پلاتفۆرمی X سەدان ئەکاونتی حەماس دوای هەڕەشەی یەکێتی ئەوروپا سڕیەوە

ishraq

ئیشراق 
تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر "X" سەدان هەژماری سەر بە بزوتنەوەی بەرگری ئیسلامی حەماس سڕیەوە، ئەمەش دوای ئەوەی کۆمسیۆنی ئەوروپا هەڕەشەی سەپاندنی سزای لێکرد و داوای لە پلاتفۆرمی X کرد ڕوونکردنەوە بدات سەبارەت بەو زانیاری و وێنانەی کە لەسەر پلاتفۆرمەکە بڵاوبوونەتەوە سەبارەت بە هێرشەکەی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو لەلایەن بەرخۆدانی فەلەستینییەکانەوە دژی ئیسرائیلی داگیرکەر.


لیندا یاکارینۆ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئێکس ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە سەدان هەژماری حەماسی سڕیوەتەوە و هەنگاوی گرتووەتەبەر بۆ لابردنی دەیان هەزار ناوەڕۆک لەوەتای هێرشەکەی سەر ئیسرائیلەوە.

لە نامەیەکدا بۆ کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا تیێری برێتۆن لەسەر پلاتفۆرمی X، یاکارینۆ وتی " ئێمە بەردەوام دەبین لە وەڵامدانەوەی خێرا بۆ داواکارییەکانی جێبەجێکردنی یاسا هەموو وڵاتانی جیهان، بە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپاشەوە."

ئەم ڕێوشوێنانەی کە یاکارینۆ ڕایگەیاند دوای ئەوە دێت کە کۆمسیۆنی ئەوروپا هەڕەشەی لە تۆڕی ئێکس کرد و هەڕەشەی سەپاندنی سزای لەسەر کرد و داوای لە ملیاردێری ئەمەریکی ئیلۆن ماسک کرد لە ماوەی 24 کاتژمێردا ڕوونکردنەوە بدات سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییانەی کە بە " هەڵە " و وێنەی توندوتیژی پەیوەست بە ناکۆکییەکانی نێوان بەرخۆدانی فەڵەستین و داگیرکاری ئیسرائیلەوە وەسفیان کرد.

تیێری بریتۆن، کۆمیسیاری دیجیتاڵی لە نامەیەکدا بۆ پلاتفۆرمەکە وتی"دوای هێرشە تیرۆریستییەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ئێمە زانیاریمان هەیە کە پلاتفۆرمەکەتان بەکاردەهێنرێت بۆ بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی نایاسایی و هەڵخەڵەتێنەر لەناو یەکێتی ئەوروپادا"

کۆمسیۆنی ئەوروپا لە نامەکەیدا وتی"ئێمە لە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە ڕاپۆرتێکمان پێگەیشتووە دەربارەی ئەو ناوەڕۆکە نایاساییانەی کە لەسەر پلاتفۆرمەکەتان بڵاوکراونەتەوە سەرەڕای ئاگادارکردنەوەکانی دەسەڵاتدارانی لێهاتوو" 
کاتێک ڕاپۆرتی ناوەڕۆکی نایاسایی لە یەکێتی ئەوروپا وەردەگریت، پێویستە بە خێرایی و بە جددی و بابەتییەوە هەڵسوکەوت بکەیت و ناوەڕۆکەکە بکشێیتەوە کاتێک ڕەوا دەبێت."

چەند کاتژمێرێک دواتر، ماسک لە هەژماری خۆی لە تویتەر وەڵامی دایەوە و گوتی پلاتفۆرمەکەی بەردەوام دەبێت لەسەر سیاسەتێک لەسەر بنەمای کراوەیی و شەفافیەت و جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی لەو ڕێگایە دەکات.

زۆرترین خوێندراو

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP