19/02/2019
سالار مەحمود
306 جار بینراوە

وێنە گەورەکە ببینن

دانیشتنەکەی  پەرلەمان وێنەیەکی پیشانداین

سەرۆکایەتیەکی یەک رەنگ و مۆزایک، تەنیا لەسەردەمی دوو ئیدارەییدا سەرۆکایەتی پەرلەمان گوزارشت بووە لەیەک ھێڵ.

گۆڕان و پارتی ئەم کردەیەیان سەرەتای خولی پێشوو خولی سێیەمی پەرلەمانیشدا کرد، بەڵام ئاکامەکەی بە دەرکردنی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕان کۆتایی ھات، کە زەقترین نمونەی زیندووکردنەوەی ئاسەوارەکانی دوو ئیدارەیی بوو.

کۆتایی ئەمەش ھیوادارم ھەرگیز وانەبێ.

 لە زۆر وێستگەی حوکمڕانی کوردستاندا ئەم پەرلەمانە بریندار کراوە حەق نەبوو دەستپێکەکە ئەم خولەش بەم جۆرەبێ.

لەم ھەفتەیەوە پەرلەمان سەرقاڵی دانانی لیژنە ھەمیشەییەکانی دەبێ بەتایبەتی لیژنەی یاسایی بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم بۆ دوو مەبەست.

یەکەم: سەرۆکی ھەرێم لەناو پەرلەمانەوە ھەڵبژێردرێ نەک لەناو خەڵک.

دووەم: دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم کارا بکرێتەوە و یاسای ھەڵپەساردنەکە بەمادەیەک لاببەن.

دواتر راسپاردنی کاندیدی پێکھێنانی حکومەت کە لەپەرلەمانەوە ناساندنی بۆ دەکرێ پێویستە ئاراستەی سەرۆکی ھەرێم بکرێ بۆ راسپاردنی تەشکیلی کابینە.

ئایا پارتی دەتوانێ بەبێ یەکێتی ئەم ھەنگاوانە بە سانایی لە رووی یاساییە ئەشێ بەڵام لە رووی واقعییەوە بەدڵنییایەوە ھیچ ئاسان نییە. دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان تەنیا بریتی بوو لەو خۆ تەکاندن لە تۆزی ئەو ململانێ زیانمەندەی پارتی لە پۆستی سەرۆککۆماردا کردی. کەواتە با لێرەوە بڵێین (یەک بەیەک).

ھەرچەندە یەکێتی لەمەدا ھیچی لەدەستنەداو پارتیش شتێکی ئەوتۆی دەستنەکەوتوە. بۆ گۆڕانیش وا باشتربوو ھاوبەشی ئەم کردەیە نەبوایە یا تەرەفگیری نەکردایە، چونکە لانی کەم ناکۆک کەوتۆتەوە لەگەڵ خواستی بنکە جەماوەریەکەی
وێنە گەورەکە ئەمەیەی خوارەوەیە:

بەرژەوەندی ھەردوو لایەنەکە و خەڵکیش وا دەخوازێ قۆناغێکی نوێ دەستپێبکرێ و رێکەوتن لەنێوان یەکێتی و پارتی دروست ببێ لەسەر ئاستی عیراق و ھەرێم بەکەرکوکیشەوە. کەم و زۆری پۆست و شەراکەت لە دابەشکردنی پۆست کەمتر گرنگە، بەڵکو یەکخستنی ھێزو توانا بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی نیشتمانی گرنگترە. ئەگینا لەئاستە جیاجیاکاندا پۆستەکان بۆ ھەموو لایەکان بەتایبەتیش گۆڕان و پارتی و یەکێتیش تاقیکراونەتەوە.

وێنە گەورەکە بریتیە لە واقعیترین ھاوکێشە ئەویش یەک پاکێجیە بۆ رێکەوتنێکی سیاسی گشتگیری یەکێتی و پارتی.

لەبارەی زەرەرو قازانجەوە ئەوەی زیان دەکات لەم کێشمە کێشە سیاسیانەدا تەنیا ھاونیشتمانی و خەڵکە ئەگینا (کُلُّ حِزْبٍ بِمَا ڵدَیْەِمْ فَڕحُونَ)!

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP