01/03/2019
د. كارزان توفیق محمود
359 جار بینراوە

بەراوردێكی سادە بۆ رێككەوتننامەكەی گۆڕان و پارتی لەگەڵ رێككەوتننەكانی تر

گومانی تێدا نییە دانوستان كردن لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان دا یەكێكە لە رێگەكانی خەبات كردن بۆ ئەو دروشمانەی، كە لایەنی سیاسی بانگەشەی بۆ دەكات، تا بتوانێت دروشمەكان لە مەرەكەبی سەر كاغەزەوە بكاتە كردار لەسەر زەمینەیەكی ئاشتیانە جێبەجێیان بكات و رەنگدانەوەی هەبێت لەسەر ئەرزی واقع تا بتوانێت بە دەنگدەرانی بڵێت رێككەوتنەكان لە خزمەتی ئێوە و خەڵكیشدایە بە گشتی. 

لەم روانگەیەوە، لە هەرێمی كوردستان بە درێژایی ساڵانی حكومڕانی حیزب و هێزە سیاسییەكان چەندینڕێكەوتن نامە واژوو كراوە و هەموو لایەنەكانیش بانگەشەی ئەوە دەكەن، كە ئەم رێككەوتننامانە مەبەست لێیان خزمەتكردنی خەڵكی كوردستانە، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە كە ئایا ئەم رێككەوتنانە بە فعلی لە خزمەتی خەڵكی كوردستان دایە یان  زیاتر بۆ چنینەوەی پلە و پۆستە؟ بۆ بەهێزكردنی پێگەی حیزب و لەناو حیزبیشدا چەند كەسایەتیەك.

وەڵامی ئەم پرسیارانە لە تێڕامان لە ناوەرۆكی رێككەوتننامەكە دەردەكەوێت، كە تا چەند ئەو بانگەشانە راستن. گومانیشی تێدا نییە كە وەرگرتنی پایەو پۆستیش لەلایەن هێزی سیاسییەوە، كە لە ناو رێككەوتننامەیەكی لەو شێوەیەدا هەبێت ئاساییە تا بتوانێت وەك میكانیزمێك بەكاری بێنێت بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی كاركردنی، بەڵام لەوە گرنگتر بەرنامەی كاری حكومەت و جێكردنەوەی ئەجینداو  پاكێج و بەرنامەی حیزبی سیاسیە لە كارنامەی حكومەتدا، هەروەها شێوازی حكومڕانی و  چۆنێتی بەشداریكردنە. 

نمونەی ڕێكەوتن نامەكان زۆرن، بەڵام بە كورتی دەمەوێت لە 3 خاڵدا رێككەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان بخەمە بەر چاوی خوێنەران و بەراوردێكی بچوكی بكەین لەگەڵ رێككەوتنە گرنگەكانی تری هەرێم كە لە رابردودا كراون.

1- ئەم رێككەوتنە رێككەوتنێكی سیاسیە و ئەتوانم بڵێم تا رادەیەكیش ئیداریی، تەنها بۆ پێكهێنانی حكومەت كراوە نەك بۆ دابەشكردنی هەرێم و سامانەكەی وەك لە رێككەوتنە سیاسییەكانی تری هەرێمدا بەدی دەكرێت. 
2- ئەم رێككەوتنە رێككەوتنێكی شەفاف و بینراوو ئاشكرایە، لە دەزگا جیاوازەكانی ڕاگەیاندنەوە بڵاوكراوەتەوە و خراوەتە بەر دیدەی خوێنەران، هیچ جۆرە تەمومژێك لەسەر خاڵەكانی نین، تەنانەت بە زمانێكی سادە دەربڕینی بۆ كراوە تا بە ئاسانی هەمووان لێیتێبگەن و هیچ جۆرە لێكدانەوەیەك بەدوای خۆیدا نەهێنێت، بە پێچەوانەی رێككەوتنەكانی تری هەرێم لە نێوان حیزبە سیاسیەكاندا كە ئاشكرا نین و لە ژوورە تاریكەكاندا واژوو كراون، نەك خەڵكی ئاسایی تەنانەت لەسەر ئاستی باڵای حیزبەكانیش  ئێستاشی لەگەڵدا بێت نازانرێت ناوەرۆكی رێككەوتنەكە چییە و چی لە خۆ دەگرێت؟ 
3- سەرلەبەری خاڵەكانی ڕێكەوتن نامەكە بۆ بەرژەوەندی خەڵكە و رێككەوتنەكە بەرامبەر بە پێدانی  مافەكانی خەڵك واژوو كراوە هەر لە لابردنی ستەمی پاشەكەوتنی موچە و گەڕاندنەوەی قوتی خەڵك و بەرفراوانكردنی ئازادییەكان و چەسپاندنی یاسا و سەروەركردنی... هتد،  كە هەموویان لە بەرژەوەندی گشتیدان. 

لەلایەكی ترەوە رێككەوتنە لەسەر ئەو پرسانەی رەهەندی نیشتیمانی و نەتەوەییان هەیە، وەك كاركردن بۆ رێككەوتن لەسەر ماددەی 140 و یاساكانی نەوت و غاز و پشكی هەرێم لە بودجەی حكومەتی فیدراڵ ......هتد، كە دیسان ئەم خاڵانەش خەڵكی هەرێمی كوردستان و كوردانی ناوچە دابڕێنراوەكان لێی سودمەند دەبن. نەك رێككەوتن بێت بەرامبەر وەرگرتنی پۆست و بەرژەوەندی تەسكی حیزبایەنی وەك ئەوانەی لە رابردوو ئێستاشدا دەبینرێت. 

پۆستەكانی سەرۆك كۆمار و پارێزگاری كەركوكیش باشترین نمونەن. 

بۆیە دەبێت "گەر تا دەركەوتنی جێبەجێكردنی رێكەوتنەكەش بێت" بە ئومێدەوە لەم رێككەوتنە بڕوانین و تا ئاستێكیش هیوای لەسەر هەڵچنین, چونكە لە كۆتاییدا ئەوە ڕێكەوتنەكانە كە ئاشتی كۆمەڵایەتی فەراهەم دەكات و زەمینە خۆش دەكات تا خەڵكی هەناسەیەكی ئارامی و ئاسوودەیی بدەن نەك رێكنەكەوتن و توندكردنەوەی ناكۆكییەكان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP