05/03/2019
عومەر عەلی محەمەد
437 جار بینراوە

جینۆسایدێکی خۆماڵی

حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەی کە زۆر شانازی پێوە دەکات بریتیە لە پاراستنی ھەرێمی کوردستان لە ئیرھاب و تەقینەوە و توندوتیژیەکان و لەناوبردنی گروپە توندڕەوەکان، بەمەش تەنھا جەختی کردۆتەوە لەسەر پاراستنی ئاسایشی سیاسی و ئەمەشی بە تاکە ڕێگە زانیوە بۆ پاراستنی گیانی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، ڕاستە ئەمە کارێکی ئیجابیە و دەستکەوتێکی باش بووە بۆ ھاوڵاتیان لە ھەرێمی کوردستاندا،بەڵام لە لایەکی تریشەوە چەند لایەنێکی تری ئاسایش ھەیە کە تا ئێستا حکومەت بە گرنگیەوە سەیری نەکردوە و پلانی دانەناوە بۆ پاراستنی لە کاتێکدا کە ئەو لایەنانەش ھیچی کەمترنیە لە ئاسایشی سیاسی، لەوانەش ئاسایشی خۆراک و گەشت و گوزار و تەندروستی.

ئەمانە ھەمویان کۆمەڵێک ئەڵقەی پێکەوە بەستراون و لێک جیاناکرێنەوە چونکە لە کاتێکدا کە حکومەت بەتەنگ پاراستنی گیانی ھاوڵاتیانەوەیە لە پاراستنیان لە تەقینەوە و کارە ئیرھابیەکان، دەبێت لە ھەمان کاتدا بەتەنگ ئەوەشەوە بێت کە گیانی ھاوڵاتیان بپارێزێت لە نەخۆشیە درم و ترسناکەکانی وەک شێرپەنجە و ئایدز و ...ھتد، چونکە لە ھەموو بوارەکاندا مرۆڤ ڕوبەڕوی مردن دەبێتەوە ،مردنی کارە تیرۆریستیەکان و تەقینەوەکان یەکسەر و خێران بەڵام مردنی ئەوانی تر لە ڕێگەی نەخۆشیەکانەوە لەسەرخۆ و درێژ خایەنە و ئەم جۆرە مردنەیان بە ئازارترە، ئێمە ڕۆژانە لە ھەرێمی کوردستاندا گوێبیستی ئەوە دەبین کە ژمارەی سەرمایەدارەکان لە ھەڵکشاندایە و لە ئێستاشدا ٣٠ ملیاردێر و زیاتر لە ١٠ ھەزار ملیۆنێر ھەیە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لەزۆربەی ووڵاتە دەوڵەمەندەکانیشدا ئەم ڕێژەیە لە سەرمایەدار بوونی نییە ،لێرەوە پرسیارێک ڕوبەڕوی حکومەت دەبێتەوە کە ئایا ئەم دەوڵەمەندبوونە خێرایە لە چیەوە سەرچاوەی گرتوە؟، ئایا حکومەت بەئەرکی خۆی ھەستاوە بە دیاریکردنی مەرجی تایبەت بۆ بازرگانەکان لە کارەکانیاندا یان دانانی لیژنەی پشکنینی کارا بە تەکنەلۆژیای نوێ بۆ پشکنینی ھەموو جۆرەکانی شمەکە بازرگانیەکان لە خاڵەکانی سەر سنور بە تایبەتیش بۆ خۆراک و دەرمان، چەنکە لە بەرامبەر زیادبوونی سەرمایەی سەرمایەدارەکان دەبینین ژمارەی قوربانیان و نەخۆشیە ترسناکەکان زۆر دەبن کە دوایەمین ڕوداویش ئەو کوێربوونە بە کۆمەڵەبوو کە ٣ ساڵ لەمەو بەر تیایدا ٣٠ ھاوڵاتی لە شاری ھەولێر بە ھۆی لێدانی جۆرە دەرزیەکی ماوە بەسەرچوەوە ڕویدا، ڕۆژانە نەخۆشیەکانی شێرپەنجە و کۆلیسترۆڵ و شەکرە و ئایدز و چەندان نەخۆشی ترسناکی تر، لەسەر مناڵان و کۆرپەلەکان لە زیادبووندان، بەشێک لە بازرگانەکانی کوردستان ئێستا سەرقاڵی ئەم جۆرە بازرگانیانەن کە ئەوانیش دەستیان تێکەڵاو کردوە لەگەڵ مافیاکانی جیھانی، چونکە لەئەم ڕێگەیەوە دەتوانن لە ماوەیەکی کەمدا قازانجێکی زۆر بکەن ، شایەنی باسە ساڵی پار گەورەترین مامەڵەی بازرگانی لەسەر ئاستی جیھانی بۆ دەرمانی ماوە بەسەرچو ئاشکرابوو کە نرخەکەی ٤٥٠ ملیۆن دۆلاربوو کە ٨٠ جۆر دەرمانی لەخۆگرتبوو ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ووڵاتانی ڕۆژئاوادا توندترین چاودێری و پشکنین ھەیە و سزای توندیش دانراوە بۆ ئەوانەی ئەم کارە بکەن، بەڵام نابێت ئەوەش لەیاد بکەین کە ڕۆژئاوایەکانیش تەنھا بەدەنگ پاراستنی گیانی ھاوڵاتیانی خۆیانەوەن و ئەگەر بزانن ئەو دەرمان و خۆراکانە بەرەو ووڵاتانی تر لە ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتین و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەچێت ئەو گرنگیەی پێنادەن.

سەرژمێریە جیھانیەکان باس لەوە دەکەن کە بازرگانی جیھانی لە بواری دەرماندا ساڵانە ٢٧٥ ملیار دۆلارە و لەم ڕێژەیەش ٨٥ بۆ ٩٢ ملیار دۆلاری لەسەر دەرمانی ماوە بەسەرچوە بۆ ئەم مەبەستەش کۆمپانیاکان بە ھاوکاری لەگەڵ باندە مافیاکان ھەڵدەستن بە گۆڕینی بەرواری بەسەرچونی ئەم دەرمانانەو گرنگی نادەن بە تێکچونی پێکھاتەی دەرمانەکان، تەنانەت ئەم دەرمانانە کوتانی مناڵانیش دەگرێتەوە، بەپێی سەرژمێریە جیھانیەکان ساڵانە ٨ ملیۆم مناڵ و بەساڵاچو دەبنە قوربانی ئەم جۆرە دەرمانانە.

ئەگەر بێت و سەرژمێریەک لە نەخۆشخانەکانی کوردستان وەربگرین ئەم ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئێستا ھەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسی جینۆسایدێکی نوێدایە، چونکە ڕۆژانە ڕێژەی نەخۆشیە ترسناکەکان لەزیادبوندان و لەمەش بەشێکی زۆر لە منداڵان دەگرێتەوە گەنجانیش بە ڕێژەیەکی زۆر ڕوو لە بەکارھێنانی مادە ھۆشبەرەکان و خواردنەوە دەکەن، ئەو جینۆسایدەی کە ئێستا بە ڕێگاوەیە  ھیچی کەمترنیە لە کیماباران و ئەنفال چونکە ئەوەی لە ئێستادا بەڕێوە دەچێت بەھەمان شێوە ژەھراوی کردنی مرۆڤی کوردە بەڵام ئەم جارەیان لە ڕێگەی دەرمان و خۆراکی ماوە بەسەرچوو ژینگەیەکی پیس و بەکارھێنانی کەلوپەلی ناتەندروست و نا زانستیە لە ڕوی پێکھاتنیانەوە ، بەمەش نەوەی نوێ بەرەو مەرگێکی لەسەرخۆ دەچێت ، لەم بوارەدا ھەست دەکرێت تۆڕێکی مافیایی بەھێز کۆنترۆڵی ئەم بوارە بازرگانیەی کردوە ، تەنانەت حکومەتیش ناتوانێت ڕێگەیان پێبگرێت و بیانباتە بەردەم دادگا، چونکە ئەم تۆڕە خاوەنی دەسەڵات و سەرمایەیەکی گەورەن و ھیچ دادگا و دەزگایەکی ئەمنیش ناتوانێت دەستگیریان بکات یان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات، لەم ڕوەوە دەتوانین بڵێین ئەمانە ئەرگەنە کۆنی کوردستانن و دەستبردن بۆیان زۆر مەترسیدارە ،چونکە خۆیان خاوەن دەسەڵاتێکی سێبەرن ئەم باندە کە لە لایەک بەرپرسیاریەتی سیاسیان ھەیە، لەھەمان کاتدا دەستیان گرتوە بەسەر بازرگانی ھەرێمدا و بۆ ئەم مەبەستەش پەیوەندیان ھەیە بە تۆڕێکی بازرگانی ھەرێمایەتی لە ووڵاتانی دراوسێ و تەنانەت لەگەڵ کۆمپانیا و بازرگانەکانی ڕوسیا و چین و ئەوروپا و ئەمریکاش، ئەمانە تەنھا بیر لە قازانج ئەکەنەوە و ئەوەی بەلایانەوە ھیچ نەبێت ھەستکردنە بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە گوزەران و تەندروستی و ژیانی  ھاوڵاتیان. لێرەوە دەتوانین وەڵامی ئەو پرسیارەمان دەستبکەوێت کە ئایا بۆچی لە ماوەیەکی کورتدا ئەو ھەموو سەرمایەدارە گەورە لە کوردستاندا دەرکەوتن بەڵام لەگەڵ ئەو سەرمایە زۆرەشیاندا ئامادەنین لە کوردستاندا وەبەرھێنان ئەنجام بدەن ،بەڵکو لە ئەو جۆرە بازرگانیانەدا بەکاری دەھێنن کە دەتوانن زۆرترین قازانج بکەن لە کورتترین ماوەدا، ئەویش لەسەر خوێن و ژیان و تەندروستی ھاوڵاتیان ،لەبەر ئەوە ئێمە دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین کە دوژمنەکانمان بە شێوە تەقلیدیەکانی جاران ھەوڵی جینۆسایدی نەتەوەی کورد نادەن، بەڵکو ئالیەتی ئەو جینۆسایدە لە ئێستادا گۆرٍِاوەو بە ھاوکاری لەگەڵ تۆڕێکی مافیا لە سیاسی و بازرگان و بەرپرسی ناوخۆ ئەنجام دەدرێت و لەچەند ساڵًی ئایندەدا دەبینین کە قوربانیانی دەستی ئەمانە دەیان ھەزار کەس تێدەپەڕێنێت ،چونکە کاریگەری ماددە کیمیاییەکان لە خواردن و دەرمانی ماوە بەسەرچوو کەلوپەلی ناتەندوست وکوالێتی نزم ، بە شێوەیەکی سەربەخۆیە و کار لەسەر جیناتی کرۆمۆسۆمەکان دەکات و دوای چەند ساڵێک لە کەڵەکەبوون کار لە تەندرستی ئەندامەکان دەکات و لە شێوەی نەخۆشی ترسناکدا دەردەکەون و سەرەنجام توشبوەکە ڕووبەڕووی مەترسی مەرگ دەکاتەوە ،لەبەر ئەوە لەم کاتەدا بەرپرسیاریەتێکی گەورە ڕٍوو دەکاتە حکومەتی ھەرێمی کوردستانی ئایندە لە کابینەی ھەشت ، کە بەرنامەیەک دابڕێژێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم باندانە و بەھەمان شێوەی گروپە تیرۆریستیەکان ھەوڵی ڕٍیشە کێشکردنیان بدات و بیاندات بە دادگا، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ئەم ھەنگاوانە بگرێتە بەر:

یەکەم: دۆزینەوەی ئەو بەرپرسە گەورانەی کە لەپشتی ئەم جۆرە بازرگانیەوەن و پەلکێشی بەردەم دادگایان بکات و کەس لە سەرو یاساوە نەبێت.

دووەم: ھەموو ھۆکارێکی تەکنەلۆژی نوێ بەکاربھێنێت و بیداتە دەست لیژنەکانی پشکنین و چاودێری لە ناوخۆی شارەکان و خاڵە سنوریەکان.

سێھەم: لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە ھەڵمەتێکی وشیار کردنەوەی ھاوڵاتیان دەستپێبکرێت و چۆنیەتی مامەڵەکردن و بەکارھێنانی ماددە خۆراکی و دەرمانیەکان خۆیان ببن بە چاودێر بەسەر دوکان و بازاڕ و دەرمانخانەکان.

چوارەم: وەزارەتی تەندروستی بکرێتە وەزارەتێکی خاوەن توانا و سەربەخۆ و دور لەھەر چاودێریەکی بەرپرسە حیزبیەکان و بە ئازادانە بتوانێت لەپێناو پاراستنی گیانی ھاوڵاتیاندا کاربکات.

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP