دادگا حزبیە یا حکومی؟
جیاکردنەوەی دەسەڵاتی پارتی سیاسی لە حکومەت مانای نەھێشتنی حیزب و کوژاندنەوەی دەوری حیزب نیە لە ژیانی سیاسی وڵات، بەڵکو حیزبایەتی و سیستمی فرە حیزبی کۆڵەکەی سەرەکی سیستمی دیموکراتییە. ژیانی دیموکراتی بە بێ ململانێی حیزبی و بەبێ دووبارەبونەوەی ھەڵبژاردن و بەبێ بوونی ئۆپۆزسیۆنی پارلەمانی و بەبێ بوونی میدیای ئازاد وتەیەکی بۆشە.
یەکێک لە گەورترین ھەڵەکانی پارتە سیاسییەکانی کوردستان لە دوای ڕاپەرین، تێکەڵاو کردنی دەسەڵاتی حیزب و حکومەت بوو، ئەو ھەڵەیەی کۆمەڵگای کوردی دووچاری چەندین دەرد و نەخۆشی گران کرد، لەسەرو ھەمویانەوە جەنگی ناوخۆ، میدیای سێبەر، بێدادی کۆمەڵایەتی، گەندەڵی جۆراوجۆر، قۆرخ کردنی دادگاکان لەلایەن کەسانی حزبیەوە.
ڕاستیەکەی دەبێت دەسەڵاتی حزب بەتەواوی لە داد دوربخرێتەوە و ڕێ نەدرێ دام و دەزگا حزبیەکان دەست بخەنە کاروباری دادگاوە، حزب ھیچ دەورێکی نەبێ لە دامەزراندی دادوەر و کارمەندانی دەزگای قەزایی، دەبێت ھەر کارمەندێکی ئەم دەزگایە بێلایەنی خۆی لە دەست بدات دەست بەجێ دور بخرێتەوە.
ئایا دادگا ئەم ڕۆڵەی بینیوە؟
لەو تەوقیتەی حکومەتی خۆماڵی دامەزراوە تا ئێستا حیزب سەروەر بووە نەک یاسا، براوەی کەیسەکان کەسە حزبیەکان بوون نەک دادگا، گەر دادگا ڕۆڵی خۆی بینێبێت و سەروەر بوایە دەبوو ھەڵگیرسێنەرانی جەنگی ناوخۆ دادگایی بکرانایە و حەقی بەناحەق ڕژانی خوێنی شەھیدانیان وەرگرتایە، دادگا بۆ نەیتوانیوە خیانەتکارانی ۳۱ی ئاب دادگایی بکات و بڕیاری زیندایان دەربکات، بکوژانی خۆپیشاندانەکانی ۱۸ی شوبات بۆ لە کونجی زیندانەکاندا نین؟ بازرگانە سیاسیەکانی تێکەڵ بە مەلەفی مشتەرەکی فرۆشتنی نەوت لە گەڵ داعش بۆ دادگایی ناکرێن؟ ئەی کوان بکوژانی ڕۆژنامەنوسەکانی سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی و شەھیدانی قەڵەم؟ داھێنەرانی روبعە موچە و فرۆشتنی خاک و سەروەتی گەل بۆ ئازادانە دەسوڕێنەوە و چەندین سکاڵا و شکاتیان لەسەرە بۆ دادگا ناتوانێ مەلەفەکانیان ئاشکرا بکات؟
لە سایەی دادگایەکی ئیفلیج بە دەست حزبەوە چەندین کەسی سیاسی لە دراسات عولیا و خوێندندا بە قبوڵ خاێ و نەخوێندن و بڕوانامەی ساختەوە و دەرنەچوون لە زانکۆکاندا بونەتە خاوەنی بڕوانامەی بەرز و بڕیاردەری دەزگا ئیداری و سیاسیەکان نەک دادگا ناتوانێ مەلەفیان ئاشکرا بکات، تەنانەت کەسی تۆمەتبار دەبێتە براوەو لایەنی شکایەتکاریش بە زڕاندنی ناو غرامە و زیندانی بۆ دەبڕێتەوە.