02/04/2019
‎مەسعودی مەلا ھەمزە
347 جار بینراوە

گۆڕان و پارتی و سەرۆکایەتی

زۆری بەسەردا تێنەپەڕیوە و ھەموومان بیرمانە ئەوێ ڕۆژێ ھەڤاڵانمان لە گۆڕان پڕوپاگەندەی پاشکۆبوونیان بۆ یەکێتی دەکرد و زوو زووش دەیانگوت یەکێتی بۆتە پاشکۆی پارتی، ڕێککەوتنەکەی ١٨ی شوبات و ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێم و یاسای سڕکردنی سەرۆکایەتی ھەرێم دەریخست کە گۆڕان شتێکی تری لە ھەگبەدایە و ئەوەی چەند ساڵە دەیکا بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی نەبووە بەڵکو بۆ پۆست و پلە بووە!

‎لەدوای پێشکەشکردنی پڕۆژە یاساکە، گۆڕان دەیەوێ و ھەموو ھەوڵێکی بۆ ئەوەیە وا نیشانی بدا کە کارێکی زۆر گەورەیان کردووە و خەریکن سیستەمی سیاسی لە کوردستان دەگۆڕن و ھەنگاوی گەورە دەنێن، ئەگەرچی ھەرزوو کادیرانی گۆڕان خۆیان ئەوەیان ڕەتکردەوە و ڕایانگەیاند کە ئەو کارەی گۆڕان جگە لە جێبەجێکردنی ئەجندای پارتی شتێکی تر نییە، لەپاڵ ئەوەدا با بپرسین پڕۆژە یاسا پێشنیازکراوەکەی پارتی و گۆڕان و ھاوئاوازەکانیان چی تیایە؟ جیاوازییەکەی لەگەڵ یاساکەی پێشوو چییە؟

‎بەر لە ھەموو شتێک، پێویست ناکا مەسەلەی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لەناو پەرلەمان وەک دەستکەوت بە خەڵک بفرۆشرێتەوە، لەگەڵ کاندیدکردنی ھەریەک لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لەلایەن پارتییەوە بۆ پۆستی سەرۆکایەتییەکانی ھەرێم و حکومەت پارتی ڕایگەیاند کە دەیانەوێ بۆ ئەم خولە سەرۆکی ھەرێم لەناو پەرلەمان ھەڵبژێردرێ، نەشیانشاردەوە کە بۆ داھاتوو قسەی تریان دەبێ، ھەروەک بەفەرمی گوتیان یاساکە وەک خۆی و بەبێ ھیچ دەستکارییەک کارادەکەنەوە، ئەمە زۆر ڕوونە کە پارتی باش دەیزانی لەئێستادا ناتوانن ھەڵبژاردن بۆ سەرۆکی ھەرێم بکەن لەناو خەڵک، ئیتر باشترین چارەسەر بۆ ڕاگرتنی باڵانسەکەی ناوخۆیان ھەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانیە وەک سەرۆکی ھەرێم لە پەرلەمان، کەواتا برادەرانی گۆڕان جگە لە واژووکردن بۆ یاساکە ھیچ ئیزافەیەکیان نەکردووە و پێویستیش ناکا ھەوڵی چەواشەکردنی خەڵک بدەن، چونکە ڕاست بوو کە پارتی وتی ڕێککەوتووین لەگەڵ گۆڕان یاساکە وەک خۆی کارابکرێتەوە!

‎ڕوون و ئاشکرایە کە بەشێکی زۆری گلەییەکان لەمەڕ یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم لەبارەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم بوون و ھەموو ھەوڵەکانیش بە ئاراستەی کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆک بوو، کەچی لەم پڕۆژە چاوگەشەی پارتی و گۆڕان و ھاوئاوازەکانیان بە دێرێکیش باسی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم و کەمکردنەوەی نەکراوە، ئەی دەبێ گۆڕان چی وەڵامی ئەو پڕۆژەیەی خۆی بداتەوە کە لەسەری دەرکران و ئەوکات دنیایەک تۆمەتیان بەخشیەوە بۆ خەڵکی تر!

‎ئەو پڕۆژە یاسایەی ئێستا لە پەرلەمانە ھەمان ئەو پڕۆژەیەیە کە برادەرانی گۆڕان بە کودەتا بەسەر دیموکراسی لە قەڵەمیان داو کردیانە شەڕە دەبەی ئاو و یەکێتیان وەک دیلی دەستی پارتی نمایش کرد، ئەوێ ڕۆژێ یەکێتی ئاوابوو ئەمڕۆ ئەوان چین؟ لە کاتێکدا گۆڕان دەیتوانی زۆر ھەنگاوی تر بنێ ئەگەر فعلەن لە خەمی سیستەمی سیاسی بوو لە کوردستان.
‎ئەی ھەقوانییە بپرسین گۆڕان لە بەرامبەر چی ئەو کارە بۆ پارتی دەکا؟ ڕوونە کە بەڵێ گۆڕانەکان لە ھەموو کەس باشتر دەزانن کە ئەو پۆستانەی وەریانگرتووە زۆر زیاترە لە ئیستحقاقی ١٢ کورسییەکەیان، بە دڵنیاییەوە بەشێک لە پۆستەکان بەرامبەرە بەو شەرعیەتدانە بە ھەنگاوە تاکلایەنەکانی پارتی!

‎ئەرێ بەڕاست، خۆ بەحساب یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم ڕەھەندی نیشتمانی ھەیە، دەکرێ یاسایەک کە ڕەھەندی نیشتمانی ھەبێ بەبێ ھێزی دووەم لەکوردستان تێپەڕێنرێ؟ لەوەش سەیرتر برادەرانی گۆڕان لە پارتی زیاتر پەلەیانە بۆ کاراکردنەوەی سەرۆکایەتییەکە، تۆ بڵێی لە یاساکەدا ھەندێک داھێنانی گەورەیان کردبێ لە بەرژەوەندی دیموکراسی و سیستەمی پەرلەمانی یان شینەکە بۆ حسێن نییە و بۆ ھەریسەکەیە!
‎ئەوەی ماوە بگوترێ، پارتی و گۆڕان بەم ھەنگاوانەیان بەبێ یەکێتی و لایەنەکانی تر ناتوانن ھیچ ھەنگاوێکی کردارەکی لە ھەموو شارەکانی کوردستان بنێن، ئەوەی دەیکەن تەنھا ھەوڵێکی دڵسۆزانەی گۆڕان و لایەنەکانە بۆ زوو چارەسەرکردنی کێشەی باڵانسی نێو پارتی و زوو بە زوو کۆتایی ھاتن بە ململانێکانیان، خۆ ئەگەر وانییە با تەنھا ماددەیەکیان لە دەسەڵاتەکانی سەرۆک کەمکردایەتەوە و ڕێگربان لەو یاسایەی بە قەولی خۆیان پێشتر دیکتاتۆری دروست دەکرد، کەچی لەسەر دەستی خۆیان کوردستان دەبێتە شامی شەریف!

‎ھەقیشوایە گۆڕان لەبەردەم دەنگدەرانی گرەنتی ئەوە بدا کە لەخولی داھاتوو یان لە دەستووردا سیستەمی سیاسی دەبێتە پەرلەمانی، ھەرچەندە ئەوەش جێی گومانە و لەوانەیە لەوکاتدا و لەبەرامبەر ٢-٣  پۆستی زیاتر گۆڕان بڵێن با سیستەم سەرۆکایەتی بێ کەی کێشەیە!؟

 

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP