆرینەی دەسەڵاتدارانی دنیا. چ دیکتاتۆرەکان و چ چاکەکاران، هەردووکیان بەکاری دێنن بۆ درووست کردنی دەوڵەتی بەهێز. هەندێ لە بیرمەندان پێیان وایە ئەو کتێبە سەرجاوەی یەکەمی درووستبوونی دیکتاتۆریەتەکانە. بەڵام ئەگەر لە ئەورووپای ئەمڕۆ بروانین، دەبینین کە لە ڕووی ئەرێنییەوە سوودی زۆر لە ئەفلاتۆن وەرگیراوە بۆ درووستکردنی حکوومەتەکان و ڕێکختسنی کۆمەڵگەکان.
گرنگترین یۆتۆپیای سەردەمی نوێ ئەوەی ''تۆماس مۆر''ە بەهەمان ناوەوە ''یۆتۆپیا'' کە لە ساڵی ١٥١٦دا بڵاو دەکریتەوە. ئەم کتێبە دەبێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ ئایدیۆلۆژیای سۆسیالیزم و دواتر کۆمۆنیزم. چونکە لە یۆتۆپیاکەی تۆماس مۆردا بەشی زۆری بنەماکانی سیستمی سۆسیالیستی دەبینین، وەک: یەکسانی نێوان هەموو هاووڵاتیان و نەمانی چین و توێژ، نەبوونی پارە و خاوەندارێتی تایبەت، هەموو شتێک موڵکی گشتییە، نەبوونی ئاینێکی تایبەت کە لەلایەن دەسەڵاتێکەوە بسەپێنرێت...
لەسەدەی بیستەوە ئیدی کەس یۆتۆپیا نانووسێت، لەو کاتەوە دیستۆپیاکان دەرکەوتن. بەبۆچوونی من ئەو دیاردەیە پەیوەندی بەوەوه هەیە کە تا سەدەی بیست مرۆڤ وێنایەکی ئەرێنی بۆ ''پێشکەوتن'' هەبوو، مرۆڤ پێی وابوو پێشکەوتن هەر دەبێ جیهان و ژیان بەرەو باشتر ببات، بەڵام کە ئەنجامەکانی جەنگە جیهانیەکان و وێرانکاری کۆلۆنیالیزم و تەکنەلۆژیای بینی، گومانی لەلا درووست بوو کە پێشکەوتن مەرج بێت بەرەو باشتر چوون بێت، دەکرێ پێشکەوتن بەرەو وێرانی و ناخۆشبەختی مرۆڤ ڕاپێچ بکات.
یەکەمین دیستۆپیا لەلایەن نووسەری مەزنی ڕووس ''ئێڤگێنی زامیاتین١٨٨٤ ـ ١٩٣٧'' بەناوی ''ئێمە''، لەساڵی ١٩٢١ دا نووسرا. زامیاتین خۆی کۆمۆنیست و بەڵشەڤی بوو، بەڵام کتێبەکەی وێنای سیستمێکی کۆمۆنیستی تۆتالیتاری دۆزەخیانە دەکات. بۆیە ئەو کتێبە سانسۆر کرا و زامیاتین تا مرد بۆی نەبوو نە کتێب بنووسێت و نە لە سۆڤیەتدا کتێبی بڵاو بکرێتەوە. ئەوە بوو داوای لە ستالین کرد ڕێی پێبدا ڕووسیا بەجێ بهێڵێت، ستالین ڕازی بوو، کۆچی کرد بۆ پاریس و دوای چەند ساڵێک لەئاوارەییدا مرد. زامیاتین لەو ڕۆمانەیدا پێشبینی سیستمی ستالین دەکات. ئەوکاتەی زامیاتین ڕۆمانەکەی نووسی، ١٩٢٠، سێ ساڵ بوو بەڵشەڤیەکان دەسەڵاتیان گرتبووە دەست، لینین هێشتا مابوو و کەس ستالینی نەدەناسی.
دوای زامیاتین نووسەری بهریتانی''ئەلدۆس هەکسلێی ١٨٩٤ ـ ١٩٦٣'' لەساڵی ١٩٣٢دا دووەم گرنگترین ڕۆمانی دیستۆپیایی بەناوی ''جیهانێکی نوێی جوانخاس'' دەنووسێت. دواتر لەساڵی ١٩٤٨دا بهریتانیەکی دیكه، جۆرج ئۆروێڵ، ڕۆمانی دیستۆپیایی ''١٩٨٤'' دەنووسێت. ڕۆمانەکەی جۆرج ئۆروێڵ دەنگدانەوەیەکی گەورەی دەبێت. هەندێ لە رەخنەگران پییان وایە جۆرج ئۆروێڵ سوودی لە زامیاتین وەرگرتووە، چونکە هەندێ شتی وەک ڕۆمانەکەی زامیاتینە.
لە هەرسێ دیستۆپیاکەدا پاڵەوانێک هەیە کە بەو سیستمە رازی نیە، لێی یاخی دەبێت، یا هەوڵ دەدات بیگۆڕێت یا خۆی لێ ڕزگار بکات، بەڵام لەکۆتاییدا دەگەڕێتەوە باوەشی دەسەڵات و وای لێدەکرێ واز لەو خەونە بهێنێت. واتە دیستۆپیاکان تا ئەوپەڕی ڕەشبینن. ئەو سیستمەی درووستدەکرێ دەرچوون لێی بوونی نیە، چونکە لەسەر بنەمای بەکۆمەڵ دروستدەکرێن، واتە تاک تێیاندا هیچ سەربەخۆییەکی نییە، هیچ بەها و نرخی نیيە، بۆیە هیچ دەسەڵات و کاریگەری نیيە.
یۆتۆپیاکان بۆ ئەوە کراون مرۆڤ سوودیان لێ ببینێت بۆ ئەوەی دەسەڵات باش بکات، یا بگۆڕێت یا دەسەڵاتێکی نموونەیی بەرهەم بێنێت. دیستۆپیاکانیش بۆ ئەوە کراون تا مرۆڤ ئاگادار بکەنەوە لە مەترسی سیستمە تۆتالیتاری و دیکتاتۆریەکان. لەڕێی ترساندنی خوێنەرەوە بەئاگای دەهێنیتەوە کە بەرپرسیاری خۆی هەڵبگرێت و نەهێڵێت یا خۆی نەبێتە هۆی ئەوەی دەسەڵاتێکی دۆزەخی لە ولاتیدا درووست بێت.