09/04/2019
دیاری ئەنوەر
371 جار بینراوە

حكومەتی قەرزدار بۆ وادەكات!!

حکومەتی ھەرێم تا ئێستا مووچەی زیاتر لە ٨ مانگی نەداوە بە فەرمانبەران و ٣٤ مانگیش مووچەی بە پاشەکەوتەوە داوە، لەو ماوەیەشدا ٢٣ مانگ چارەکەی مووچەی داوە بە فەرمانبەران، دوای ئەو ھەموو ناحەقیەی بەرامبەر بە فەرمانبەرانی ئەم ھەرێمە کردی و بێ شەرمانە دەستی برد بۆ قوتی فەرمانبەران، تا ئێستا یەک مانگ مووچەی تەواوی بێ پاشەکەوتی داوە بە فەرمانبەران.

لەبری سوپاسکردنی فەرامانبەران کە ئەوەندە خۆڕاگربوون و تەحەموولی ئەو ھەموو قەیرانە دروستکراو بارگرانیەیان کرد، ئەم حکومەتە یەکەم ھەنگاو لەبری ئەوەی ھەنگاو بنێت بۆ دانەوەی قەرزی فەرمانبەران، سەرقاڵی لێسەندنەوەی قەرزە لە ھاوڵاتیان و فەرمانبەران.

پرسیارەکە ئەوەیە ئایا بەتەنھا ھاوڵاتیان قەرزاری حکومەتن، وا حکومەت کەوتۆتە ھەلەکە سەماو پەلەیەتی لێیان وەربگرێتەوە؟ یان حکومەتیش قەرزاری فەرمانبەران و ھاوڵاتیانە؟

بێگومان قەرزای یەکەم حکومەتە نەک ھاوڵاتیان و فەرمانبەران، بۆیە پێویستە سەرەتا حکومەت قەرزی فەرمانبەران و ھاوڵاتیان بداتەوە ئەوکات داوای قەرزەکەی خۆی بکاتەوە.

بۆیە ئێمە لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ ھەرگیز لەگەڵ ئەم ھەنگاوەی حکومەتدا نین و لەگەڵ ھاوڕێکانمدا پڕۆژەیەکمان ئامادەکردووە، تا حکومەت لەو قەرزە زۆرەی فەرمانبەران  و ھاوڵاتیان لایەتی قەرزە کەمەکەی خۆی ھەڵبگرێتەوە، نەک بەحساب سیستەمی پاشەکەوت لابراوە و لەولاوە بەناوی قەرزەوە لە مووچەی فەرمانبەران بیبڕێت، ھەرکاتیش بازاڕ بوژایەوە و دۆخی ئابوری ھاوڵاتیان باش بوو ئەوکات حکومەت بە میکانیزمێکی گونجاو داوای قەزەکەی خۆی لە ھاوڵاتیان بکاتەوە.

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP