07/05/2019
بورهان شێخ ڕەئووف
438 جار بینراوە

ئەبوبەکر بەغدادی لە دوو وێنە و دوو کاتی جیاوازدا

دوای پێنج ساڵ لە جاری یەکەم لە مانگی ڕەمەزانی ٢٠١٤  وا جارێکی تر  ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام و ھەفتەیەک پێش مانگی ڕەمەزان لە ساڵی  ٢٠١٩ جارێکی دی لە شریتێکی ڤیدیۆیی ١٨ خوولەکیدا لە ڕێگەی دەزگای ڕاگەیاندنی دەوڵەتەکەیەوە (الفرقان ) پەیامێکی بڵاوکردەوە .

ئەم دەرکەوتنەی بەغدادی لەم کات و ساتەدا خوێندنەوەی جیاواز و ئامانجی جۆاروجۆری لە پشتەوەیەلە پێش ھەموویانەوە:

١.ھەموو ئەو ھەواڵ و زانیارییانە بەدرۆ دەخاتەوە کە دەزگا ھەواڵگرییەکانی ھاوپەیمانان  بە عێراقیشەوە کە  باسیان  لە کوشتن و لەناوبردنی بەغدادی  دەکرد لە ماوەی ڕابردوودا لە کاتێکدا ئاماژەی بە ڕووداوەکانی ئەم دواییە کرد ھەر لە شەڕی باغۆزو تازەترینیان کردەوە تیرۆریستییەکەی سیریلانکا.

٢.سەرەڕای ئەو گورزە قورسانەی بەر دەوڵەتەکەی کەوت لە پێنج ساڵی ڕابردوودا بە لەدەستدانی ھەموو ئەو ڕووبەرە زەوییە فراوانەی کە لە عێراق و شام لە بندەستیدا بوو بەغدادی ڕوو لە ئەندامانی دەوڵەتە تیرۆریستی و وێرانەکەی دەکات وبۆ ئەوەی ورەیان بەرز بکاتەوەو  پێ یان دەڵێت ماوم و ھەڕەشەی تۆڵە ئەستاندنەوە لە خاچ پەرستەکان دەکات و خۆیان وا نمایش دەکەن کە ھێزێکی کاریگەری نێو دەوڵەتین .
٣.بەغدادی دەستی لە ڕەشاشە ڕووسیەی بەرنەداوەو لەلای ڕاستی خۆیەوە دایناوە و پشتێنی بۆمبڕێژکراوی لە خۆی بەستووە کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لە ژێر فشارو ھیچ بارودۆخێکی تەنگانەدا خۆی ڕادەستی ھیچ دەوڵەت و لایەنێک ناکات لەکاتێکدا ئەمریکا بڕی ٢٥ ملیۆن دۆلاری تەرخانکردووە بۆ ھەر کەسێک کارئاسانی و ڕێنوێنی بکات بۆ دەستگیرکردنی .

٤.ھەروەھا دەیەوێت ئەوە بە ھەموو نەیارەکانی بڵێت کە بیروباوەڕو ئیدیۆلۆجی دەوڵەتەکەیان ماوەولە سەرئاستی جیھان سەرەڕای لە دەستدانی خاکی ژێردەستیان .
لەلایەکی ترەوە بەغدادی ڕیشی بە خەنە بۆیاخ کردووەو خۆی وا پیشان دەدات کە لە تەندروستییەکی باشدایە و دەستی دەجوڵان ومەبەستی ئەوە بوو بە لایەنگرانی بێژێت  کە ساغ و سەلامەتە , سەرەڕای ئەوەی کە ھیلاک و شەکەتە و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر خۆی دەشارێتەوە سەرەڕای ئەوەی چەندین جارا وا بڵاوکرایەوە کە بەر شاڵاوی بۆمبی فڕۆکەکان کەوتووە .

بەغدادی ئەگەر چی لەگەڵ بەشێک لە یاریدەدەرەکانی دا دانیشتبوو ودەموچاویان داپۆشرابوو باسی لە ڕۆڵی ئیمپراتۆریەتە میدیاییەکە دەوڵەتەکی کرد و ھەوڵ و کۆششەکانیانی بەرزنرخاند بە سوارچاکانی ڕاگەیاندن ناویانی برد , جگە لەوەش باسی قارەمانی و بەرگری چەتەکانی خۆی کرد لە شەڕەکانی بیجی و مووسڵ و باغۆرو سرت لە لیبیاو وتی پڕۆگرامی دەوڵەتەکەمان نەگۆڕاوە و یەک بست خاک ناگیرێت تا بەسەر لاشەکانماندا نەڕۆن و ھەڕەشەی تۆڵە ئەستاندنەوەی کرد و ئاماژەی بە ٩٢ کردەوەی تیرۆریستی دا لە ھەشت وڵاتی جیا وەکو تۆڵەئەستاندنەوە لە شکستەکانیان لە عێراق و شام .

لە ھەمووی سامناکتر ھەڕەشەی شەڕی بەردەوام و لەسەرخۆی کرد خوێن بەربوونی تەواو (حرب استنزاف ) لە عەرەبستانی سعوودیە و لیبیا و ئەفغانستان و مالی و بورکینۆ فاسۆ و ھەروەھا داوای لە لقەکانی دەوڵەتەکەی کرد لە ئەفریقیاو بە تایبەتی سەرکردەکەیان ئەبو وەلیدی سەحراوی   کە پەلاماری بەرژەوەندییەکانی فەرەنساو ھاوپەیمانەکانی بدەن و لە تۆڵەی براکانیان لە عێراق وشام .

لەلایەکی ترەوە باسی ڕووداوەکانی جەزائیر و دەست لەکار کێشانەوەی بوتەفلیقە و کودەتای سوپای سودانو لەکارخستنی عومەر بەشیری کرد و سەرزەنشتی گەلانی ئەو وڵاتانەی کرد کە دەست بۆ چەک نابەن بۆ بەدەستھێنانی مافەکانیان و ھەروەھا باسی ھەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل و سەرکەوتنی بنیامین نەتنیاھۆشی کرد لەو ھەڵبژاردنەدا .

 لە کۆتاییدا ئەوەی جێگەی سەرسووڕمان و پرسیارە بەغدادی ھیچ ئاماژەیەکی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران نەکرد لە کاتێکدا لە ڕووی ئایدیۆلۆجییەوە ناکۆکی گەورەیان ھەیە وەکو ڕوون و ئاشکرایە ناکۆکی شیعەو سوونە لە ساڵانی ڕابردوودا لە سەر دەستی داعش کارەساتی گەورەی لە گەڵ خۆیدا ھێنا بۆ گەلانی ناوچەکە و ڕوڵی ئێرانیش لە شەڕی لە ناوبردنی داعش لە عێراق و سووریا کاریگەرو دیاربوو.

ماوەتەوە بڵێین ئایا وتارەکەی بەغدادی وزە و تواناو فەرمانێکە بۆ گورگە تاکەکانی داعش لە ھەموو کونج و کەلەبەرێکی جیھان لە ڕۆژانی داھاتوودا کە تاوانی قێزەون و خوێناوی تر بخوڵقێنن .

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP