04/05/2019
شوان ئادەم ئەیڤەس
371 جار بینراوە

کابینەی نوێ و خەونەکانی وەزیری خوێندنی باڵا

پێدەچێت لەئێستاوە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ھەرێمی کوردستان؛ د.یوسف گۆران بەڵێنی دانانەوەی لەکابینەی نۆیەمدا پێدرابێت وا دەبێژێت: «تا ساڵی ٢٠٢٣ ھیچ زانکۆیەک نامێنێت متمانەی نێودەوڵەتی بەدەست نەھێنابێت».

ئەگەرچی خەونەکەی گۆران؛ خەونی من و سەدانی ئەکادیمیی دیکەی ئەم ھەرێمەیە، بەڵام پێمخۆشە منیش ئەمە بکەمە دەرفەتێک تاوەکو ھەندێ پێشنیاز بخەمەروو؛ بەشکو ببێتە خەون و کارنامەی کابینەی وزاریی نوێ، چونکە سیڤییەکەی خۆم بۆ وەزیریی ھێشتا «خزمەتی حزبیی و پاساتی نێوان تەکەتولەکان»ی کەمە و وەرناگیرێت. وەگەرنا نەک ھەر بەڵێن، بەڵکو بە چڕیی کارم لەسەر ئەم پێشنیازانەی خوارەوە دەکرد:

١. لەخۆگرتن و دەستنیشانکردنی فەلسەفە و سیستمێکی روون و ئاشکرا بۆ کایەی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی لەھەرێمی کوردستانی بندەستی عێراقدا. بۆنمونە؛ دیموکراسی، لیبراڵی، دیکتاتۆری، ...تد. بەبێ دیاریکردنی فەلسەفە و سیستمێکی روونی نووسراو؛ ھەمان ئەزموونی ٢٨ساڵی رابردوو دووبارە دەبێتەوە کە میزاج و زەوق و سەلیقەی کەسەکان بڕیار لەسەر یەکلاکردنەوەی پرسەکان دەدات، نەک پلانی پێشوەختەی دیراسەتکراو.

 ٢. گەڵاڵەکردنی پرۆژە یاسایەک بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پێکھاتەی کارگێڕیی، دارایی و زانستیی ئێستای وەزارەت و جێگرتنەوەی ئەنجومەنێکی نیشتمانیی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی؛ بەجۆرێک دەسەڵاتی جێبەجێکردنی ئەوەی ھەبێت کە کار لەسەر رێکخستنەوە و بەرزکردنەوەی کواڵتی زانکۆ و پەیمانگاکان و نێوەندە ئەکادیمییەکانی دیکە بکات یان دایان بخات.

٣. قۆناغ بە قۆناغ ھەڵوەشاندنەوەی ھەموو نێوەندە ئەکادیمییەکانی حکومەت و سەربەخۆکردنیان لەرووی ئەکادیمی، کارگێڕیی و داراییەوە. بۆئەوەی ھەریەکەیان بکەونە کێبرکێ؛ ئەو بەش و کۆلیژ و سەنتەرانەی ھیچ پێویستیی و بەشدارییەکی راستەقینەیان نییە رێکبخرێنەوەو سەرلەنوێ بە ناو و ناوەڕۆکی نوێ کە ھاوشان بێت لەگەڵ پێداویستیی بازاڕی کاردا دابڕێژرێنەوە.

٤. جیاکردنەوەی ئەرک و بەرپرسیارێتی زانستیی لەھەریەک لە کارگێڕیی و دارایی لەنێوەندەکانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییدا. ھەڵەیەکی گەورەیە؛ تاقەکەسێک دەسەڵاتی بڕیاردانی یەکلاکەرەوەو جێبەجێکردنی لەھەرسێ پرسی زانستی، کارگێڕیی و داراییدا ھەبێت و بەھیچ فلتەرێکی چاودێریی و لێپرسینەوەدا نەڕوات. بۆنمونە ، ئێستا لەھەندێ «زانکۆی حکومیی ھەرێمی کوردستاندا» نەک ھەر ئەنجومەنی زانکۆکان بێدەسەڵات و فەرامۆشکراون، بگرە شۆفێری تایبەتیی سەرۆکی زانکۆ؛ بەبێ بڕوانامە و لەکاتێکدا خوێندکاری زانکۆیە دەکرێتە بەڕێوبەری بەشی خزمەتگوزارییەکانی زانکۆ و لەھەندێ پرس و بارودۆخیشدا، شۆفێر و بەرپرسی نووسینگە تایبەتییەکەی سەرۆکی زانکۆ لەیاریدەدەر شکڵییەکانی دەسەڵاتییان زیاترە!

٥. تاوەکو دە ساڵی دیکەش، زۆر زۆر پێویستە لە چوارساڵ زیاتر رێگە بەھیچ سەرۆک زانکۆ، راگری کۆلێژ و پەیمانگا، سەرۆک بەش، یاریدەدەران و بەڕێوبەرانی خوارتر نەدرێت لەیەک پۆستدا بمێننەوە، چونکە ئەوانەی زۆرتر لەپۆستێکدا دەمێننەوە، زووتر بۆگەن دەکەن و لەسەر گەندەڵیی کڕدەکەون. بەچەشنێک ئێستا سەرۆکی ھەندێ زانکۆ؛ ئەگەر پرۆژە بازرگانییەکانیان لەپرۆژە ئەکادیمییەکانیان زیاتر نەبێت، ئەوا لەگەڵ ھەندێ دەڵاڵی دیکەدا بەشی ئەوە دەکات کە بازرگانیی دەرمان، یەکەی نیشتەجێبوون، یانەی شەوانە و رێستورانتی پێبکەنەوە!

٦. جێبەجێکردنی پلانی درێژەدان بەخوێندنی باڵا، بەجۆرێک ئەوانەی دبلۆمی دووساڵەی پەیمانگاکان تەواودەکەن رێگەیان پێبدرێت بەردەوام بن لە کۆلیژەکانداو لەساڵی سێیەمەوە درێژە بەخوێندن بدەن و بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەست بھێنن. لەوەش گرنگتر ئەوەیە کواڵتی خوێندنی پەیمانگاکان بەجۆرێک بەرزبکرێنەوە کە خاوەن بڕوانامەیەکی دبلۆم رووبەڕووی ھیچ گرفتێک نەبێتەوە؛ کاتێک بیەوێ لەساڵی سێیەمی زانکۆدا درێژە بەخوێندنی زانکۆیی بدات.

٧.  ھەڵسەنگاندنی ساڵانەی ستافی ئەکادیمیی زانکۆ و پەیمانگاکان، بەچەشنێک ئەوەی ماستەر و دکتۆرا یان یەکێکیانی نەبێت و لەخولی رێگەکانی وانەوتنەوەدا دەرنەچووبێت، رێگەی وانەوتنەوە و سەرپەرشتیکردنی «توێژینەوەی دەرچوون»ی پێنەدرێت. ئەمەش ئاسانکاریی دەکات بۆئەوەی کێبرکێ دروست بێت، تاوەکو تەمەڵیی فەرمانبەری ھەمیشەیی نەمێنێت و لەسەر بنەمای ھەڵسەنگاندنی دادوەرانەی ساڵانە، گرێبەستی کارکردن تازە بکرێتەوە، چونکە ئێستا گاڵتەجارییەکە بەجۆرێکە، لەھەندێ پەیمانگای حکومییدا خوێندکاری زانکۆ؛ دەکرێتە مامۆستا!

٨. سوودوەرگرتن لەوانەی لەم ساڵانەی دواییدا، خوێندنی ماستەر و دکتۆرایان لەوڵاتانی ئەوروپا وخۆرئاوادا تەواوکردووە؛ بەئامانجی گواستنەوەی ئەزموونی خوێندن و کارگێڕیی دەرەوە بۆ ناوخۆی کوردستان.

٩. چاکسازییکردن و گۆڕانکاریی ریشەیی لە شێوازی «تاقیکردنەوە» و «توێژینەوەی دەرچوون» لەپەیمانگا و زانکۆکانەوە تاوەکو بەماستەرو دکتۆرا دەگات.

١٠. رەخساندنی زەمینەی ئازادی دەربڕین و کارکردنی ئەکادیمیی ھاوشان لەگەڵ دروستکردنی گیانی کێبرکێی لیبراڵ لەنێو  ستافی ئەکادیمیی و کارگێڕیی زانکۆ و پەیمانگاکاندا بۆ وەرگرتنی پۆست و پێگەی جیاواز، نەک پەراوێزخستنی ستافی خانەخوێ و  سواڵکردنی ستاف لەزانکۆ و پەیمانگای دیکە.  ھاوکات رێگریکردن لە دیاردەی وەکالەت و وەرگرتنی دوو پۆست و سێ پۆست لەلایەن یەک کەسەوە، چونکە ئەوە دەیسەلمێنێت؛ یان  پۆستەکان بچووک و بێبایەخن یاخود ئەوانەی وەریدەگرن؛ ئەڵقەلەگوێ و کاسەلێسی سەرووترن!

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP