ئیرھابی فیکری و شەڕی کۆنە قین
رۆژگاری دوای راپەڕین کە بەزنجیرەیەک شەری ناخۆدا گوزەریدەکرد، لەشەمەندەفەر دەچوو، کە بەدوای خۆیدا زنجیرەیەک فارگۆن رادەکێشێت، زنجیرەیەک رۆژگاری رابردوو، کە پڕبوو لەگەمەی نابەجێی سیاسی، پڕبوو لەبیرۆکەی شەڕی کۆنەقین، پڕبوو لەو کەسانەی کە بەدوای تۆڵەکردنەوە لەیەکتردا دەگەڕان، ئەو کەسانەی لەنێو ئەو شەمەندەفەرەدا بون، لەنێو خۆیاندا ھەم رکەبەرکارو ململانێکاربوون، لەگەڵ ئەوەشدا دژ بەسیستەمێکی سیاسی و دەرەوەی شەمەندەفەرەکە لەشەڕدا بوون، ھەم جەنگاوەربوون دژ بەیەکتر، لەھەمانکاتدا جەنگاوەر بوون لەپشتی یەکتر، ھەم دۆست بوون و ھەم شەڕکار.
ئەم تێکەڵبون و کەڵەکەبونە لەمرۆڤی شۆڕشگێڕی رۆژگارە درێژکراوەکەی بەر لەڕاپەڕین، ھەتا رۆژگاری شەڕی ناوخۆی دوای راپەڕین، فەرھەنگێکی پڕ لەقین و پڕ لەجنێودان و یەکتر شکاندنی بۆ جێھێشتین، فەرھەنگێک کە وا لەمرۆڤی کورد دەکات، ھەم دۆستی خۆی بێت، ھەم دوژمن، ھەم خۆ شکێن بێت، ھەم خەڵک شکێن، ھەم کەسایەتییەکی ھەبێت پڕ بێت لەرەقییەکی بێ ئاکار، لەھەمانکاتدا کەسایەتییەکی ھەبێت پڕ بێت لە کوشتنی نەرمە گوتار و لێبوردەیی و بونیادنانەوەی ژیانی تێکشکاوی یەکتر.
لەپەنای ئەو فەرھەنگە مەترسیدارەدا، ھەمیشە کۆمەڵێک پێنوس بەدەست کاریان بۆ زیندووکردنەوە و بەرز راگرتنی کردوە، کۆمەڵێک خاوەن قەڵەم کە بەتەنھا ئیشیان پاراستنی فەرھەنگی کۆنە قینە، ئەم پێنوسەوانانە، ئەم خاوەن قەڵەمانە، میراتگرەوەی گوتاری (بەشی من بوو)، ئەو گوتارەی کە رۆژگاری بەر لەڕاپەڕین، کۆمەڵێک (ئاغاو دەرەبەگی) کورد، بوون بەبناغەدانەری، پاشتر بوون بە بەشێک لەپاڵنەرو درێژە پێدەری شەڕی ناوخۆ، ئەو شەڕەی کە نزیک بە ٥٠ ساڵ لەمەوبەر، بە دوو کەرتبوون و ئینشیقاقکردنی پارتی دەستیپێکرد، بەسەر ھەردوو بەرەی سیاسی و سەربازی، کە دواتر بوو بەشەری کۆنەقینی بادینی و سۆرانی، دواتر ناوەکەی گوازرایەوە بۆ شەڕی کۆنەقینی جەلالی و مەلایی، لەپاشاندا بوو بەشەڕی یەکێتی و پارتی، دواجاریش بوو بەشەڕی کۆنەقینی زۆنی سەوز و زۆنی زەرد، قینکردن لەیەکتر، رقبونەوە بەراوبەر بەکارو کردەوەی یەکتر، بوو بەکلتوری ئەو رۆژگارە، بوو بە بەشێک لەو فەرھەنگەی کە بینای ھزری کوردایەتی لەسەر دروستکرا، ئەو ھزرەی کە لەرۆژگاری شەڕی ناوخۆی دوای ڕاپەڕین، بەزەقی نمایشی فەرھەنگی شەرە جنێویان دەکرد، بۆ ئەوەی فەرھەنگی شەڕە جنێو، وەک میراتی بۆ نەوەکانی داھاتوی کورد بمێنێتەوە، پێویستیان بە کۆمەڵێک خاوەن پێنوسبوو، پێویستیان بەوەبوو، کە کەسانێک لەژێر ناوی رۆژنامەنوس و میدیاکار دروست بکەن، تاوەکو درێژە بە فەرھەنگی شەڕە جنێو بدەن، درێژە بە فەرھەنگی یەکتر شکاندن و یەکتر بوغزاندن بدەن، بەوەش دوو ئامانجی بەھێز دەپێکن.
یەکەم: کەسی بە ئامانجکراو لەلای خەڵک ناشیرین دەکەن و دەیشکێنن.
دووھەم: دەسەڵات و ھێزو پارە لەلای خۆیان دەمێنێتەوە، لەو ڕوانگەشەوە خۆیان بەبەھیزی دەمێننەوە.
چونکە تاکی کوردی باشور، تاکێکی ھەستیارە، لەسەر ئەساسی سۆز و عەتف بڕیار ئەدات، ئەو گروپەی کە زۆرترین جنێوو زۆرترین پێناسەی شکاندنی بەراوبەرەکەی پێ بێت، ئەو گروپە پارە و چەکی لەلادەبێت، ھەر گروپێکیش پارە و چەکی لەلابوو، دەتوانێت مرۆڤ بکڕێت، لەھەمانکاتدا دەشتوانێت مرۆڤی ھەمەجی و لابەلا لەژێر ناوە جیاوازەکاندا پەروەردە بکات و بازاڕی بۆچونی توندئاژۆ و ئیرھابی فیکری پێ دەوڵەمەند بکات.
جا ئەو گروپە لە قەڵەمەکانی شەڕی ناوخۆ، بەشێکبوون لەگەرمکەری ئەو شەرە، ئەوان پاڵنەری بەھێزبون و ھەمیشە لەرۆژنامە و میدیاکانی ئەو رۆژگارە، کڵپەی ھەڵایسانیان بەشەڕ ئەدا، ئەگەر شەڕی ناوخۆی دوای راپەڕین، دەسەڵاتی خۆجێی حکومەتی ھەرێمی ئیفلیج نەکردایە، حزبە بەشەڕھاتوەکان، شانبەشانی ھاوڵاتیی و ئەکادیمیست و کەسانی خاوەن تێڕوانینی نوێگەر و بەسەلیقە، کاریان بۆ بەسیستەمکردنی ھەرێم بکردایە، ئەمڕۆ لەنیوە ھەرێمەکەی باشوری کوردستاندا، نەدەبوین بەخاوەنی ئەم ھەموو گروپە مافیاگەرییە، نەدەبووین بەخاوەنی ئەم ھەموو گروپە خۆ خۆرە، نەدەبوین بەخاوەنی ئەم ھەموو ھێزە چەکدارو ئەم ھەموو ھێزە یەکتر شکێنە.
لەوڕوانگەشەوە ئەمڕۆ ھەموان لەنێو فەرھەنگی دوێنێدا دەژین، قاچمان لەنێو قوڕاوی رۆژگاری شەری ناوخۆدایەو ھێشتا دەرمان نەکردوە، ئەو زەلکاوەی کە شەڕی ناوخۆ دروستیکردوە، ئەوەتا دەیبینن، پریشکی قوڕاوی گەیشتۆتە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ھەر رۆژە و گروپ و تاقمێک سەردەردەکەن و خەریکی یەکتر شکاندنن.
ئەگەر لەرۆژگاری دوێنێدا، مۆڵتی میدیا (رۆژنامەو تلڤزیۆن و گۆڤارو رادیۆ)، ناوەندی فەرھەنگی توندئاژۆ و ئیرھابی فیکری بوبێتن، ئەمڕۆ سۆسیال میدیا، کە لەڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی وەک (فەیسبوک و ئینیستاگرام و تویتەرو سناپچات)، بووە بەناوەندی ئەو فەرھەنگە، وەستاندنی فەرھەنگی ئیرھابی فیکری، لەنێو مۆڵتی میدیا ئاسانترە، وەک لەڕێگای سۆسیال میدیا، چونکە دەبێت بزانین، مۆڵتی میدیا، زوتر کۆنتڕۆڵدەکرێت و دەتوانرێت، لەڕێگای یاسایی تایبەتەوە، دەستبەسەر ئەو ناوەندانەدا بگیرێت، کە ھەڵگری ڤایرۆسی ئیرھابی فکرین، بەڵام کە ڤایرۆسی ئیرھابی فیکری، لەسۆسیال میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیدا، ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی، بە ئاستەم دەدۆزرێتەوەو بەدەست دێت، بۆ ئەوەش رەنگە خەڵکانێکی زۆر ببنە قوربانی، رەنگە کەسانێکی زۆر لەنێو ئەو گەمەیەدا لەناو بچن، تاکە ڤاکسینیش پاکژ راگرتنی خودە لەم ڤایرۆسە، بەوەش دەتوانین ئەم چەند رێگایە بەکار بھێنین.
یەکەم: تۆ وەک ھاوڵاتییەکی ئەم ھەرێمە، بۆ ئەوەی لەو ڤایرۆسە پارێزراو بیت، مەچۆرە نێو گەمە سیاسییەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، مەچۆرە نیو درز و کەلێنەکانی دژە حیزبی، چونکە شوێنی یەکلاکردنەوەی گەمە سیاسییەکان، پەڕلەمان و حکومەتە، من و تۆی ھاوڵاتیی، بەتەنھا یەکجار بۆمان ھەیە بچینە نێو گەمە سیاسییەکان، ئەویش ئەو کاتەیە کە دەبێت، پەنجەمان مەرەکەباویی بکەین و لەسەر سندوقەکانی دەنگدان، بەشێوەیەکی مەدەنیانەو دوور لەتوندوتیژی دەنگ بدەین.
دووھەم: تۆ وەک ھاوڵاتییەک مافی خۆتە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکار بھێنیت، چونکە ئەوە بەشێکە سەروەری ژیانی تۆ، بەڵام ئەو مافە بەخۆت مەدە، کە بچیتە نێو ئەو پەیج و ئەکاونت و ھەژمارانەی کە لە سۆسیال میدیا، پڕ دەبێت لەتەشھیرکردن و تەخوینکردنی کەسایەتی سیاسی و حیزب و ئایدۆلۆژیاو ھەرکەسایەتییەکی دیکەی بوارێک کە ئەو کەسە بۆ ژیانی خۆی دیاریکردبێت، چونکە دواجار تۆی بەکارھێنەری ئەو بەشە لەتوندئاژۆیی، دەبێتەوە بەھەڵگری ئەو ڤایرۆسە.
سێھەم: تۆی بەکارھێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەتوانیت ھاوکاری کپکردنەوەی ئەو شەپۆلە بیت لە توندئاژۆیی، چۆن؟!، کاتێک لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیت، دەتوانیت ریپۆرتی ئەو پەیج و ئەکاونت و ھەژمارە بکەیت، کە دەبن بە ھۆکاری بەرھەمھێنانی توندئاژۆیی، بەوەش کۆمپانیای پەخشکەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک (تویتەرو فەیسبوک و ئینیستاو سناپ چات)، رەچاوی ئەو ھەموو شکاتە دەکات، لەو ڕوانگەشەوە ئەو ئەکاونتە دادەخات کە بەرھەمێنەری ئەو توندوتیژیەیە.
چوارھەم: ژیان لەدەرەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەنرخترە وەک لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لەو گوندە بچوککراوە وەرە دەرەوە، کەناوی سۆسیال میدیای لێنراوە، لەوێ کاتەکانت بەفیڕۆ مەدە، مرۆڤ کەکاتی بەفیڕۆدا، واتای ئەوە دەگەیەنێت، کە مرۆڤی ژیان بەڕێکەرە، نەک مرۆڤی بەرھەمھێنەری جوانییەکانی نێو ژیان.
لەوڕوانگەوە، ھەریەکە لەئێمە، دەتوانیت ببیت بەو کەسەی کە لەنێو فەرھەنگی ئیرھابی فیکری جێی خۆی ناکاتەوە، تاکی ئەم ھەرێمە، ھەتا ئەو فەرھەنگە تێکنەشکێت و لەناوی نەبات، ناتوانێت لە شەڕی کۆنە قین رزگاری ببێت، رزگار نەبونیش لە شەڕی کۆنە قین، واتای ئەوەیە، کە بەدەیان ساڵی دیکە، نەوە لە دوای نەوە، لەنێو جەنگی کورد دەبێت دژ بەکورد.