10/04/2019
سەرتیپ جەوهەر
354 جار بینراوە

ھەیاسە لەکوردستان چ باسە

ئەمڕۆ دانپێدانانی ئەو باندە تاوانبارەی سلێمانی بڵاوکرایەوە، زۆرمەترسیدارو تۆقێنەرە! بەڵام ئەو تاوانە زۆرشتی دیکەمان بیردەخاتەوە کە زۆرمەترسیدارترە لەو تاوانەی کراوە.

بەپێی نوسراوێک تۆمەتبارێک لەبەندیخانە ئاسایشی ھەولێر دەستگیرکراوەو تەوقیف بووە، دادوەر نوسراوی کردووە ماوەی تەوقیفی بۆ درێژبکرێتەوە، کەچی بەندیخانە وڵامیان داوەتەوە دەڵێن (ناوبراو) ئازادکراوە چونکە بێتاوان دەرچووە!!

ئاخر لەکوێی دونیا بووە بەڕێوبەرانی بەندیخانە تۆمەتبار بەبێ بڕیاری دادوەر یان دادگا ئازاد بکەن و بەدادوەر بڵێن ئازادمان کرد!! خراپر ئەوەیە کابرا عەریزەیەکی داوە دەڵێت مۆبایل و کەلوپەلم لەبەندیخانە جیھێشتوە بۆم بگەڕێننەوە!!

برادەرێک وتی رۆژێک لای دەستڕۆیشتوێکی حزبیی ئەم وڵاتە بووم کە ھیچ پۆستێکی دیاریکراوی حزبی و حکومی نەبوو، کەچی تۆمەتبارێکیان لە بەندیخانەوە بۆ ھێنابوو تا لەدیوەخان "رەزیلی" بکات، دوای رەزیلکرن، تۆمەتبارەکەیان گێڕایەوە بەندیخانە!!

ئاخر لەکام سوچی ئەم سەرزەمینە بووە تۆمەتبار لە بەندیخانە بھێنرێتە دەرەوە ببرێتە دیوەخانێک و بەردەم دەستڕیشتوێکی حزبیی! تەنھا بۆ ئەوەی سەرزەنشتی بکات!!

ئێ خۆتان بینیتان کاکی بەڕێوبەری ئاسایش بێمنەت و بەبەرچاومانەوە وتی ئێمە (فلان)مان گرتوە لەبەر ئەوەی ھەڤاڵێکی حزبمان لە سلێمانی دەستگیرکراوە؟! ئای لەوە؟! ئەرکی ئاسایش پاراستنی گیانی ھاوڵاتیانی کوردستانە یان رفاندن و بەبارمتەگرتنی ھاوڵاتیان؟ کاریان دابینکردنی ئاسایشە یان تێکدانی ئاسایش؟!

جا چۆن ناکرێت تاوان بەردەوام بێت؟ لەھەولێر گەنجێکی تازە پێگەیشتو، خوێندکاری ماستەر لەروسیا، لەبەردەم ماڵی باوانی لەلایەن گروپێکی چەکدار رفێنراو تەلەفۆنیان بۆ باوکی کرد وتیان ئەوە کوڕەکەت لەتۆڵەی ئامۆزاکەی دەکوژین! بردیان لەچۆلەوانی کوڕەیان گولەباران کرد؟!یەکێکی دیکە لەسەر فولایت کوژراو کرایە ژێر ئۆتۆمبێلەوە! دەیان و سەدان تاوانی لەمانە خراپتر..تدد

ئاخر دادوەرانی دادگا و ئەندامی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی کوردستان بە جەماعەت بەشداری لەبانگەشەی حزبدا بکەن لەیاریگای ھەولێر!! تۆ بڵێی دادگاکانی کوردستان لە چ بارودۆخێکدا بن! عەیبەکە ئەوەندە گەورەیە، من دڵنیام بەدوو دێڕ نوسینی من پێشان نادرێت!!

ئێ پێرێ حەمکە دادوەرێک چوبونە بۆنەیەکی حزبی و بۆ ئەم مەبەستە دوو سێ سەعاتیش بەئۆتۆمبێل ئەزیەتیان کێشابوو! خراپتر لە تەلەفزیۆن پیشان دەدران وەک ئەوەی بەیعەتیان نوێکردبێتەوە!

ئێ بۆ ئاسایی نییە، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان لە پێناو ئازادکردنی چەند تاوانبارێکی دیاریکراو چەند بڕگەیەک لەقانونی لێبوردنی گشتیی زیاد بکات، تۆ بڵێی ئەم وڵاتە گەیشتبێتە کوێی وێرانیی!! ئێ ئەو لێبوردنی گشتییە بووە بە بەڵایەکی گەورە، زۆربەی ئەوانەی بە لێبوردنی گشتی ئازادکراون، دواتر تاوانیان کردۆتەوە!!

ئەو قسانەی سەرەوە حەقیقەتی ئەم وڵاتەن، بۆیە بەلاتانەوە ئاسایی بێت یەکێک تیرۆردەکرێت یان دەکوژرێت یان دەڕفێنرێت! ئاخر ئەوە حاڵی پەرلەمانتارو ئاسایش و پۆلیس و دامەزراوەی دادوەریی بێت، تۆ بڵێی تاوانباران لەچی بترسن؟! ئەمە حاڵی کوردستانە، بەڵام ئەم قسانە من نەمنوسیون، نەموتون، چونکە لەوانەیە سبەی یەخەم بگرن و لەپای ئەو قسانە بەبارمتە بمگرن و دواتر بەدیل بمگۆڕنەوە.

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP