کەشتییەکەی ناسا بە هێنانەوەی نموونەی نەیزەکێک لە بۆشایی ئاسمان، لەسەر زەوی نیشتەوە

ishraq

ئیشراق 

کەشتیی ئاسمانیی ئۆسیریس رێکس کە بۆ هێنانەوەی نموونەیەک لە نەیزەکی بێنوو رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرابوو، ئێوارەی دوێنێ نیشتەوە.
 
میشێل تۆمپسن، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی پوردو لە ویلایەتی ئیندیانای ئەمریکا دەڵێت، "بێنوو لەبەر کۆمەڵە هۆکارێک دەستنیشانکرا، بەڵام من سێ لە هۆکارە لەپێشینەکانی خۆمتان پێدەڵێم. یەکەمیان ئەوەیە کە لە تەنیشتمانە. لە هەسارەی زەوییەوە نزیکە، بۆیە ئێمە دەتوانین بە ئاسانی بگەینە ئەوێ و نموونەکان بهێنینەوە لە کاتێکی دیاریکراودا. دووەمیان ئەوەیە کە نەیزەکێکی دەوڵەمەندە بە کاربۆن، ئەوەش واتا دەوڵەمەندە بە گەردی ئەندامی و ئەو گەردە ئەندامییانە لە سەرەتای دروستبوونی هەسارەی زەوییەوە هەن و ئەوەش دەکرێت زانیاریمان پێبدات کە ئایا ژیان چۆن بووە لەسەر هەسارەکەمان لەو کاتەوەی کە دروستبووە. هۆکاری سێیەمیش ئەوەیە کە لەماوەی نزیکەی 100 ساڵی دیکە پاشماوەی ئەو نەیزەکە زۆر بە نزیکی بە تەنیشت زەویدا تێدەپەڕێت و نزیکتر دەبێت لە مەودای سووڕانەوەی مانگ بە دەوری زەویدا".
 
8ـی ئەیلوولی 2016، لە وێستگەی هێزی بۆشایی ئاسمانی کەیپ کاناڤێراڵ، ئاژانسی ناسا کەشتییەکی ئاسمانیی رەوانەی بۆشایی کرد. لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2018 کەشتییەکە گەیشتە خولگەی نەیزەکەکە. لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2020یش لەسەر نەیزەکەکە نیشتەوە بۆ کۆکردنەوەی نموونەیەک. دوای ئەوە کەشتییەکە لەوێ مایەوە بۆ چاودێریکردنی نەیزەکەکە. لە نیسانی 2021یش کەشتییەکە دەستی بە گەڕانەوە کرد. تەمەنی پاشماوەی نەیزەکەکە بە نزیکەی 4.5 ملیار ساڵ دەخەمڵێنرێت.
 
بڕیارە تەنیا 30٪ـی نموونەی نەیزەکەکە بخرێتەژێر تاقیکردنەوەوە، ئەوەش لە تاقیگەکانی ئەمریکا، کەنەدا و ژاپۆن. 70٪ یشی بۆ نەوەکانی داهاتوو هەڵدەگیرێت بۆ ئەوەی بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووتر لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.

زۆرترین خوێندراو

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP