03/10/2023
ئاسایش 155 جار بینراوە
ئاسایشی نیشتمانی 24 کەس بە تۆمەتی بانگەشکردن بۆ حیزبی بەعس دەستگیردەکات
ئیشراق
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، لە هەڵمەتێکی تیمەکانی ئاسایشی نیشتمانی، بە پشتبەستن بە زانیاری هەواڵگری و هەماهەنگی هاوڵاتیان توانرا، 13 کەس لە پارێزگای کەرکوک بە تۆمەتی پەیوەندی و بڵاوکردنەوەی چالاکی حزبی بەعس دەستگیرکران، لە پارێزگاکانی دیکەش 11 کەسی دیکە بە هەمان تۆمەت دەستگیرکران.
دەزگای ئاسیاشی نیشتمانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای گەیشتن بە زانیاری هەواڵگری ورد، لەبارەی بونی چالاکی بانگەشە بۆ حزبی بەعس لە چەند ناوچەیەکی عێراق، تیمەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی هەڵمەتێکیان بۆ بەدواداچونی پرسەکە و دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکانی پشت ئەو کردەوەیە ئەنجامدا.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەڵمەتەکە لە پارێزگای کەرکوک دەستیپێکرد، لە رێگەی هەواڵگری و هەماهەنگی هاوڵاتیان. 13 کەس بە تۆمەتی پەیوەندی و چالاکی بانگەشەی حزبی بەعش یەک لە دوای یەک دەستگیرکران.
ئەوەشخراوەتەڕو، هەڵمەتی تیمەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە پارێزگاکانی ئەنبار، بەغداد، کەربەلا و نەینەواش ئەنجامدران، دوای هەوڵە دیدەوانییەکان توانرا 11 کەسی دیکە لە ماوەی چەند کاتژمیرێکدا بە تۆمەتی پشتگیریکردن لە رژێمی پێشو و بڵاوکردنەوەی چالاکی قەدەغەکراو لە شوێنە گشتییەکان دەستگیرکران.
تۆمەتبارەکان رەوانەی لایەنی دادوەری کراون
باس لەوەشکراوە، سەرجەم ئەو کەسانەی دەستگیرکراون لە دادگاوە بڕیاریان بۆ دەرچوە، ئەویش بەپێی ماددەکانی قەدەغەکردنی حزبی بەعسی ژمارە 32ی ساڵی 2016، لە ئێستاشدا تۆمەتبارەکان رەوانەی لایەنی دادوەری کراون تاوەکو رێکاریی یاساییان بەرامبەر بگیرێتە بەر.