26/03/2019
عەبدولعەزیز مەحمود
538 جار بینراوە

رق و خۆشەویستی

ئێمە وەك چۆن خۆشەویستی فێر دەبین ئاواش فێری رق دەبین. بەهەمان شێوەش ئەو كەسەمان خۆش دەوێت كە خۆشیان دەوێین و رقمان لەوانەشە كە رقیان لێمانە. هەموو كارێك كاردانەوەیەكی هەیە. هەندێك جار لە یەك كاتدا هەم رقمان لە كەسێكە و هەم خۆشیشمان دەوێ‌. ئەمە غیرەیە. كاتێكیش كە فێڵمان لێ‌ دەكرێ‌، یاخود كۆنترۆڵی هەست و نەستی خۆمان لەدەست دەدەین ئەو كەسەمان خۆش دەوێ‌ كە رقی لێمانە و رقمان لەو كەسە دەبێتەوە كە خۆشی دەوێین. ئەمە بەڕاستی كێشەیە.

هەندێك جاری تریش كاتمان نابێ‌، نە بۆ خۆشەویستی، نە بۆ رق. ئەمە لەو ساتەوەختانەدا روودەدات كە سەرقاڵ دەبین بە خۆمانەوە. دیارە ئەمە خۆپەرستییە. رەنگە سەرقاڵ بین بە خۆشەویستانەوە، بە بوغزاندنی ئەوانەی رقیان لێمانە. ئەمەش ئەوپەڕی ئاقڵییە، چونكە خۆشەویستی ئاسوودەییە و رق سزا و ئازار و ئەشكەنجەیە. كاتێك مامەڵەی هاوڕێیەك وەكو دوژمن دەكەین، ئەو هاوڕێ‌یە دەبێتە دوژمن. ئەمەش كێشەیەی دیكەیە. جا لەبەرئەوەی ئێمە لە ململانێداین لەنێوان ترس و ئارەزووەكانماندا، ئەوا بەدڵنیاییەوە كەسێكمان خۆش دەوێ‌ كە ئارەزووەكانمان بۆ دەهێنێتە دی و رقمان لەو كەسە دەبێ‌ كە ترس لە ناخماندا دەوروژێنێ‌. جاری واش هەیە تەنیا هەر لەسەر گومان، یان لەژێر كاریگەریی ئەوانەی یاریمان پێ‌ دەكەن رقمان لە كەسێك هەڵدەستێ‌. ئینجا دواتر راستییەكەمان بۆ دەردەكەوێت. هەندێك جاریش لەسەر بناغەكانی رەنگ و ئایین و رەگەز رق و خۆشەویستی دەردەبڕین. ئەمە رەگەزپەرستییە. خەڵكەكە جۆراو جۆرن .. هەیە گوێ‌ ناداتە ئەوەی كەسانی تر رقیان لێیەتی یان نا، بەڵكو گرنگ ئەوەیە قازانج بكات. مرۆڤی واش هەیە دەیەوێ‌ خۆشەویست بێ‌، تەنانەت ئەگەر لەسەر حسابی دۆڕاندنی خۆیشی بێ‌. هەندێك جاریش كە جیاوازی دەكەین لەنێوان منداڵەكانماندا، بەو كارەمان فێری رقیان دەكەین و وایان لێ‌ دەكەین رقیان لە یەكتری و لە ئێمەش بێ‌. كاتێكیش كە هەست و سۆزەكانمان دەشارینەوە هەموو كێشە دەروونییەكان روومان تێ‌دەكەن.
رەنگە لەو باوەڕەدا بیت كە رۆژێك لە رۆژان خەڵكەكە دەگۆڕێت، بەڵام مرۆڤ هەر مرۆڤە و ناگۆڕێت. مەگەر لەپێناوی بەرژەوەندییەكانی خۆیدا. ئەوەی رقی لێتە هەرگیز خۆشی ناوێیت، ئەوەی كە خۆشی دەوێیت رەنگە ببێتە دوژمنت و كەسێكیش كە رقی لە خۆی بێ‌ رقی لە خەڵكیشە.
رق هیچ چارەسەرێكی نییە جگە لە فەرامۆشكردن و گوێ‌پێنەدان. خەڵكەكە تێكەڵەیەكن لە چاكە و خراپە، لە جوانی و ناشیرینی، لە رق و خۆشەویستی.

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP