02/10/2023
خێزان و کۆمەڵگە 141 جار بینراوە
کارکردن لە ئۆفیسە داخراوەکان نەخۆشییەکی مەترسیدار توندتر دەکات
ئیشراق
توێژینەوەیەک گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە کارکردن لەناو ئۆفیسە داخراوەکاندا دەبێتە هۆی توندبوونەوەی جۆری دووەمی شەکرە.
توێژینەوەکە کە لەلایەن ڕۆژنامەی بەریتانی "دەیلی مەیل"ەوە بڵاوکراوەتەوە، 13 کەسی خانەنشینکراوی تووشبوو بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم لەخۆگرتووە.
ئەو خۆبەخشانە داوایان لێکراوە نزیکەی پێنج ڕۆژ لە نووسینگەکانی نزیک پەنجەرەکان بەسەر ببەن لەو شوێنانەی کە ڕووناکی ڕۆژ دەڕوات.
ئەوان هەمان ماوەیان لە نووسینگەی بێ پەنجەرە بەسەر برد، بە پشت بەستن بە ڕووناکی کارەبا .
لە توێژینەوەکەدا هاتووە، کاتێک خۆبەخشەکان لە نزیک پەنجەرەکان دانیشتبوون، ئاستی شەکر لە خوێنیاندا لە سنووری ئاساییدا ماوەتەوە، بە ڕێژەی لەسەدا ٥٩ی کۆی کاتەکە.
بەڵام لە ژێر ڕووناکی کارەباییدا، ئاستی شەکری سروشتی لەم دۆخەدا بە ڕێژەی لەسەدا ٥١ی کۆی کاتەکە ماوەتەوە و ئامێری چاودێریکردنی گلوکۆزی خوێن دەریخستووە.
نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە و پرۆفیسۆری زانکۆی مانچستەر جوریس هۆکس دەڵێت ئەنجامەکانی توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە نابێت خەڵک لەو نووسینگەیەدا بمێننەوە کە ڕووناکییان تێدا نییە و پەنجەرەیان نییە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تیشکی خۆر کاریگەری ئەرێنی لەسەر کاتژمێری بایۆلۆجی لەش هەیە، کە گرنگە بۆ پرۆسەکانی وەک کۆنترۆڵکردنی شەکر.
ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە هەرچەندە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ئەو دوو شتەدا نییە لە ڕووی کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێنەوە، بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە زۆر ئاسانە بۆ خەڵک کە ڕۆتینی ڕۆژانەیان کەمێک بگۆڕن و لە نزیک پەنجەرەکان دانیشن هەتا ڕووناکی سروشتی وەردەگرن، کە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر تەندروستییان دەبێت.