25/12/2018
سه‌فیۆڵا هاشمی
388 جار بینراوە

سیاسه‌تی ئه‌مریکا و ستراتیژه‌که‌ی تره‌مپ له‌ ئه‌فغانستان شکستی هێناوه‌

له‌ کاتێکدا که‌ دوناڵد تره‌مپ بڕیاری دابه‌زینی ژماره‌ی سه‌ربازانی ئه‌مریکای له‌ ئه‌فغانستان داوه‌، ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی ئه‌فغانستان پێیان وایه‌ که‌ شکستی تره‌مپ له‌ ستراتیژه‌که‌ی بووه‌ته‌ هۆی ده‌رکردنی ئه‌م بڕیاره‌.
سه‌فیۆڵا هاشمی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئه‌فغانستان وتی: په‌یماننامه‌ی ئه‌منی ئه‌مریکا و ستراتیژی تره‌مپ له‌ باشتربوونی دۆخی ئه‌منی ئه‌فغانستان لاوازن.
ناوبراو وتی: ڕاستییه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ پیشان ده‌دات که‌ سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکا نه‌ک ته‌نیا دۆخی ئه‌منی ئه‌فغانستانی باشتر نه‌کردووه‌ به‌ڵکوو ئاڵۆزی زیاتری به‌ دوای خۆیدا هێناوه‌.
ئه‌م ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مانی ئه‌فغانستان وتی: خه‌ڵک هیوایان به‌وه‌ هه‌بوو که‌ به‌ واژۆکردنی په‌یماننامه‌ی ئه‌مریکا دۆخی ئه‌منی ڕوو له‌ باشتربوون بکات، به‌ڵام له‌ ئێستادا به‌ڵگه‌ی ڕوون له‌ به‌رده‌ستدایه‌ که‌ بارودۆخی وڵاته‌که‌مان له‌ بواری سیاسی و ئابوریش ڕووی له‌ خه‌راپتربوون کردووه‌.
به‌ بۆچوونی هاشمی، پاش واژۆکردنی په‌یماننامه‌ی ئه‌منی، پرسیارێک بۆ خه‌ڵکی ئه‌فغانستان هاتووه‌ته‌ پێشه‌وه‌ که‌ ده‌سکه‌وته‌کانی ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ چ بووه‌؟
ڕاشیگه‌یاند: له‌ ئێستادا شه‌ڕ و پێکدادانه‌کان زیاتر بووه‌، کرده‌وه‌ خۆکوژییه‌کان به‌رز بووه‌ته‌وه‌ و دۆخه‌که‌ وای لێهاتووه‌ که‌ ته‌نانه‌ت ئه‌مریکییه‌کان خۆیان دان به‌ شکستی ستراتیژی تره‌مپدا ده‌نێن.
پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕاپۆرتی میدیاکانی ڕۆژئاوا سه‌باره‌ت به‌ کشانه‌وه‌ی نیوه‌ی سه‌ربازه‌کانی ئه‌فغانستان، دیوانی سه‌رۆکایه‌تی کۆماری ئه‌م وڵاته‌ له‌ کابۆل ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا کاریگه‌ریی له‌ سه‌ر دۆخی ئه‌منی ئێمه‌ نابێت.
له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌، تلوع نیوز به‌ گێڕانه‌وه‌ له‌ ژنڕاڵ سکات میله‌ر فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌کانی ئه‌مریکا و ناتۆ له‌ ئه‌فغانستان ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ هێشتا فه‌رمانێکی له‌ واشنتنه‌وه‌ پێنه‌گه‌یشتووه‌.
ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئه‌فغانستان سه‌باره‌ت به‌ بوونی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌م وڵاته‌ ڕایگه‌یاند: بوونی ئه‌م هێزانه‌ له‌ ئه‌فغانستان کاردانه‌وه‌ی وڵاتانی ناوچه‌که‌ی به‌ دواوه‌ بووه‌.
هاشمی ڕوونیکرده‌وه‌: باشترین چاره‌سه‌ر بۆ دۆخی ئه‌منی ئه‌فغانستان به‌هێزبوونی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی ئێمه‌یه‌.
ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌که‌ی ئه‌فغان ده‌ڵێت که‌ پێویسته‌ خه‌ڵک و حکومه‌ت یه‌کگرتوو بن و ڕه‌وتی ئاشتی که‌ خولیای خه‌ڵکه‌، مسۆگه‌ر ببێت.
وتیشی: ئێمه‌ ده‌بێت به‌ جیدییه‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ی ئاشتی بڕوانین و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مه‌ش وره‌ی هێزه‌ چه‌کداره‌کانمان به‌رزتر ده‌کاته‌وه‌.
به‌ بۆچوونی سه‌فیۆڵا هاشمی، ئه‌فغانستان پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان، که‌سایه‌تی و دامه‌زراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا یه‌کگرتوویی خۆیان بپارێزن.
ڕاشیگه‌یاند: پێشنیاره‌کانی تاڵیبان سه‌باره‌ت به‌ کشانه‌وه‌ی هێزه‌ بیانییه‌کان له‌ ئه‌فغانستان کاریگه‌ری هه‌بووه‌ و ئه‌مریکا له‌ ماوه‌یه‌کی دیاریکراودا ویستی گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازییه‌کانی خۆیی هه‌یه‌.
ده‌شڵێت: به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی ئاشتی ئیداره‌ بکرێت، ئێمه‌ ده‌توانین به‌م ئامانجه‌ بگه‌ین.
ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئه‌فغانستان وتی: تا ئه‌و کاته‌ی که‌ به‌سراوه‌ی وڵاتانی دیکه‌ بین، ناتوانین وڵاتێکی ئازاد و گه‌شه‌سه‌ندوومان هه‌بێت.
هاشمی جه‌ختیکرده‌وه‌: خه‌ڵک ده‌بێت هیوایان به‌ داهاتوو بێت تا بتوانین به‌سراوه‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوا نه‌بین و له‌م کێشانه‌ی ئێستا ده‌رباز ببین.

س/جام کوردی

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP