ئەپڵ گەرمبوونی ئایفۆن 15 دەگەڕێنێتەوە بۆ هەبوونی کێشە لە نەرمەواڵەدا

ishraq

ئیشراق 
کۆمپانیای ئەپڵی ئەمریکی دەڵێت، هۆکاری گەرمبوونی لەڕادەبەری ئایفۆن 15 کە بەمدواییانە خراوەتە بازاڕەکانەوە، بریتییە لە هەبوونی کێشە لە نەرمەواڵەی هەندێ ئەپی وەک ئوبەر و ئینستاگرام. 

 
ئەپڵ رۆژی شەممە گوتی، کار لەسەر نوێکردنەوەی سیستمی کارپێکردنی iOS17 دەکات بۆ رێگریی لە گەرمبوونی مۆبایلی ئایفۆن. بە گوتەی ئەپڵ، بەشێک لە ئەپەکان بە جۆرێک کاردەکەن کە "گوشارێکی گەورە دەخەنە سەر سیستمەکە."
 
ئینستاگرام، کە لەلایەن کۆمپانیای مێتاوە خاوەندارێتی دەکرێت، هەفتەی رابردوو دەستکاریی ئەپەکەی کرد بۆ ئەوەی نەبێتە هۆکاری گەرمبوونی ئایفۆن. 
 
ئوبەر و ژمارەیەک ئەپی دیکەش سەرقاڵی دەستکارین بۆ ئەوەی سیستمەکانیان لەگەڵ ئایفۆن 15 رابێنن و رێگری لە گەرمبوونی بکەن. ئەپڵ بە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی گوتووە: "ئێمە ژمارەیەک هۆکارمان دۆزیونەتەوە کە دەکرێت ببنە هۆی گەرمبوونی ئایفۆن بە رێژەیەکی بەرزتر لەوەی کە چاوەڕواندەکرێت."
 
ئەپڵ رەتیدەکاتەوە هۆکاری گەرمبوونەکە داپۆشەری تیتانیۆم بێت، کە لە ئایفۆنەکانی پڕۆ و پڕۆ ماکسی زنجیرەی پازدەدا بەکارهێنراوە. 
 
کۆمپانیاکە ئەو گومانانەش بەدووردەخاتەوە کە هۆکاری گەرمییە لەڕادەبەردەکە بەکارهێنانی دەرچەی بارگاویکردنەوەی تایپ سی بێت، کە لەم زنجیرە ئایفۆنە نوێیەدا بۆ یەکەمین جار بەکارهات.

زۆرترین خوێندراو

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP